riklam

فەهمی بورهان: ماڵی مام توانای كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگه‌ جیاوازه‌كانی عیراقی هه‌یه‌

کوردستان 12:52 PM - 2022-12-02
کۆبوونەوەی باڵای لایەنە سیاسییەکان لە ماڵی مام لە بەغدا

کۆبوونەوەی باڵای لایەنە سیاسییەکان لە ماڵی مام لە بەغدا

لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان لە ماڵی مام لە بەغدا کۆبوونەوە و تێیدا بڕیاردرا کە لیژنه‌ی مادده‌ی 140 کارابکرێتەوە و میكانیزم و بودجه‌شی بۆ ته‌رخان بکرێت.

رۆژی دووشەممە 28-11-2022، له‌ماڵی مام جه‌لال له ‌به‌غدا، لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌یان ئه‌نجامدا و باسی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌ت و ته‌واوكردنی كابینه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی-یان كرد و موژده‌یەکی كۆبوونه‌وه‌کە ئەوەبوو کە لیژنه‌ی مادده‌ی 140 كاراده‌كرێته‌وه‌ و میكانیزم و بودجه‌شی بۆ ته‌رخان ده‌كرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌ كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێدا پێداگربووه ‌و یه‌كێكه‌ له‌ خاڵه‌كانی رێككه‌وتنی سیاسیی.

کۆبوونەوەکەی ماڵی مام یەکیک بوو لە کۆبوونەوە گرنگەکان

فه‌همی بورهان سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "كۆبونه‌وه‌كه‌ی دوێنێی ماڵی مام به‌ میوانداری سه‌رۆكی یه‌كێتی و ئاماده‌بوونی سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عیراق له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان یه‌كێك بوو له‌ كۆبونه‌وه‌ گرنگه‌كان، ئه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ی ده‌رخست كه‌ ماڵی مام جه‌لال ئه‌و شوێنه‌یه‌ كه‌ توانای كۆكردنه‌وه‌ی هه‌موو ده‌نگه‌ جیاوازه‌كانی عیراقی هه‌یه‌و به‌شداری كوردیش به‌ یه‌ك وتار و یه‌ك ئه‌جێندا په‌یامێكی گرنگی تێدابوو".

لیژنەکە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان

"بڕیاری پێكهێنانی لیژنه‌ی مادده‌ی 140 یه‌كێكه‌ له‌ گرنگترین ده‌ستكه‌وته‌كان بۆ خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌م ده‌ستكه‌وته‌ جارێكیتر گڕوتین ده‌داته‌وه‌ به‌جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ی ده‌ستوور،  وه‌كو مادده‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له‌ ده‌ستووردا جێگیركراوه‌"، فه‌همی بورهات ئه‌وه‌شی وت.

له‌ پرۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2023ـی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دا بودجه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 دیاریكراوه‌، كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ كاره‌كانی وه‌كپێویست نه‌بووه‌ و ئاسته‌نگی بۆ دروستكرا.

ئارامییەکی زیاتر دەگەڕێنرێتەوە

فه‌همی بورهان ده‌ڵێت: "هه‌ندێك خه‌ڵك پێیانوابوو كه‌ ئه‌م مادده‌یه‌ بوونی نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ پێمانوایه‌ دروستكردنی لیژنه‌ی ماده‌ی 140 و دابینكردنی بودجه‌ له‌ ساڵی 2023 له‌لایه‌ن محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عیراق ده‌بێته‌ هه‌نگاوێكی گرنگ به‌ ئاڕاسته‌ی جێبه‌جێكردنی بنه‌ما سه‌ره‌كییه‌كانی مادده‌ی 140 كه‌ سه‌ره‌نجام ئارامییه‌كی زیاتر بۆ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌گه‌ڕێنێته‌وه‌".

مادده‌ی 140 گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف بۆ غه‌درلێكراوان

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌ڵێت: "بڕگه‌ و مادده‌كانی 140  فه‌رزكردنی ئیراده‌ی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نییه‌ به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی تردا، به‌ڵكو جێبه‌جێكردنی مادده‌یه‌كی ده‌ستوورییه‌ كه‌ ئه‌م ده‌ستووره‌ هه‌موو گه‌لانی عیراق ده‌نگیان پێداوه‌".
"جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 واته‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف بۆ غه‌درلێكراو و ئه‌وانه‌ی ناهه‌قییان به‌رامبه‌ر كراوه‌ جا ئه‌مه‌ كورده‌، توركمانه‌، برایانی عه‌ره‌بی ره‌سه‌نی ئه‌و ناوچانه‌یه‌، هه‌روه‌ها گه‌ڕانه‌وه‌ی جۆرێكه‌ له‌ ئارامی و ئاسایش بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ تاوه‌كو ئێستاش به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان داعش و تیرۆرستان بوونیان هه‌یه‌". فه‌همی بورهان واده‌ڵێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket