riklam

پەرلەمانتارێکی یەکێتی بە داتا و بەڵگە تەحەدای هێمن هەورامی دەکات

کوردستان 09:38 PM - 2022-12-06
کاروان گەزنەیی، هێمن هەورامی

کاروان گەزنەیی، هێمن هەورامی

کاروان گەزنەیی ئەندامی لیژنەی وزە و سەرچاوە سروشتیەکان لە پەرلەمانی کوردستان وەڵامی چەواشە کارییەکانی هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەداتەوەو بە شێوەیەکی داتا و زانستی ئامارە هەڵەکانی بۆ راست دەکاتەوە.

 

گەزنەیی دەڵێت: "جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی، لە کەناڵی حزبەکەیەوە چەند داتا و ڕەقەمێکی بڵاوکردووەتەوە، کە پێویستە ڵێرە بە شێوەیەکی ئەکادمی بۆی ڕاستبکرێتەوە و وەڵامی بدرێتەوە!".

یەکەم: باس لەوە دەکەن کە مانگانە (٣٥٦) ملیار دینار بۆ پارێزگای سلێمانی دەنێردرێت؛
- مانگانە لە فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان کە زیاترە لە (١،٢٠٠) یەک ملیار و دوو سەد ملیۆن دۆلار، تەنها (١٨٧) ملیۆن دۆلار دەنێرێتە سلێمانی، کە دەکاتە (٢٨٠) ملیار دینار. واتا مانگانە سلێمانی عجزێکی تەراکومی هەیە کە زیاتر لە (٥٠) ملیار دینار بەهۆی نەناردنی پارە لە حکومەتەوە.

دووەم: باس لەوە دەکەن کە لە کابینەی (٩)، بڕی (١٦) ترلیۆن دینار لە کۆی (٤٠) ترلیۆن دینار بۆ سلێمانی خەرجکراوە؛
- لەم پارەیەی باس دەکرێت بۆ پڕۆژەکانی سلێمانی خەرجکرابێت، یەک دیناریش خەرج نەکراوە. سەرۆکی حکومەت هەموو جارێک کە بڕیاری پارە خەرجکردنی داوە، لەسەر بودجەی سلێمانی بووە کە هیچ پارەیەک نەبووە، و
پێشتر تەمویلی مووچەی پێکراوە.

- نمونە، هەموو پڕۆژەکانی ئەم پارێزگایە بە هۆی نەبوونی
بودجەوە وەستاون، لە ناویاندا دووسایدی ڕانیە سلێمانی، و کەلار و سەد مەتری و تەواوی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی دیکە، کە نزیکن لە (٢٠٠٠) پڕۆژە.

سێیەم: لە ماوەی ساڵی ڕابردوو، بەو پەڕی تەحەدداوە دەنووسم، کە ئیدارەی سلێمانی زیاتر لە (١) ترلیۆن دیناری داوە بە مووچەی ئەو پارێزگایە لەبەر ئەوەی حکومەت نەیناردووە، و دەبوو ئەم پارەیە بۆ پڕۆژەکان خەرجبکرێت.

چوارەم: باس لە چاکسازییەکانی حکومەت دەکرێت، کام چاکسازی ئەوانەی کە لە دوای چاکسازی داهاتی نەوت بەوتەی خۆیان (١٠٠) ملیۆن دۆلار کەمیکرد؟ یان ئەو چاکسازییە کە لە مووچەکرا، کە پێشتر (٨٥٠) ملیار بوو، و لەگەڵ چاکسازی بوو بە (٩٠٠) ملیار دینار.

پێنجەم:  حکومەت گەمارۆیەکی ناشەریفانەی سلێمانی دەدات، و نە پارە دەنێرێت و نە ڕێگە بە تەواو بوونی پڕۆژەکانی دەدات، لە کاتێکدا زیاتر لە ملیارێک دۆلار داهاتی هەرێمە و ئەم پارانە دیزە بەدەرخۆنە دەکرێن؛ تەنانەت داهاتی حانوتی خوێندنگەکانیش دەچێتەوە بۆ هەولێر، نەک هەر پارە لە هەولێرەوە نایەت.

شەشەم: هەموو کەسێک وا قسەی بکردایە، نەدەبوو جێگری سەرۆکی پەرلەمان بەم شێوەیە قسە بکات چونکە جەنابیان باش دەزانن ئێمە داوای دانیشتنی پەرلەمانمان کردووە لەسەر پرسی سلێمانی و جەنابیان ڕێگرن لێی. هاوکات، دەبوو خۆی لیژنەیەک ڕابسپێرێت، لانیکەم لیژنەی دارایی کە دەسەڵاتی خۆیەتی بە پێڕەو، بۆ ئەوەی ئەو ژمارانەی بۆ ڕاستبکەنەوە و نەکەوێتە ئەم هەڵەیەوە.

لەکۆتایدا دەڵێم، دەبوو لە بری پەلە کردن و هەڵەداوان بۆ فڕێدانی چەند ژمارەیەکی چەواشەکاری، تەئکیدی زانیارییەکانی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجومەنی وەزیران بکردایەتەوە چونکە بەرپرسیارە لە بەردەم دادگای خودا و خەڵکدا بۆ کۆمەڵێک چەواشەکاری و بەشێکە لە نەخشەی برسیکردنی خەڵکی کوردستان!

لێرەشەوە تەحەددای جێگری سەرۆکی پەرلەمان دەکەم، ئەگەر هەر سوورن لەسەر ژمارە ناڕاستەکانییان، هەر کەناڵێک خۆیان ئیختیاری دەکەن بۆ هەر کاتێک با دیبەیتێک ساز بکەین لەسەر کۆی ئەم پرسانە و دوای بینینی بەڵگەکانیش با خەڵکی کوردستان بڕیار بدات.

گەزنەیی ئەوەش دەڵێت:" قسەکانی زۆری ماوە و هەمووی بە بەڵگەوە وەڵام دەدەمەوە؛ ئەگەر تەحەدداکەشم قوبوڵکرا، دەیبەینە دیبەیتەکە…"

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket