riklam

دوكان و دەباشان و ماڵی مام، هەواری دێرین و نوێی سیاسەتی یەكێتی

کوردستان 11:55 AM - 2022-11-28
 دوكان و دەباشان و ماڵی مام، هەواری دێرین و نوێی سیاسەتی یەكێتی

دوكان و دەباشان و ماڵی مام، هەواری دێرین و نوێی سیاسەتی یەكێتی

دەباشان و دوكان، ماڵی سەرۆك مام جەلال لە بەغدا، هەرسێكیان هەواری سیاسەتی دێرینی سەرۆك مام جەلال و هەواری نوێی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی-ن، كە تێیاندا لە كۆبوونەوەی یەكڕیزی كوردستانیی دەكاتە ئەڵتەرناتیفی تاكڕەوی حوكمڕانی و گۆشەگیری نەتەوەیی.

سەرۆك بافڵ كۆبوونەوەی ناكۆكەكان لەماڵی مام لە بەغداش دەكاتە كلیلی چارەسەری بە پەلەی قەیرانەكان دوای ساڵێك لە بنبەستی سیاسیی لەوەتەی هەڵبژاردنی پێشوەخت كراوە و هاوكاتیش مەلەفی داوا و مافە كوردستانییەكانیش ئامادەیە كە بۆ سازش لەسەركردن نین و خۆی وتەنی:" نابێت ببنە كارتی فشار بۆسەر قوت و گوزەران و ژیانی خەڵكی كوردستان و تێكەڵ بە ناكۆكی سیاسیی بكرێن".

 سەركردایەتییەكی گەنجی كوردستانیی و عیراقی لە زەمەنی عیراقی تازە تەنگژە دەگۆڕێتەوە بە دەرفەت و دەستچەمانەوەش بە دەستپێشخەری وەڵام دەداتەوە،  لەو نێوانەدا دەباشان دەبێتە پشووی جەنگاوەرێك بۆ كاروباری حزبیی لە قەڵاچۆڵان. بە هێڵی گەرمی سیاسەتی ورد و بە شوێنی كەلتوری سەرۆك مام جەلال-دا هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی دیاردەیەكی ئومێدبەخشە وەختێك بەربەست لەبەردەم پرۆسەی سیاسیی كوردستان و عيراق دادەنڕێت. كۆبوونەوەی دوو قۆڵی و كۆبوونەوەی بەرفراوان، لێكگەیشتنی مەبدەئی و دەستووری و دیتنەوەی چارەسەری هەمەلایەن، كوردانە و عیراقیانە، دیموكراتیی و یەكڕیزی لائیحەی پێشنیازەكانی سیاسەتمەداری تازەی عيراقە.

لە پێناوی یەكڕیزی و كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و كۆتاییهێنان بە پەرتەوازەیی ناوماڵی كورد، سەرۆك بافڵ دەستپێشخەری دەكات و بەرژەوەندی باڵا دەخاتە هەوراز و كۆبوونەوەی باڵای لایەنە سیاسییەكان رێكدەخات، لە هاوینە هەواری دوكان 20 حزبی سیاسیی دەستپێشخەرییەكەی یەكێتی پەسند دەكەن و هەمووان "لەسەر پەرۆشی پاراستنی ئەزمونەكە و ناوماڵی كورد" كۆك دەبن و هاوكاتیش ئاگاداری " گۆرانكاریی و دەرفەت و مەترسییەكان و ئاستەنگ و قەیرانەكان و مەترسی تاكڕەوی و خۆسەپێنی" دەبن.

لە قەڵاچەلانیشەوە سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەگەڵ هەڤاڵانی یەكێتی كۆدەبێتەوە و جیا لەوەی نەخشەڕێگای نوێی كاركردنی حزبیانە بەیان دەكات و هانیان دەدات یەكێتیانە لە خزمەتی خەڵك دابن و وەك هەمیشە پەرۆشبن بۆ گەشەپێدانی یەكێتیيەكەیان.

ماڵی سەرۆك مام جەلال لە بەغدا، هەوارێكی گرنگی سیاسییە، كە هەموو هێزە عیراقییەكان بە پەرۆشەوە لە دەوری سیاسەتی "تەوافوق و سازان و پێكەوەیی" كۆدەبنەوە، كە سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بەهەمان رێچكەی سیاسیدا، هێزە سیاسییە عیراقییەكان كۆدەكاتەوە، لەپاڵ ئەوەشدا"پاراستنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان، هەقبەشی بودجەی هەرێم، هاوبەشێتی راستەقینەی كورد، كەیسی خاك و ناوچەناكۆكی لەسەرەكان" دەباتە بەردەم ماڵی سیاسیی لایەنەكان و لەسەر دانە سیاسییەكانیدا، لەسەرووی مەلەفەكانی دیكەوە دەیخاتەوە بەرباس، تاوەكو رێككەوتنە سیاسییەكان وەك خۆیان جێبەجێ بكرێن.

(دوكان و دەباشان و دیوانی مام لە بەغدا) هەرسێكیان هەواری سیاسیەتی دێرین و نوێی سەرۆك مام جەلال و سەرۆك بافڵ تاڵەبانی-ن، كە دەرگای چارەسەری كراوەی تەنگژەكان دەكەنەوە بۆ جوڵەی سیاسیی سەرۆكێكی پەرۆش بۆ تەبایی و پێكەوەیی و پڕۆسەیەكی سیاسیی تەوافوقی لەسەر بنچینەی دەستوورێكی گەلپەسەند، هەروەها دەرفەتەكان بۆ سوودی ئەزمونەكەمان و پاراستنی مافەكانی كورد بە كاربهێندرێن.

PUKMEDIA

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket