riklam
}

یه‌كێتی به‌ راگرتنی تاكڕه‌وی له‌ رێبازی شه‌هیده‌كانی به‌رده‌وامه‌

کوردستان 03:33 PM - 2022-11-21

له‌به‌شێكی زۆری شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان یادی رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كرایه‌وه‌و سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش ده‌ڵێت:" ئێمه‌ خوێنی رژاوی رۆڵه‌كانمان و خه‌م و ئازاری چه‌ند ساڵه‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانمان له‌یادنه‌كردووه‌و هه‌وڵه‌كانمان بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی نادادی هێمای وه‌فاداری و دڵسۆزیمانه‌ بۆ شه‌هیدان.

سه‌رۆك بافڵ: وه‌فادارین بۆ شه‌هیدانمان

 

سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی ده‌ڵێت":ئه‌مڕ‌ۆ یادی هه‌موو ئه‌و شه‌هیده‌ قاره‌مانانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ گڕ‌یان به‌ تاریكییه‌وه‌ ده‌نا و مژده‌ی هاتنی رۆژێكی نوێیان به‌ ئێمه‌ به‌خشی. یادی ئه‌و جوامێرانه‌ی له‌ رۆژانی شكست و نائومێدیدا هیوابه‌خش و له‌ شه‌وه‌زه‌نگدا ترووسكایی ئێمه‌ بوون.

"ئێمه‌ خوێنی رژاوی رۆڵه‌كانمان و خه‌م و ئازاری چه‌ند ساڵه‌ی كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانمان له‌یادنه‌كردووه‌. هه‌وڵه‌كانمان بۆ بونیادنانی داهاتوویه‌كی گه‌شتر، به‌گژداچوونه‌وه‌ی نادادی و سته‌م و خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵكه‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌مان، هێمای وه‌فاداری و دڵسۆزیمانه‌ بۆ شه‌هیدان و ئه‌و به‌ها باڵایانه‌ی رۆحی خۆیان له‌پێناودا به‌خشیووه‌"، سه‌رۆكی یه‌كێتی وای وت.

"درێژه‌ به‌ رێبازی سه‌رۆك مام جه‌لال و هاوه‌ڵه‌كانی ده‌ده‌ین"

 

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد:"یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوه‌نی مێژوویه‌كی پرشنگداره‌ له‌ خه‌بات له‌پێناو ئازادی و سه‌رفرازیی خه‌ڵكی كوردستان، ده‌بێت ئه‌مڕ‌ۆش به‌هه‌مان رۆحییه‌ت و به‌سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی چه‌ند ساڵه‌ و رێبازی پیرۆزی سه‌رۆك مام جه‌لال و هاوه‌ڵه‌كانییه‌وه‌، درێژه‌ به‌و خه‌باته‌ بده‌ین و كوردستانمان بگه‌یه‌نینه‌ ئه‌و كه‌ناره‌ی رووبارێك خوێنی له‌پێناودا رژا".

مه‌كته‌بی سیاسی: راگرتنی تاكڕ‌ه‌ویی خه‌باتی شه‌هیده‌كانمان جۆشده‌داته‌وه‌

 

تۆماری خه‌باتی چل وحه‌وت ساڵه‌ی یه‌كێتیی و شۆرشی نوێی گه‌له‌كه‌مان، له‌یه‌كه‌م شه‌هیده‌وه‌ تا دواشه‌هید تۆمارێكی پڕ‌ له‌ شانازی بێ بڕ‌انه‌وه‌ی یه‌كێتییه‌ كه‌ نه‌خشه‌ی سه‌رتاسه‌ری نیشتمانی گرتۆته‌وه‌.

مه‌كته‌بی سیاسی له‌رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی دا له‌راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات:" له‌پێناوی ماف و دادپه‌روه‌ری و دیموكراسی و راستكردنه‌وه‌ی رێڕ‌ه‌وی حوكمڕ‌انی له‌ كوردستان و نه‌هێشتنی سیاسه‌تی جیاوازی كردن له‌ خزمه‌ت به‌ ناوچه‌كانی كوردستان و راگرتنی تاكڕ‌ه‌ویی و خۆسه‌پێنی به‌سه‌ر ئیراده‌ی خه‌ڵكدا، بۆ ئه‌وانه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌و خه‌باته‌ی شه‌هیده‌كانمان جۆشده‌داته‌وه‌ كه‌ له‌ پێناویاندا گیانی خۆیان به‌خشی .

مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌وه‌شده‌خاته‌ڕوو: "هه‌ر له‌م یاده‌دا له‌ پای سه‌نگی یه‌كێتی به‌ شانازیكردن، به‌ شه‌هیده‌كانیه‌وه‌، بۆ هه‌میشه‌ به‌لێنی به‌رده‌وامیدان به‌و كاروانه‌ پڕ‌ له‌ قوربانیدانه‌ دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌" .

به‌ردی بناغه‌ی مۆنۆمێنتی شه‌هیدان له‌هه‌ولێر دانرا

له‌رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی دا له‌ مه‌راسیمیكدا به‌ردی بناغه‌ی مۆنۆمێنتی شه‌هیدان له‌به‌رده‌م كۆشكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌هه‌ولێر دانرا به‌ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و كادران و كه‌سوكاری شه‌هیدان.

قوباد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌په‌یامێكیدا له‌و یاده‌دا وتی: "په‌یامی من له‌م رۆرژه‌دا ئه‌وه‌یه‌ یه‌كێتی دوای قوربانییه‌كی ئه‌وه‌نده‌ زۆر گه‌یشتووته‌ ئه‌م قۆناغه‌و چه‌ندین ساڵه‌ خزمه‌ت به‌كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، له‌سایه‌ی خوێنی شه‌هیده‌كانمان ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌م پێگه‌یه‌ین".

رۆژی بیركردنه‌وه‌یه‌

 

"ئه‌مڕۆ ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت بیربكه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئایا له‌ئاست چاوه‌ڕوانییه‌كانی خۆمان بووین؟ بۆیه‌ من لام وایه‌ یه‌كێتی زۆری كردوه‌ له‌ رابردوو هه‌روه‌ها زۆریشمان ماوه‌ بۆ داهاتوو، ده‌بێت وابكه‌ین سبه‌ینێ له‌ئه‌مڕۆ باشتربین" قوباد تاڵه‌بانی وای وت.

شه‌هیدانی هه‌ولێر هێمای قوربانییدانه‌

 

بۆ رێزلێنان له‌قوربانی دانی شه‌هیدانی هه‌ولێر، مۆنۆمێنتی شه‌هیدان له‌به‌رده‌م مه‌كته‌بی سیاسی داده‌نرێت.

له‌ مه‌راسیمه‌كه‌دا د. مه‌جید حه‌مه‌ئه‌مین لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی هه‌ولێر وتی: ساڵێكه‌ پێشنیاری دروستكردنی مۆنۆمێنتی شه‌هیدان له‌هه‌ولێر له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ كراوه‌و ئه‌مڕۆ به‌ردی بناغه‌ی دانرا.

"مۆنۆمێنته‌كه‌ شایته‌ی قوربانیدانی شه‌هیدان و خه‌باتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌ له‌هه‌ولێرو هێمایه‌ بۆ قوربانی دانی یه‌كێتی له‌م شاره‌" د. مه‌جید وای وت.

یه‌كێتی خاوه‌نی 29 هه‌زار شه‌هیده‌

 

به‌گوێره‌ی تۆماری شه‌هیدانی مه‌كته‌بی شه‌هیدان و تێكۆشه‌رانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA وه‌ریگرتوه‌ :" یه‌كێتیی خاوه‌نی زیاتر له‌ 29 هه‌زار شه‌هیده‌، كه‌ 22 هه‌زاریان شه‌هیدی سه‌نگه‌ره‌و 7 هه‌زار شه‌هیدی هاووڵاتییه‌".

یه‌كێتیی خاوه‌نی هه‌زاران داستانی شاخ و زیندانه‌، كه‌ شاهیدی بۆ ته‌مه‌نی ئه‌م هێزه‌ سیاسییه‌ ده‌دات كه‌ درێغی نه‌كردووه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كورد و "خوێنی شه‌هیده‌كانی یه‌كێتیی" ده‌دوێن، شه‌هیدانی زیندوو، شاهیدی دیكه‌ی یه‌كێتیین له‌ خه‌باتی سه‌ختی شاخ و زیندان، كه‌ به‌ پێیی ئاماره‌كه‌"  4150 قاره‌مان و پێشمه‌رگه‌ی كه‌مئه‌ندامبووی سه‌نگه‌ری یه‌كێتیی هه‌یه‌"، كه‌ له‌ پێناوی خاك و گه‌له‌كه‌مان به‌رامبه‌ر به‌ رژێمی به‌عس و تیرۆرستان برینداربوون.

یه‌كێتی دیموكراسی له‌هه‌رێم و عیراق چه‌سپاند

سه‌رۆك مام جه‌لال هه‌میشه‌ ده‌یوت:"ئه‌وه‌ی به‌ده‌ستهاتووه‌ "یه‌كێتی" خوێنی شه‌هیده‌كانه‌" بۆیه‌ ئه‌م ڕ‌ۆژه‌ له‌ مێژووی یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌ماندا جیاوازه‌،  كه‌ هه‌میشه‌ كاروانی خه‌باته‌كه‌ی یه‌كێتی خوێنی لێچۆڕ‌اوه‌ له‌پێناو ئه‌م نه‌ته‌وه‌و نیشتمانه‌".

رابیحه‌ حه‌مه‌د لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای ی.ن.ك له‌مه‌راسیمێكه‌دا وتی": كاتێك یه‌كێتی شۆڕشی ده‌ستپێكرده‌وه‌، حزب هه‌بوو له‌ناو پێخه‌فی نه‌رم و گه‌رمی وڵاتاندا له‌ناو خه‌وی شیریندابوون، به‌ڵام ئێستا خۆیان به‌خاوه‌نی ده‌ستكه‌وته‌كان ده‌زانن.

" شه‌هیدانی یه‌كێتی شاهیدی ئه‌وه‌ن كه‌ له‌سه‌ره‌تای شۆڕشی نوێ ئه‌م حزبه‌ قوربانی داوه‌و تائێستاش به‌رده‌وامه‌ له‌قوربانیی دان" رابیحه‌ حه‌مه‌د وا ده‌ڵێت.

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی به‌غدای ی.ن.ك وتی:"له‌سه‌ر ده‌ستی خوالێخۆشبوو سه‌رۆك مام جه‌لال نه‌ك ته‌نها هه‌رێمی كوردستان به‌ڵكو له‌ عیراقیش سیستمی دیموكراسی تێدا چه‌سپێنرا".

یادی رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی له‌ به‌غدای پایته‌ختی عیراق و هه‌ولێرو سلێمانی و هه‌ردوو ئیداره‌ی گه‌رمیان و راپه‌ڕین و له‌به‌شێكی زۆری شارو شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌و ئاماده‌بوان به‌ڵێنی به‌رده‌وامی رێبازه‌كه‌یان بۆ خوێنی شه‌هیده‌كان دووپاتكرده‌وه‌و سه‌ری رێزو وه‌فایان بۆ شه‌هیدانی یه‌كێتی دانه‌واند.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket