riklam

کۆبوونەوە باڵاکەی دوکان: هەنگاوی کرداری بۆ چارەسەری کێشەکان بنرێت

ی ن ک 06:27 PM - 2022-11-24
راگەیاندراوی کۆبوونەوەی لوتکەی بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و  لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان

راگەیاندراوی کۆبوونەوەی لوتکەی بافل جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان

لەسەر بانگهێشتی سەرۆك بافڵ، كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێم كوردستان لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەكڕیزی و چارەسەری كێشەكان لە عیراق و ھەرێم بەڕێوەچوو و تێیدا دوایین گۆڕانكاری و پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی ھەرێم و عیراق و ناوچەكە تاوتوێكران و جەخت لە توندوتۆڵكردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە كوردییەكان و ھەنگاوی كرداری خێرا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كرایەوە.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و یەكخستنی ھێز و تواناكان دوور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رووبەڕووی ھەرێم و عیراق بوونەتەوە كرا، هاوكات كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵك كرد و تەئكید لەوەكرایەوە كە كار بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنێكی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەموو لایەنەكان بكرێت بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی كێشەكان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە.

 

دەقی راگەیەنراوە رۆژنامەوانییەكە:

 
راگەیەندراوی رۆژنامەوانی

‌‎ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەسەر بانگهێشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ھاوینەھەواری دوكان لە ماڵی مام، كۆبوونەوەی لوتكەی لایەنە سیاسییەكانی ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دیالۆگی نیشتمانی بە ئامانجی یەكڕیزی و چارەسەری كێشەكان لە عیراق و ھەرێم بەڕێوەچوو.

‌‎تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەی ھاوینەھەواری دوكان  گفتوگۆكردن بوو لەسەر دوایین گۆڕانكاری و پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی ھەرێم و عیراق و ناوچەكە.

‌‎كۆبوونەوەكە جەختی لە توندوتۆڵكردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە كوردییەكان كردەوە و بەپێویست زانرا ھەنگاوی كرداری خێرا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بنرێت. ھەروەك ھاوڕابوون لەسەر زەمینەخۆشكردن بۆ فراوانكردن و بەردەوامی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و یەكخستنی ھێز و تواناكان دوور لە تێڕوانینی حزبی بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو كێشانەی رووبەڕووی واقیعی ھەرێم و عیراق بووەتەوە، ئەم ئامانجەش لەپێناو زاڵبوون بەسەر تەحەددییەكاندا.

‌‎لە بەشێكی تری كۆبوونەوەی ھاوینەھەواری دوكان، كۆی لایەنەكان جەختیانكردەوە لە بەردەوامی دیالۆگی لایەنە سیاسییەكان بە ئامانجی گەیشتن بە پرۆژەیەكی ھاوبەشی كوردستانیی یەكڕیزی نیشتمانی.

‌‎كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر خراپی و نالەباری ژیان و گوزەرانی خەڵك كرد و روونكرایەوە، ژیان و دۆخی خەڵك گەیشتووەتە ئەو ئاستەی ھەموو لایەنە سیاسییەكان ھەنگاوبنێن و ھاوكاربن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و باشتركردنی ژیانی ھاوڵاتییان و ھەرێمی كوردستان لەرووی ئابووری، سیاسی و ئەمنییەوە. كار بكرێت بۆ دروستكردنی ئەنجوومەنێكی باڵا لە ھەرێم بە بەشداری ھەموو لایەنەكان بۆ بڕیاردان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەواوی كێشەكان و ئەو پرسانەی رەھەندی نەتەوەیی و نیشتمانییان ھەیە. ئەم ھەنگاوەش بە فاكتەری پاراستنی یەكڕیزی، پارێزگاریكردن لە ئەزموونی ھەرێم، بەدیھێنانی خۆشگوزەرانی زیاتر بۆ كۆمەڵانی خەڵك، بەھێزكردن و پارێزگاریكردن لە قەوارەی ھەرێم لە قەڵەمدرا.

‌‎كۆبوونەوەكە پێداگری لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ئاسایش، سەروەری یاسا و دامەزراوەكانی دەوڵەتداری و بەگژداچوونەوەی گەندەڵی، رووبەڕووبوونەوەی بەھەدەردانی سامانی گشتی و سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی راستەقینە كردەوە.
‌‎بڕیاریشدرا ئەم كۆبوونەوانە لەپێناو تەبایی، یەكھەڵوێستی و یەكڕیزیی كوردستانی بەردەوامی ھەبێت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket