riklam

یه‌كێتی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی له‌عیراق ده‌وێت

کوردستان 11:43 AM - 2022-12-06
 یه‌كێتی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی له‌عیراق ده‌وێت

یه‌كێتی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی له‌عیراق ده‌وێت

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌وڵه‌كانی بۆ پته‌وكردنی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ و رێگریكردن له‌ تاكڕه‌وی عیراقیش چڕكردۆته‌وه‌، پرسی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ له‌روانگه‌ی یه‌كێتی دا ته‌نها خۆی له‌به‌شداریكردن له‌حكومه‌ت و دابه‌شكردنی پۆستدا نابینێته‌وه‌ به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ پرسی بڕیاره‌ چاره‌نوسسازه‌كان و رۆڵبینین له‌ نه‌خشه‌ی سیاسی و حوكمڕانی وڵاته‌وه‌ هه‌یه‌.

یه‌كێتی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ په‌سه‌ند ده‌كات

 

رابیحه‌ حه‌مه‌د ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌لێدوانی بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA  ده‌ڵێت: "یه‌كێتی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ پره‌نسیپی هاوبه‌شی و ته‌وافوقی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا بووه‌، كاتێكیش هه‌ندێك لایه‌ن به‌ئاڕاسته‌ی هاوپه‌یمانی سێ قۆڵی هه‌نگاویاننا و هه‌وڵیاندا حكومه‌تی زۆرینه‌ پێكبهێنن و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ په‌راوێز بخه‌ن، یه‌كێتی تواناكانی خسته‌گه‌ڕ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و به‌شداریپێكردنیان له‌پێكهێنانی حكومه‌تدا كه‌دواتر ئه‌م هه‌وڵه‌ سه‌ركه‌وت و ماڵی مام جه‌لال بووه‌ وێستگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌كان و پێكهێنانی حكومه‌ت".

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ی لایه‌نه‌كانی له‌حكومه‌تی نوێی عیراق له‌پێناو خزمه‌تی هاووڵاتیان عیراق لا په‌سه‌نده‌و پشتیوانی لێ ده‌كات.

"یه‌كێتی هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ به‌هێزكردنی چه‌مكی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ و پێشكه‌وتنی كاری حكومه‌ته‌ له‌پێناو خزمه‌تكردنی هاووڵاتیاندا، یه‌كێتی ته‌نها بۆ وه‌رگرتنی چه‌ند پۆستێكی حكومی كاری نه‌كردووه‌، خه‌می گه‌وره‌ی یه‌كێتی خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان و ده‌سته‌به‌ركردنی پێداویستییه‌كانیانه‌ به‌تایبه‌ت هاووڵاتیانی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانه‌ كه‌ كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌ی مادده‌ی 140 سه‌ره‌تای ئه‌و به‌ده‌مه‌وه‌هاتنه‌بوو" رابیحه‌ حه‌مه‌د وایوت.

هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ رۆڵی حكومه‌ت كاراتر ده‌كات

عائید هیلالی ئه‌ندامی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "بۆ پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزاری و  كاراكردنی ئاستی حكومه‌ت، پێویسته‌ هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ په‌یڕه‌و بكرێت، به‌و واتایه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌رۆحیه‌تی یه‌ك تیم كاربكه‌ن بۆ پێشكه‌شكردنی زۆرترین خزمه‌ت".

 

"هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ واتای به‌جێهێشتنی ناكۆكییه‌كانی رابردوو و كێشه‌چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كان و دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای متمانه‌ و شه‌فافیه‌ت، پێویسته‌ سیاسییه‌كان هه‌ست به‌گرنگی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ بكه‌ن له‌پێناو ئه‌نجامدانی باشترین خزمه‌ت به‌ خه‌ڵك" هیلالی وایوت.

ئه‌ندامه‌كه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "هاوبه‌شی به‌ته‌نیا واتای دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ت و پۆست نیه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رپرسیارێتی نیشتمانی به‌شدارییه‌كی كارا و راسته‌قینه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا بكه‌ن دوور له‌ ره‌هه‌ندی حزبی و ناوچه‌گه‌ری".

هیلالی هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "ده‌بێت لایه‌ن سیاسییه‌كان رۆڵی خۆیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیی وه‌ك هاوبه‌شی سه‌ره‌كی له‌بڕیاردان و پێكهێنانی نه‌خشه‌ی سیاسه‌تی كاری نێوده‌وڵه‌تیش بسه‌لمێنن".

هاوبه‌شیی، متمانه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان پته‌وتر ده‌كات

زۆرینه‌و كه‌مینه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی عیراق شكستی هێناوه‌و پێویسته‌ له‌پرسه‌ نیشتمانییه‌كاندا هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌شداربن.

عه‌لی به‌یده‌ر شرۆڤكاری سیاسی به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "بۆ بارودۆخی عیراق هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ باشترین بژارده‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پره‌نسیپی كوتله‌ی زۆرینه‌ له‌به‌ڕێوه‌بردنی عیراق شكستی هێنا، پێویسته‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌رێگه‌ی هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ و كاری پێكه‌وه‌یی پشتگیری كاره‌كانی حكومه‌ت و خزمه‌تی هاوڵاتیان بكه‌ن".

"هاوبه‌شی راسته‌قینه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌ جومگه‌كانی ده‌وڵه‌ت و دابه‌شكردنی پۆسته‌كان له‌نێوان پێكهاته‌كان به‌پێی پشكی خۆیان ده‌سه‌به‌ر ده‌بێت، بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ دروستكردنی بڕیاردا هه‌موان به‌شداریان پێبكرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاره‌كرا و هه‌موان له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا رۆڵی خۆیان بینی و به‌شداریان پێكرا بێگومان ده‌كرێت خزمه‌تی باشتر له‌وه‌ی ئێستا پێشكه‌شی هاووڵاتیان بكرێت" عه‌لی به‌یده‌ر وایوت.

حكومه‌تی نوێی عیراق له‌سه‌ر رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان بۆ خزمه‌تی هاووڵاتیان پێكهێنراوه‌و لایه‌نه‌كان گه‌شبینن به‌ هه‌نگاوه‌كانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی له‌سه‌ر پێكهێنراوه‌.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket