riklam

سەرۆک بافڵ بۆ هەڵمەتی بەرەنگاری توندوتیژی دژی ژنان: هەر لێپرسراو و هەڤاڵێک توندوتیژی بکات سزا دەدرێت

ی ن ک 09:51 PM - 2022-11-24
 بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

‌ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی ھەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: " یەكێتی بە هەمان دیدگای ئازادیخواز و سەردەمیانەی سەرۆك مام جەلال بەرامبەر ژنان بەردەوام دەبێت و پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین. هەربۆیە پێویستە تەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتی هاوكار و هەماهەنگبن لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانی ژنان و رەخساندنی یەكسانیی جێندەری لە دامەزراوەكاندا".

دەقی پەیامەكە:

ھەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان هەنگاوێكی گرنگە بۆ رێزگرتنی خەباتی ژنان و هەوڵەكانیان لەپێناو پاراستنی مافەكانی ژنان، یەكسانیی جێندەری و نەهێشتنی چەوساندنەوە و جیاكاری كۆمەڵایەتی.

دەمەوێت لەم بۆنەیەدا نیگەرانییەكانم لەبەرامبەر پێشێلكردنی مافەكانتان و ئەو توندوتیژیانە دەرببڕم كە بەرامبەرتان دەكرێت. بەبێ هیچ پاساوێك سنوورە كەسییەكانتان دەبەزێنرێت و ئازادییەكانتان بەرتەسك دەكرێتەوە.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە هەمان دیدگای ئازادیخواز و سەردەمیانەی سەرۆك مام جەلال بەرامبەر ژنان بەردەوام دەبێت و پاڵپشت و پشتیوانتان دەبین. هەربۆیە هەموو ئۆرگان و دەسەڵاتە رێكخراوەییەكانمان دەخەینە خزمەت ئەم ئامانجە باڵایە و بڕیار دەدەین:

١- پێویستە تەواوی ئۆرگانەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكار و هەماهەنگبن لەپێناو بەدیهێنانی مافەكانی ژنان و رەخساندنی یەكسانیی جێندەری لە گشت دامەزراوەكاندا.

٢- ژنان هێزی بەردەوام و لەبن نەهاتووی یەكێتین و پێشڕەوی خەباتی مەدەنی و دیموكراسین، بۆیە بڕیارماندا لەمەودوا دەرفەتی زیاتر بە كچان و ژنان بدرێت لە كاری رێكخراوەیی، سەركردایەتی و هەموو ئۆرگەكانی تری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بەشدارییەكی چالاكانەتریان هەبێت.

٣- هەموو ئۆرگانەكانی یەكێتی پابەندی یاسا بەركارەكان و راسپاردەی دیداری یەكێتی تایبەت بە پرسی یەكسانی جێندەری دەبن و هاوكار و پشتیوانی بێمەرج دەبن لەپێناو بەرقەراربوونی یەكسانی و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی لەكۆمەڵگەی كوردیدا. رووبەڕووی هەموو بەربەستەكانی بەردەم بەدیهێنانی ئەم ئامانجە باڵایەش دەبنەوە.

٤- هەر هەڤاڵ، كادر و ئەندامێكی یەكێتی لە هەر پلە و بەرپرسیارێتییەكدا بێت، توندوتیژی بەرامبەر كچان و ژنانی كۆمەڵگەكەمان ئەنجام بدات و دەست بۆ ماف و ئازادییە كەسییەكانیان ببات، رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە و لێپێچینەوەی توندی حزبی لەگەڵدا دەكرێت.

ئێوەی ژنان و كچانی ئازا و ئازادیخواز بەرەو ئامانجە باڵاكانتان هەنگاوبنێن و ئێمەش لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانتان دەبین. رووبەڕووی هەموو ئەو جیاكاری و بیركردنەوانەش دەوەستینەوە كە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئەم خەباتە مەدەنی و دیموكراسییەدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

 PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket