riklam

ستران عەبدوڵا: جەماوەر دەزانێت لەو دیو دێگەڵە چەند شتی گوماناوی دەکرێت

کوردستان 10:14 PM - 2022-12-06
ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵڵا

ستران عەبدوڵلا لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی لە سەکۆی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە ئاماژە بەوە دەکات، "باوی ئەو خەیاڵپڵاوییە نەماوە كە باسی تاقم و دەستە لەناو یەكێتی بكرێت، یەكێتی ئێستا یەك دەستە و یەك ئاراستەیە، بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەرکردنی تەنگژەی سیاسیی کوردستان و چاککردنی گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک و نەهێشتنی جیاکاری نێوان شارەکان"،

 

سەرۆکی حکومەت گۆڕانكاری وەزاری لە پشكی یەكێتی پەك دەخات

 

دەشڵێت: ئێمە  هیوامانە پارتی دوای كۆنگرەی چواردەیەم بەشی ئەوە ئاراستەكانی یەكخستبێت كە دەرفەتی هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەی تیابێت لەگەڵ لایەنەكان، وەکو خۆشیان هەستیان پێکردووە، ئێمە پێمان ناخۆشە برادەرانی پارتی وا تەنگەتاو بوون كە بەراورد لەنێوان دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی حكومەت بكەن لە كابینەی نۆ و كابینەكانی پێشتردا، لە کاتێکدا کە سەرۆكایەتی حكومەت ئەوسا و ئێستاش هەر لە حزبەكەی ئەوان بوو، ئێمە ئەم بەراوردە هەستیارە ناكەین و کارمان پێی نییە، بەڵام دەزانین سەرۆكی حكومەتی ئێستا سیاسەتە هەژموون و فراوانخوازییەکەی وا پەرەی سەندووە هیچ مانایەكی بۆ هاوبەشێتی و بەشداری كارای حكومڕانی بۆ لایەنەکان نەهێشتۆتەوە بە جۆرێک تەنانەت گۆڕانكاری وەزاری لە پشكی یەكێتیش پەك دەخات".

 

ستران عەبدوڵڵا دەشڵێت: "جێگری سەرۆکی حکومەت هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی کێشەی سەلاحیاتی لا ئەوەلەویەت نییە، ئەگەرچی حکومەتی ئیئتلافی کارا دەبێ دەستی بەشداری لە کۆشش و خزمەتکردن بۆ هاوبەشەکەی واڵابکات ، راستێکەی خەم و ئەولەویەتی جێگری سەرۆکی حکومەت عەدالەت و چوون یەکی خزمەتە لەسەرتاسەری کوردستان بە سلێمانی و گەرمیانیشەوە".

 

هەوڵی یەکێتی بۆ ئەوەیە سامانی غاز بەدەردی دۆسیەی نەوت نەبرێت

 

لێپرسراوی راگەیاندنی یەکێتی پێچەوانەی خیتابی چەواشەکاری هەندێک لە لێپرسراوانی پارتی پێشی وایە: "هەموو هەوڵی ئەمرۆی یەكێتی بۆ ئەوەیە سامانی غاز بە دەردی دۆسیەی نەوت نەبرێت ، نەك پشك و پشككاری. چونکە بەداخەوە  قسەی ئەو لێپرسراوانە لەسەر كەیسی نەوت و غاز وەك قسەیانە لەسەر كەیسی ئەمنی و گوایە یاشا سەروەری ، هەردووكیان جێی باوەڕی نەك جەماوەر ، بەڵكو جێی باوەڕی كادیرانی پارتیش نین، چونكە هەموو لایەك دەزانن ئەوە یەكێتی بوو بۆ نیازباشی لە حكومەت بە گۆڕانكاری لە ئەنجومەنی باڵای ئابووری رازی بوو، بەداخەوە پارتی لە كەیسی ئەمنی لە خۆی بەشكە، بۆیە ئەم بابەتەی لێ بۆتە فۆبیا و سیناریۆ بۆلیۆدییەکەی پێ پەردەپۆش ناكرێت. ئەگەرنا هەموو جەماوەر دەزانێت لەودیو دێگەڵە چەند شتی گوماناوی دەكرێت، لەوێ لادەرەكانی یاسا و سیاسەت هێز و فەوجیان بۆ دەكرێتەوە".

 

"لای یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان سلێمانی و هەولێر و دهۆك و گەرمیان جوگرافیای یەك نیشتمانن،  پێمان خۆشە پارتیش بەو ئاراستە كوردستانییە بیر لە سلێمانی و گەرمیان بكاتەوە و گەمارۆی سەریان هەڵبگرێت ، دەست لە فەرق و جیاوازی نێوان دەڤەرەکان هەڵبگرێت کە دیفاکتۆی دوو زۆنی قوڵ دەکاتەوە"، ستران عەبدوڵڵا وایوت.

 

سلێمانی شۆخی بە نەغمەی پەرۆشی پارتی دێت بۆ دۆخی شارەکە

 

ستران عەبدوڵلا  ئاماژەی بەوەشدا: "سلێمانی هەمیشە پایتەختی جولانەوەی سیاسیی کوردستان بووە و ئێستاش هەروا بە روانینێکی فراوان و کراوەوە  ئەم گیانە دیموکراسییەی خۆی دەپارێزێت و شۆخی بە نەغمەی پەرۆشی پارتی دێت بۆ دۆخی شارەکە، بە پێچەوانەوە سلێمانی و تەواوی کوردستان کێشەیان لەگەڵ ئەم شێوە حوکمڕانییە بێ باکەی تیمی سەرۆکی حکومەت هەیە و لێی نارازییە، یەکێتی هیچ کێشەیەکی حزبی بەرتەسکی لەگەڵ پارتی نییە، یەکێتی کێشەی خەڵکی کوردستانی هەیە لەگەڵ ئەم تەرزە حوکمڕانییەی پارتی".

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket