riklam

"حكومه‌ت" له‌ به‌رگی لامه‌ركه‌زیدا دوو ئیداره‌یی په‌یڕه‌و ده‌كات

کوردستان 05:24 PM - 2022-11-19

ئه‌وه‌ی ئێستا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌دی ده‌كرێت سیاسه‌تی دوو ئیداره‌ییه‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌دژی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌و له‌گه‌ڵ دوو ئیداره‌یی دانییه‌، سه‌رۆك بافڵ تاڵه‌بانیش ده‌ڵێت:"ئه‌وه‌ی ده‌یبینم دوو ئیداره‌ییه‌ و ئه‌گه‌ر دوو ئیداره‌ی رووبدات، قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و حزبه‌كان به‌گشتی زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، نه‌ك ته‌نها دانیشتوانی پارێزگایه‌ك و حزبێك" هه‌روه‌ك هه‌وڵی سه‌ره‌كی یه‌كێتیی و هێزه‌ كوردستانییه‌كانی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێره‌وی چه‌وتی حوكمڕانی له‌ هه‌رێم راستبكرێته‌وه‌ كه‌ له‌ قازانجی خودی ئه‌زموونه‌كه‌ و كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌، نه‌ك دوو ئیداره‌یی و جیاكاری سیاسیی و به‌رێوه‌بردن و ناعه‌داله‌تی له‌ داهات و خزمه‌تگوزراریی دا.

یه‌ك حوكمه‌ت و دوو سیاسه‌ت 

 

نیاز ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی بۆ سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA رایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یڕه‌وی ده‌كات لامه‌ركه‌زی نیه‌و دوو ئیداره‌ییه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌ راستیدا یه‌ك حكومه‌تی هه‌یه‌، به‌ڵام دوو سیاسه‌ت په‌یڕه‌و ده‌كات، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ زیان به‌هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت".

" جیاوازییه‌كی زۆر له‌ خزمه‌تكردنی حكومه‌ت له‌نێوان پارێزگاكان به‌دی ده‌كرێت و حكومه‌ت به‌م سیاسه‌ته‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ی زیانی به‌رده‌كه‌وێت سه‌ره‌تا خه‌ڵك و پاشانیش خودی حكومه‌ت ده‌بێت" نیاز ئه‌حمه‌د واده‌ڵێت.

حكومه‌ت ده‌بێت چاوه‌ڕێی سزادانی خه‌ڵكی سلێمانی بێت

حكومه‌ت و كابینه‌كانی هه‌رێم به‌رهه‌می پرۆسه‌ی دیموكراسی و هه‌ڵبژاردنه‌، ئامانجی حزبی سیاسیی راسته‌قینه‌ش ئه‌وه‌یه‌ بگاته‌ ده‌سه‌ڵات و خزمه‌تی گه‌ل بكات، نه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتدا جیاكاری و فه‌رامۆشكردنی خزمه‌ت بكات، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا به‌هۆی چه‌وتی رێره‌وی حوكمڕانییه‌وه‌ ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌یكات.

نیاز ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی  ده‌ڵێت: "حكومه‌تی هه‌رێم پرسی داهات و بودجه‌ وه‌ك كارتی سزا و فشار  به‌رامبه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی و خه‌ڵكه‌كه‌ی به‌كارده‌هێنێت، ده‌یه‌وێت یه‌كێتی پێ تۆمه‌تبار بكات".

 

" خودی حكومه‌ت به‌مه‌به‌ست و به‌جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی حزبی سزای سلێمانی ده‌دات و ته‌واو وه‌ك دوو ئیداره‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌ولێر و دهۆك له‌لایه‌ك و  سلێمانی  و هه‌ڵه‌بجه‌ له‌لایه‌كی دیكه‌ ده‌كات ، له‌بیرمان نه‌چێت كه‌ حكومه‌ت هه‌ڵبژاردنی له‌پێشه‌و خه‌ڵك ده‌نگی پێنادات ئه‌گه‌ر له‌ جیاتی خزمه‌ت ، سزا بدرێت". 

حكومه‌ت داهاتی سلێمانی بۆ كاری خێرخوازی به‌كارده‌هێنێت

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داهاتی سلێمانی بۆ كاری خێرخوازی و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ له‌شاره‌كانی دیكه‌ به‌كارده‌هێنێت و وه‌زاره‌تی دارایی ته‌نها به‌ژماره‌ نه‌ك به‌ پاره‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ سلێمانی ده‌كات.

 

نیاز ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت: "به‌به‌ڵگه‌وه‌ لامانه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم له‌سه‌ر بودجه‌ی سلێمانی كاری خێرخوازی و پرۆژه‌ی بۆ شارێكی دیكه‌ جێبه‌جێكردوه‌"

 

"ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌پارێزگای سلێمانی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، له‌وه‌زاره‌تی دارایی ده‌بێته‌ ژماره‌و ته‌نها به‌ژماره‌ له‌گه‌ڵ سلێمانی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كه‌ن، نه‌ك به‌پاره‌ی نه‌قدی".نیاز ئه‌حمه‌د واده‌ڵێت.

ده‌مێكه‌ سیمای دوو ئیداره‌یی له‌هه‌رێم ده‌ركه‌وتووه‌، حكومه‌ت ده‌بێت چاوه‌ڕێی سزادانی خه‌ڵكی سلێمانی بێت


پرسی دوو ئیداره‌یی له‌هه‌رێمی كوردستان ماوه‌یه‌كی زۆره‌ به‌كردار هه‌ستی پێكراوه‌، به‌ڵام له‌م كابینه‌یه‌دا ئه‌و پرسه‌ تۆختر بوه‌ته‌وه‌.

 

هاوسه‌ر هۆشیار ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی له‌فراكسیۆنی گۆڕان به‌سایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی ئێستا له‌هه‌رێم ده‌گوزه‌رێت جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی حزبییه‌و وه‌ك فراكسیۆنی گۆڕان ده‌ڵێین ئه‌وه‌ی له‌هه‌رێم ده‌گوزه‌رێت دوو ئیدارییه‌ نه‌ك لامه‌ركه‌زی".

 

" له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای سلێمانی داوای لامه‌ركه‌زی ئیداریی و داراییمان كردوه‌ نه‌ك لامه‌ركه‌زی سیاسی، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئێستا لامه‌ركه‌زی سیاسییه‌، نه‌ك ئیداریی و دارایی"، هاوسه‌ر هۆشیار واده‌ڵێت.

حكومه‌ت دووئیداره‌یی په‌یڕه‌و ده‌كات نه‌ك لامه‌ركه‌زی

 

بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان  له‌ نوێترین دیداری رۆژنامه‌نوسیدا راشكاوانه‌ له‌سه‌ر پرسی دوو ئیداره‌یی قسه‌یكرد و ده‌ڵێت:"هه‌رێمی كوردستان بگاته‌ دوو ئیداره‌یی زۆر خراپه‌. حه‌زم له‌وه‌ نییه‌. هه‌رێمه‌كه‌مان نه‌مێنێت هه‌موومان زه‌ره‌رمه‌ندین".

 

كاروان گه‌زنه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان پشتراستی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك بافڵ ده‌كاته‌وه‌ و  به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "حكومه‌تی هه‌رێم سیاسه‌تی دوو ئیداره‌یی جێبه‌جێ ده‌كات، نه‌ك لامه‌ركه‌زی، چونكه‌ ئێستا سلێمانی به‌ گه‌مارۆیه‌كی ناشه‌ریفانه‌ و بڕینی داهاته‌كه‌ی تیرۆر ده‌كرێت".

 

"ته‌واوی پڕۆژه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه‌ وه‌ستاون؛ نه‌خۆشخانه‌كانی بێ دره‌رمان و فه‌رمانبه‌رانی گیرفان به‌تاڵ ده‌كرێن؛ ئه‌وه‌ی ده‌كرێت ته‌نها و ته‌نها گه‌مارۆدان و خنكاندنی سلێمانییه‌ له‌ژێر ناوی لامه‌ركه‌زی" گه‌زنه‌یی واده‌ڵێت.

سه‌رۆكی یه‌كێتیی له‌و دیداره‌دا وێرای په‌نجه‌ خستنه‌سه‌ر كێشه‌كه‌، چاره‌سه‌ریشی خسته‌روو، كه‌ داهاتی هه‌موو پارێزگاكان كۆبكرێته‌وه‌ و به‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری دابه‌شبكرێن 

 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی كوردستان له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی ده‌ڵێت:" حكومه‌ت به‌ئه‌ركی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه‌و كۆكردنه‌وه‌ی داهاتی گشتی و دابه‌شكردنی به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا ئه‌ركی حكومه‌ته‌، به‌ڵام حكومه‌ت به‌ بیاوی جیاجیا سزای سلێمانی ده‌دات و بڕواشم وایه‌، حكومه‌ت له‌م سیاسه‌ته‌یدا زیانی زۆر به‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه‌ دووئیداره‌یی له‌سوودی كه‌س نیه‌"، كاروان گه‌زنه‌یی وایوت.

 

حكومه‌ت له‌ به‌رگی لامه‌ركه‌زیدا دوو ئیداره‌یی په‌یڕه‌و ده‌كات، به‌و پێیه‌ی یه‌كێتیی و هێزه‌سیاسییه‌كان بۆ هاوسه‌نگی خزمه‌ت و راگرتنی تاكڕه‌وی بڕیاردان، پشتیوانی سیستمی لامه‌ركه‌زیی ئیداریی و دارایی و ئابووری ده‌كه‌ن، به‌ڵام پارتی له‌ رێی حكومه‌ته‌وه‌ هێڵی دوو ئیداره‌یی تۆخده‌كاته‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی چه‌وت ده‌كات.


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket