riklam

یەکێتی کێشەی کارەبا و دەرچووانی جێناکۆکەکان چارەسەر دەکات

کوردستان 03:53 PM - 2022-12-02
لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

هەوڵەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بەردەوامە و دوو پەرلەمانتاری یەکێتیی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، کێشەی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان کە دانیشتوی ناوچە جێناکۆکەکانن لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عیراق و کێشەی کارەبا لە پارێزگای کەرکوک چارەسەردەکەن.

 

د. نەرمین مەعرووف پەرلەمانتاری یەكێتی لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی وت:" لەماوەی رابردوو دوای چەند جارێك دیدار و گفتوگۆكردن لەگەڵ ژمارەیەك لە دەرچووانی بەشە پزیشكی و تەندروستییەكان لە زانكۆ و پەیمانگاكانی ھەرێم بۆ ساڵی خوێندنی 2020 - 2021 كە دانیشتووی ناوچە جێناكۆكەكانن لە پارێزگاكانی كەركوك و دیالەو نەینەوا و سەڵاحەدین، كە بەپێی یاسا مافی دامەزراندنیان ھەیە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵ، بەڵام بەھۆی دواكەوتنی رێكارە كارگێڕییەكانی پەیوەست بە بڕوانامەكانیان لەو مافەیان بێبەشببوون.

"بە مەبەستی داكۆكیكردن لە مافی ئەو دەرچووانە، داوامان لە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرد بڕگەیەكی تایبەت بە مافی دامەزراندنی ئەو دەرچووانە لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی ساڵی 2023 زیاد بكرێت، دوای داواكارییەكەمان دواجار وەزارەتی تەندروستی حكومەتی فیدڕاڵ بڕیاریدا فۆڕمی دامەزراندن بۆ ئەو دەرچووانە بە ئەلەكترۆنی كارا بكات" د. نەرمین مەعرووف وادەڵێت.

 

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: "دامەزراندنی ئەو دەرچووانە لە وەزارەتی تەندروستی عیراق مافی یاسایی خۆیانە و دەبێت وەك هاوپیشەكانیان لە شارەكانی دیكەی عیراق دابمەزرێن، ئێمەش لەرێگەی پەرلەمانەوە هەوڵمانداوە ئەو مافەیان بۆ بگەڕێنینەوە".


سەبارەت بە کێشەی کارەبای پارێزگای کەرکوک، دیلان غەفور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی رەسمی یەکێتی PUKMEDIA ی راگەیاند: "هەوڵەکانی یەکێتی بۆ چارەسەرکردنی کیشەی کارەبا لەکەرکوک بەردەوامە، نوسراومان ئاڕاستەی وەزیری کارەبای حکومەتی فیدراڵ کردووە، رەزامەندیمان وەرگرتوە بۆ ئەو گەڕەکانەی ناوەندی شار کە کێشەی زۆریی لۆدی کارەبایان ھەیەو پێویستیان بە محاویلەی زیاترە، لەسەر داوای ئێمە محاویلەی زیاترو پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت، وەک گەڕەکەکانی؛ کوردستان، پەنجاعەلی، باروتخانەو شۆراو".

"پڕۆسەکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیاری دەستەی بۆچونەکانی لەناو وەزارەتی کارەبای لەسەر دراوەو لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی داھاتوودا پارەی بۆ تەرخان دەکرێت"، دیلان غەفور وایوت.

 

نوێنەرەکەی کەرکوکی یەکێتی دەشڵێت: "ئەوەی تائێستا وەزارەت دەستبەکارنەبووە بۆ چارەسەری کێشەی ئەو گەڕەکانە تەنھا بەھۆی نەبوونی بودجەوە بووە، ھەموولایەک دڵنیادەکەینەوە لەگەڵ گەیشتنی پڕۆژەی بودجە بۆ پەرلەمان ئێمە جەخت لەم پرسە دەکەینەوەو بە پەسەندکردنی بودجە ڕاستەوخۆ کارەکان دەستپێدەکەن".

نوێنەرانی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەهەوڵی بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کارەبا لە پارێزگای کەرکوک و لە حکومەتی فیدراڵ رەزامەندییان وەرگرتوە.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket