riklam

سەرۆک بافڵ: ئەرکی حکومەت خزمەتکردنە، ئەوە نەکات چ سوودێکی هەیە

کوردستان 08:56 PM - 2022-12-02
سەرۆک بافڵ

سەرۆک بافڵ

چاوپێکەوتنی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ پێگەی (Iraq Oil Report)
بەشی یەکەم
بەغدا

زۆر كەمن ئەو كەسانەی هاوشێوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە جێی بایەخ بن بۆ پەرەپێدانی سێكتەری گازی هەرێمی كوردستان، لە كاتێكدا كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی باڵا دەستە ئەو پارێزگایەی كە زۆربەی كێڵگەكانی گازی لێیە.

تاڵەبانی كارەكتەرێكی سەنتەرییە  لەو ململانێیەی لە نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستاندا  هەیە كە دوو پارتی ركابەری یەكن و لە رووكەشدا هاوپەیمانی یەكترن لە بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستاندا.
ناكۆكییەكانی نێوانیان ئاستەنگی بۆ حكومەتی هەرێم دروستكردووە، لە كاتێكدا ناكۆكیی تر لەگەڵ بەغداد سەری هەڵداوە و ئەوەش توانای بەردەوامبوون لە ئیدارەدانی كەرتی نەوت و گاز بە شێوەیەكی سەربەخۆ دەخاتە مەترسییەوە.
لە میانی چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ پێگەی (ئۆیڵ ریپۆرت) لە شوێنی نیشتەجێبوونی باوكی، جەلال تاڵەبانی،  سەرۆكی پێشووی عێراق، لە بەغدا، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رەخنەی ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كە رێگری دەكات لە ناردنی بەشە بودجەی سلێمانی.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکیتی رایگەیاند: "لە ئێستادا هەرێمی كوردستان زۆر بە سیاسی كراوە، و دوو ئیدارەیی بۆتە دیفاكتۆ، لەبەرئەوەی سلێمانی دەبێت خۆی تەمویلی خەرجییەكانی خۆی دەكات. ئەو دژایەتیكردنەش كاریگەریی نەرێنیی لەسەر پلانی تایبەت بە بنیادنانی بۆریەكی نوێی گواستنەوەی گاز هەبووە كە پێویستە بۆ زیادكردنی بڕی سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەدوو زۆنی ژێر دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی، هاوكات ئەو تۆڕە  نوێیە پێویستیشە بۆ گواستنەوەی گاز بۆ توركیا لە ئایندەدا".

 

کۆمپانیای کار بێ تەندەر پرۆژە وەردەگرێت

 

سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوەدا: "دوای ئەوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستی راكێشانی ئەو تۆڕەی بە كۆمپانیای كار رەوا بینی، كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نزیكە، هێزە ئەمنیەكانی ژێر دەسەڵاتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رێگرییان لەو كۆمپانیایە كرد و بە كردەوە پرَۆژەكەیان پەكخست، بافڵ جەلال تاڵەبانی دانی بەوەدا نا كە ئەو خۆی دژی ئەو پڕۆژەیە بووە، و باسی لەوەشكرد كە كۆمپانیاكە بەبێ‌ تەندەرین ئەو گرێبەستەی پێ‌ رەوا بینراوە، وتیشی لە راستیدا گروپی كۆمپانیاكانی كار ئەو گرێبەستەی پێ‌ بەخشراوە، ئەوەش سوكایەتیكردنە بە خەڵكی هەرێمی كوردستان و عیراقیش".

بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت: "كە ئەو خوازیارە بەشدار بێت لە بڕیارە ستراتیژییەكاندا سەبارەت بە كەرتی وزە، بەڵام پارتی هاوتا سیاسییەكانی خۆی لەو پرۆسەیە بێ‌ بەری كردووە، هەربۆیە نەبوونی شەراكەتی راستەقینە لە هەولێر، دەرفەتی هاوكاریكردن لەگەڵ بەغدا زیاتر دەكات".

حەز بە کارکردن لەگەڵ بەغدا ناکەن

"من لەوە تێناگەم بۆچی حەز بە كاركردن لەگەڵ بەغدا ناكەن. بەسرە 100 ئەوەندەی هەمووكوردستان دەوڵەمەندترە،. بە تەنها بەسرە. ئەگەر سەرۆك وەزیران بێت بۆ لام و بڵێ‌ ئای بافڵ ئەم قۆریە بچوكەی خۆت بخەرە سەر ئەم مێزە، و دوای ئەوە دەتوانیت ببیت بە بەشێك لەم مێزە گەورەیە، بە بەسرەشەوە، ئەوە بۆمن دەستكەوتێكی گەورەیە"، سەرۆکی یەکێتی وادەڵێت.

لیزی پۆرتەر پەیامنێری پێگەی (Iraq Oil Report) لەو دیمانەیەدا سەرەتا پرسیاری ئەوەی لە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی كرد پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چۆن گەیشتە ئەم قۆناغە؟


لە وەڵامدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد: "كە  ئێمە ئەجێندای جیاوازمان هەیە، تێڕوانینمان جیاوازە، ئایدۆلۆژیامان جیاوازە. واقیعەكە ئەوەیە كە لایەنی یەكێتی بەڕاستی لەگەڵ پارتی هەوڵیداوە. تەنها لە ساڵی ڕابردوودا، چەند جارێك مەكتەبی سیاسیی خۆمم ناردووە بۆ كۆبونەوە لەگەڵ مەكتەبی سیاسیی پارتی، سەبارەت بە خۆشم، من لە ساڵی ڕابردوودا  15 تا 16جار چوومەتە لای كاك مەسعود. چوومەتە لای كاك نێچیرڤان، بە هەمان شێوە كاك مەسرورم بینیوە".

ئەم حکومەتە زۆر بە سیاسی کراوە

"حكومەتەكەی مەسرور بارزانی زۆر جیاوازە لەو حكومەتانەی تر. ئەم حكومەتە زۆر بە سیاسی كراوە. ئەمەش كاریگەرییەكی باشی نەبووە. ئێمە تائێستا پۆستەكانمان لە حكومەتدا وەرنەگرتووە، ئەو پۆستانەی كە بڕیار بوو لە سەرەتای پێكهێنانی حكومەتدا پڕیان بكەینەوە. دەتەوێت بەڕێوەبەری گشتی بگۆڕیت، ناتوانی. دەتەوێت بریكاری وەزیرێك بگۆڕیت، ناتوانیت. وەزیرێك دەیەوێت دەست لەكار بكێشێتەوە، دوچاری ئاستەنگ دەبیت"، بافڵ جەلال تاڵەبانی وادەڵێت.

دوو ئیدارەیی بوونی هەیە

 

سەرۆکی یەکێتی دەڵێت: "جیاوازییەكی گەورە هەیە لە نێوان ئەوەی لە هەولێر ڕوودەدات، لەگەڵ ئەوەی لە سلێمانی دەگوزەرێت. هەموو پڕۆژەكانی سلێمانی وەستاون. ئەو بڕە پارەیەی كە دێتە هەرێم، دەرمان بۆ نەخۆشخانەكان، مووچەی خوێندكار، مووچەی فەرمانبەران، خزمەتگوزاریەكانی پێشمەرگە، خواردنی پێشمەرگە.
كەواتە، لە ڕاستیدا، ئەوە دوو ئیدارەییەكی دیفاكتۆیە، دەبێت سلێمانی پارە بۆ سلێمانی دابین بكات. ناوچەكانی تریش  بە هەمان شێوە".

 

هەندێک کەس لە حکومەتدا هەن کە ناهێڵن لە سنووری سلێمانییەوە بازرگانی بکرێت

"ئێمە سنوورێكمان لەگەڵ ئێران هەیە. یەك دوو خاڵمان هەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا یەك سنوورە لەگەڵ ئێران. هەندێك كەسی بێویژدان لە حكومەتدا هەن كە مۆڵەت نادەن  خەڵكی لەم سنوورانەوە بازرگانی بكەن. پاشان دێت و دەڵێت ئەگەر دەتەوێت بازرگانی بكەیت، دەتوانیت لە حاجی ئۆمەرانەوە بێیت. كەواتە ئەم سنوورە گورزی گەورەی پێكەوتووە. ئەگەر واش نەبێت هێشتا ناتوانین كێبڕكێ‌ لەگەڵ  گەورەترین سنووری عێراق بكەین كە سنووری توركیایە. ئەو  سنوورە بۆ توركیا بۆ هەموو عێراقیشە. جگە لەوەی سنووری ئێرانیشیان هەیە. پاشان ئەو سنوورە نهێنییەی هیچ كەسێك پەی پێنابات، سنوری سوریا  كە كەس نازانێت چی لەوێوە دێت، چی لەوێوە دەڕوات. ئێمە دەزانین چی لەوێوە دێت و لەوێوە دەڕوات، بەڵام هیچ كام لەمانە نایەنە خەزێنەی حكومەتەوە. جگە لەوە كێڵگەی نەوتی عەین زالە كە هیچ كەسێك نازانێت داهاتەكەی بۆكوێ‌ دەچێت. سەبارەت بە بابەتی باجیش  پێموایە 30 هەزار یان 31 هەزار كۆمپانیا هەیە كە یاسای باج دەیانگرێتەوە، لەوانە، پێموایە 7 هەزاریان لە دەڤەری سلێمانین. لەو ژمارەیەش 4 هەزاریان بێكارن. پڕۆژەكانیان یا وەستاون یان ئیفلاسیان كردووە. ئەمە پێویستی بە بلیمەتێكی بواری دارایی نییە ، ماتماتیكێكی قۆناغی سەرەتاییە"، بافڵ جەلال تاڵەبانی وادەڵێت.

 

حکومەت هەرگیز بەمشێوەیە نەبووە

ئاماژە بەوەش دەدات: "پێمان وابوو ڕەنگە ئەوە سزای دارایی بێت، چونكە ناكۆكی لەسەر پرسی سەرۆك كۆماری عێراق هەبوو. ئەگەر پۆستێك هەبێت و دوو لایەنی سیاسی جیاواز كاندیدیان بۆ ئەو پۆستە هەبێت، من تێناگەم بۆچی ئەوە ببێتە كێشەیەكی گەورە. پێمان وابوو دوای هەڵبژاردنی سەرۆك، شتەكان باشتر دەبن. پێم وابوو ئەوە بۆتە بەربەستێك و شتێك كە بە شەخسی وەرگیراوە. هیوای ئەوەم دەخواست كە دوای ئەوە، دەرفەتێكی باش هەبێت بۆ ئەوەی شتەكان ئارام ببنەوە. بەڵام بەداخەوە بە هیچ شێوەیەك ئەوە نابینم. حكومەت هەرگیز بەم شێوەیە نەبووە".

 

قوباد تاڵەبانی لە لوتکەی قەیراندا بە گیانی یەک تیم کاریدەکرد

سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند: "لەبیرمە قوباد تاڵەبانی برام - جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەرمەی شەڕی داعشدا،  لە لوتكەی قەیرانی ئابووریدا  بە گیانی یەك تیمی لەو حكومەتەدا كاری دەكرد، بەڵام ئێستا لەوێ بۆ منداڵێكی پێنج ساڵان ئاشكرایە كە ئەم تیمە هەمان ئەو تیمە نییە. ئایا ئەمە رێكەوتە ؟ یا شتێك روویداوە و پاڵنەرێك هەیە؟، بۆچی ئەم هەموو سەربەخۆیانە دەیانەوێت پەرلەمان بەجێبهێڵن، پێم وایە دەبێت بەڕاستی ئەم پرسیارە قورسانە لە خۆمان بكەین. لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە رێكەوتنی ستراتیژی ساڵی 2007 ی نێوان پارتی و یەكێتیش سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد: "پێدەچێت ئەو رێكەوتنە كۆتایی هاتبێت بە گوێرەی لێدوانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان.كاتێك مام جەلال كۆچی دوایی كرد، ئەو ڕێككەوتنە مرد، كە پێدەچێت ئەمە كەمێك سەیر بێت. ئەوە بەو شێوەیە نییە ، بەڵام ئەوە بۆچوونی ئەوانە، دیارە ئەوانیش ئازادن لە بیر و بۆچوونەكانیاندا".


ل.پ: كەواتە وتت دیدارێكی زۆرت لەگەڵ بەرپرسانی جۆراوجۆری حیزبی دێموكراتی كوردستان ئەنجامداوە. ئایا لەگەڵیان گەیشتووی بە هیچ لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش لەسەر دارایی سولی؟

"ئێمە لەڕادەبەدەر هەوڵمان داوە خۆمان بگونجێنین، لەبیرمە، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ كاك مەسرور — لەگەڵ براكەم قسەم كردبوو سەبارەت بە هەندێك ئیمتیاز بۆ ئەوەی پیشانی بدەین كە ئێمە ڕاستگۆین و جدیین. یەك دوو بابەت هەبوون كە پێموایە بەڕاستی بۆ كاك مەسرور گرنگ بوون. ئێمە رەزامەندیمان لەسەردا، تەنها وەك نیشاندانی نیازپاكی، وەك چڵێكی زەیتون. یەكێك لەوانە ئەوە بوو كە دەیویست گۆڕانكاری لە ئەنجومەنی نەوت و گازدا بكات. ئێمە بە تەواوی ڕازی بووین ئەویش دوای سێ ساڵ لە ڤیتۆكردنی. وە شتێكی تر كە نائومێدم دەكات، بەڕاستی نائومێدم دەكات، ئەوەیە كە هەموو شتێك وەستاوە. ئەمە یەكێك بوو لەو پرسانەی كە بەڕاستی هەوڵمدا لەگەڵ كاك مەسعود چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، وتم: "بڕوانە  كاك مەسعود، ئەگەر 20 كێشەمان هەبێت، و  بتوانین دەمودەست دوانیان چارەسەر بكەین، با چارەسەری بكەین، دواتر كار لەسەر كێشەكانی تر بكەین،  بەڵام پارتی بەو شێوەیە بیر ناكاتەوە و پێی وایە ئەگەر هەڵەیەك هەبێت دەبێت كاركردن لەسەر هەموو ئەوانی تریش رابگیرێن"، سەرۆک بافڵ وادەڵێت.


لە وەڵامی پرسیارێكیشدا سەبارەت بە دوو ئیدارەیی، سەرۆك بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد: "من باسم لە چارەسەرێك كردووە، مەرج نییە گوتبێتم دابەشبوونی هەرێم یان دوو ئیدارەیی، مەبەستم ئەوەیە كە سیستەمێكی فیدراڵی بێت، زۆر سیستەمی فیدراڵی هەیە كە دەتوانین كاری لەسەر بكەین. ئێمە باوەڕمان بە یەكڕیزیی كوردستان هەیە، خەباتمان كرد بۆ یەكڕیزیی كوردستان. پێم وایە ئێمە ئەندازیاری یەكگرتوویی كوردستانین. بەڵام ئەركی حكومەت چییە؟ خزمەتكردنی خەڵكە، چاودێریكردنی هاوڵاتیانە، چاودێریكردنی مرۆڤە پیرەكان، خێزانە شەهیدەكان، خوێندكاران، پیاوانی ئاینی، مزگەوتەكانی و هتد ، كەواتە، بۆچی حكومەت ئەوە ناكات؟ حكومەتێكی وا چ سوودێكی هەیە؟.

 

توانیمان پارە بۆ خوێندکاران دابینبکەین

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەوە رادەگەیەنێت: "سەبارەت بە كێشەی خوێندكارانیش توانیمان بڕێك پارە دابین بكەین بۆ چاككردنەوەی بەشەناوخۆییەكانیان و چاككردنەوەی بیناكانیان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان كە ساڵانێكە بە تەواوی لەلایەن حكومەتەوە پشتگوێ خراوە. لانیكەم ئێستا توانیومانە قسە لەگەڵ خوێندكارەكان بكەین و لەگەڵیان ڕێكبكەوین لەسەر ئەوەی لە كوێ خۆپیشاندان بكەن، چۆن خۆپیشاندان بكەن، كەی خۆپیشاندان بكەین و هتد".
لە داهاتوودا PUKMEDIA بەشی دووهەمی چاوپێکەوتنەکە بڵاودەکاتەوە.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket