riklam

ماڵی مام ده‌بێته‌وه‌ ناوه‌ندی بڕیاردان

کوردستان 12:24 PM - 2022-11-30

ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌به‌غدا بووه‌ته‌وه‌ ئه‌و چه‌تره‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌سایه‌یدا كۆده‌بنه‌وه‌و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیانی لێوه‌ ده‌كه‌ن.

به‌هه‌وڵ و میوانداری بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان له‌ماڵی مام جه‌لال له‌به‌غدا كۆبونه‌وه‌ی لوتكه‌یان ئه‌نجامداو باسی جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی حكومه‌ت و ته‌واوكردنی كابینه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی-یان كرد.

ماڵی مام و چاره‌سه‌ری پرسه‌ هه‌نوكه‌ییه‌كان

 

فارس فارس په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی عه‌زم له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌لێدوانێكیدا بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان  PUKMEDIA   ده‌ڵێت: "كۆبونه‌وه‌یه‌كی گرنگ له‌نێوان سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت ئه‌نجامدرا به‌مه‌به‌ستی به‌دواداچون بۆ جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ت و لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆ و هه‌نگاونان به‌ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌چوونی كاره‌كانی حكومه‌ت و جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان".

"هه‌ڵبژاردنی ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال بۆ سازكردنی كۆبونه‌وه‌ی سه‌ركرده‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، واتا و گرنگی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ و دانپێدانانێكی روونیشه‌ بۆ ئه‌و رۆڵه‌ كاریگه‌ره‌ی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌رابردوودا بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی سیاسی له‌عیراق ده‌یبینی، كه‌ رۆڵێكی پڕبایه‌خ و رێزلێگیراو بوو له‌لایه‌ن هێزو حزبه‌ سیاسییه‌كانی عیراق" عه‌زم فارس فارس وایوت.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی عیراق ده‌شڵێت: "كۆبونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال دانپێدانانیشه‌ به‌رۆڵ و كاریگه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌په‌رۆشی بۆ رێككه‌وتنی هێزه‌ سیاسییه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان كه‌ جێگه‌ی رێزو ره‌زامه‌ندی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كانه‌". 
 
له‌ماڵی مام ركابه‌رو هاوپه‌یمان كۆبوونه‌وه‌

لایه‌نه‌كان و په‌رله‌مانتاران و چاودێرانی سیاسی به‌ گرنگییه‌وه‌ باس له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ماڵی مام له‌به‌غدا ده‌كه‌ن و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن، ماڵی مام له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا ركابه‌رو هاوپه‌یمانه‌كانی كۆكرده‌وه‌ .

به‌هادین نوری په‌رله‌مانتاری ده‌وڵه‌تی یاسا له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ لێدوانێكی بۆ PUKMEDIA  ده‌ڵێت: "ئه‌م جۆره‌ كۆبونه‌وانه‌ بۆ به‌ڕێوه‌چونی كاروباره‌كانی حكومه‌ت بایه‌خی زۆره‌، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا پێویستی سه‌رخستنی ئه‌ركه‌كانی حكومه‌تی نوێ باسی لێوه‌كراو گفتوگۆ له‌سه‌ر داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی قۆناغی داهاتووی حكومه‌ت كرا به‌تایبه‌ت كه‌هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی پێكهێنه‌ری حكومه‌ته‌كه‌ی سودانییه‌".

 

"گرنگی كۆبونه‌وه‌ی ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌وه‌دابوو كه‌ ركابه‌رو هاوپه‌یمانه‌كانیشی كۆكردبوه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانی به‌رێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا، ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌میشه‌ كۆكه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و سایه‌ی پارێزگاری بووه‌ له‌پرۆسه‌ی سیاسی عیراق و پشتیوانی حكومه‌ت" به‌هادین نوری وایوت.

له‌ماڵی مام-ه‌وه‌ بڕیاره‌كان ده‌درێن

 

ماڵی مام له‌به‌غدا جارێكی دیكه‌ ده‌بێته‌وه‌ شوێنی لێكنـزیكبوونه‌وه‌ی بۆچوونه‌وه‌كان و بڕیاردان.

دكتۆر بڕیار ره‌شید په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ PUKMEDIA  وت: "به‌شداری هێزه‌ سیاسییه‌كانی ناو حكومه‌ت و په‌رله‌مان و هێزه‌ ناكۆكه‌كانی پرۆسه‌ی سیاسی گوزارشته‌ له‌وه‌ی ماڵی سه‌رۆك مام جه‌لال بووه‌ته‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ی ده‌توانێت چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی تێدا بكرێت و دیدو بۆچونه‌ جیاوازه‌كانی تێدا نزیك بكرێته‌وه‌، كۆبونه‌وه‌كه‌ی ماڵی مام جه‌لال گرنگی له‌وه‌دا بوو كه‌به‌شداریكردنه‌كه‌ له‌ئاستی لوتكه‌و كه‌سانی خاوه‌ن بڕیاربوون و توانای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان هه‌یه‌".

 

"سه‌رۆك بافڵ له‌سه‌ر رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌نگاوه‌كانی بۆ كۆكردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ده‌ستپێكردووه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌یه‌ به‌هه‌وڵی سه‌رۆك بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌و ئاسته‌ باڵایه‌دا ئه‌نجامبدرێت و به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ هێزو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پپێكهێنه‌ری په‌رله‌مان و حكومه‌تی نوێی عیراق گفتوگۆ بكه‌ن و بڕیار بده‌ن" دكتۆر بڕیار ره‌شید واده‌ڵێت.

رۆژی 28-11-2022 به‌میوانداری سه‌رۆك بافل جه‌لال تاڵه‌بانی و له‌ماڵی مام له‌به‌غدا كۆبونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه‌چوو، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا كه‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران و محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌ركرده‌ی یه‌كه‌می هاوپه‌یمانێتییه‌كه‌ به‌شداربوون و گفتوگۆ له‌سه‌ر دواین گۆڕانكارییه‌كانی عیراقی و ناوچه‌كه‌و جیهانی كرا.

پرسێكی گرنگی كۆبوونه‌وه‌كه‌ پێشێلكارییه‌كان بوو به‌رامبه‌ر سه‌روه‌ری خاكی عیراق و پێویستی كاركردن بۆ رێگریكردن له‌وه‌ی عیراق ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ وڵاتانی دراوسێ، هه‌روه‌ها بڕیاردرا حكومه‌تی نوێی عیراق پێكهاته‌ی وه‌زاره‌ته‌كانی ته‌واو بكات و وه‌زیرانی ژینگه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ش ده‌ستنیشان بكرێن.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket