riklam

یەكێتی پشتیوانی هەڵبژاردنی بێگەردی پارێزگاكان دەكات

عیراق 12:25 PM - 2022-12-04
 یەكێتی پشتیوانی هەڵبژاردنی بێگەردی پارێزگاكان دەكات

یەكێتی پشتیوانی هەڵبژاردنی بێگەردی پارێزگاكان دەكات

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكاندایەو پشتیوانی دەكات، پێیوایە بەهەڵبژاردنێكی بە تایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەتوانرێت سەنگی راستەقینەی پێكهاتەكان دیاریی بكرێت كە كورد زۆرینەیە.

نۆ ساڵە هەڵبژاردنی پارێزگاكانی عیراق نەكراوە، بۆ دەرخستنی سەنگ و دەنگی راستەقینەی پێكهاتەكانیش لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كارابوونەوەی لیژنەی ماددەی 140 پێش هەڵبژاردن بە گرنگ دەزانرێت، بۆ ئەوەش یەكێتیی لەكارنامەی كابینەی سودانیدا داوای ئاساییكردنەوەی جێناكۆكەكان و ئەكتیڤكردنەوەی لیژنەی ماددەی 140ی كردوە و بڕیارە بەم زوانە كارەكانی دەستپێبكاتەوە و لە پرۆژەیاسای بودجەی حكومەتیشدا، بودجەی بۆ دانراوە.

 

یەكێتی كورسی زیاتر بەدەستدەهێنێت

مەلا كەریم شكور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگەیاند: "هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە  ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گرنگە، چونكە ئەو ئەنجومەنە رۆڵی گرنگی لە هەڵبژاردن و چاودێریكردنی پارێزگارەكاندا هەیە، لە ئێستادا بەهۆی نەمانی ئەنجومەنی پارێزگا لەو ناوچانە كورد نوێنەری نییە و پارێزگارەكان بەئارەزووی خۆیان هەڵسوكەوت دەكەن".
 

"پارێزگاری كەركوك پشكی كوردەو وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتگیری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەكەین بۆ ئەوەی پارێزگاری كەركوك بگەڕێنرێتەوە بۆ كورد، بێگومان یەكێتی لەو هەڵبژاردنەدا دەتوانێت كورسی زیاتر بەدەستبهێنێت و خزمەتی زیاتری دانیشتووانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بكات" مەلا كەریم شكور وادەڵێت.

لای یەكێتی ئەو ناوچانە جێی بایەخن

لەكۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتیەكەی عیراقدا جەختكرایەوە لەسەر پێویستی سوربوون لەسەر سازكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی داهاتوودا، وەك ئەوەی لە بەرنامەی كاری حكومەتدا جەختی لەسەر كراوەتەوە.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەشڵێت: "لە كارنامەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقدا مانگی 10ی ساڵی داهاتوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دیاریكراوەو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتگیریی تەواوی ئەو بڕیارە دەكات، چونكە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم وەك كەركوك، نەینەوا، دیالە، سەلاحەددین و دەوروبەریان لای یەكێتی جێی بایەخە و دەمانەوێت لەرێی نوێنەرو پارێزگارمان پڕۆژەی خزمەتگوزاری پێشكەشی دانیشتووانی ئەو ناوچانە بكەین و كارئاسانی بۆ ژیانی رۆژانەیان بكەین".

یەكێتی بەشداری ئەنجومەنی پارێزگاكانی لا گرنگە

مەلا كەریم شكور دەڵێت: "بەدڵنیاییەوە یەكێتی لەوناوچانە بەشداریی حكومەتی خۆجێی دەكات و بەشداریكردن لە ئەنجومەنی پارێزگای هەندێك پارێزگامان لە ئەنجومەنی نوێنەران بەلاوە گرنگترە".

پێش هەڵبژاردن لیژنەی ماددەی 140 كارا بكرێتەوە

ئەگەرچی هیچ رۆژێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق دیاریی نەكراوەو لەكۆبوونەوەی سێ سەرۆكایەتییەكی عیراق تەنها ئاماژە بۆ ئەوەكراوە لەساڵی داهاتوودا هەڵبژاردن بكرێت، كە دەبوو لەساڵی 2018 ئەنجامبدرایە، بەڵام رەوشی سیاسی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ئەنجومەنی پارێزگاكانی دیكەی عیراق، بە هۆكاری بەڕێوەنەچوونی ئەو هەڵبژاردنە لەعیراق دەزانرێن.

ناسر ئەحمەد بڕیاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێویستە بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم لەروویی ئەمنی و تەعریبەوە ئاسایی بكرێتەوە.

" كاراكردنەوەی لیژنەی ماددەی 140 رۆڵێكی گرنگ دەبینێت بەرەوپێشچوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكان و سەنگی پێكهاتەكان لەناوچە كوردستانییەكان"، ناسر ئەحمەد وا دەڵێت.

تەعریب راگیرێت پاشان هەڵبژاردن بكرێت

بڕیاردەری لیژنەی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەڵێت:" لەئێستا بەهۆی جێبەجێ كردنی سیاسەتی تەعریب و نائارامی بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان، ژمارەیەكی زۆر كورد لەدەرەوەی ئەو ناوچانەن و ئەمەش وادەكات كوردو تەنانەت پێكهاتەكانی دیكەش نەتوانن سەنگی خۆیان لەهەڵبژاردنەكەدا بزانن".

ناسر ئەحمەد دەڵێت:" بەهۆی ئەو بارودۆخەی لەعیراق بەگشتی و هەرێم بەتایبەتی هەیە، خەڵك زۆر متمانەی بەهەڵبژاردن نەماوەو پێویستە جارێكی دیكە ئەو متمانەیە دروستببێتەوە، تا پێكهاتەكان لەهەموو عیراق دەنگ و سەنگی خۆیان دیاریی بكەن".


نەبوون و بەسەرچوونی بەشێك لە ئەنجومەنی پارێزگاكانی عیراق بەتایبەت  كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، یەكێكی دیكەیە لەو هۆكارانەی كە داوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان بكرێت و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش پشتیوانی خۆی بۆ ئەو بڕیارە دەردەبڕێت.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket