riklam

حكومەت "داهات و بودجە" دەكاتە كارتی فشار

کوردستان 06:58 PM - 2022-11-17

پێنج ملیۆن و 844 هەزار و 23 كەس لە هەرێمی كوردستان باجی بەرێوەبردن و چەوتی رێڕەوی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان دەدەن و گرفتاری كۆمەڵێك كێشەو قەیرانن، حكومەتیش لە جیاتی چارەسەر، جیاوازی لە خزمەت و داهاتی پارێزگاكاندا دەكات، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەیەوێت ستۆپ بەم ناعەدالەتی و تاكڕەوی حوكمڕانییە لەهەرێمی كوردستان بكات و لایەنەكانیش پشتیوانی دەكەن.

 ئەم كابینەیەی حكومەت نایەوێت "دەرمان دابین بكات، كرێی كۆمپاكانی پاككردنەوە بدات، دەرماڵەی خوێندكاران خەرج بكات و زۆری تریش ناكات كە لە خزمەتی گشتیدا بێت" بەتایبەت بۆ سلێمانی و دەوروبەری كە 2 ملیۆن و 396 هەزار و 206 كەس ژمارەی دانیشتوانەكەیەتی بە پێی نوێترین سەرژمێری وەزارەتی پلاندانانی عیراق، بەڵام سەرچاوەی نەوت و داهاتی هەرێم نادیارە و ئەوەی هەیە بە ناعەدالەتی سەرفدەكرێت و زۆرجاریش "كارتی فشارە" نەك بۆ خزمەت و ئاوەدانی.

هاوسەنگی لەداهات و یەكسانی لەدابەشكردنی خەرجی ئەركی حكومەتە

د. خالید حەیدەر مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕی بواری ئابووری بەسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "ئەركی حكومەتە بارەكە راستبكاتەوەو بەشەفافی لە لایەن لیژنەیەكی پسپۆڕی ئابووری داهاتەكان بە نەوتی و نانەوتییەوە كۆبكاتەوەو بەیەكسانی دابەشی بكات.
"ئەگەر لەپارێزگایەك داهات كەم بێت، ئەوە ئەركی حكومەتە كە لەڕێگەی دیكەوە وەك داهاتی ناوخۆو خاڵەسنووریەكان و بەهێزكردنی ژێرخانی ئابوورییەوە داهاتی ئەو پارێزگایەش زیاد بكات و ئەو هەڵئاوسانەی لەناوچەیەك دروستبووە نەیهێڵێت". ئەو پسپۆرە ئابوورییە وادەڵێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە نوێترین دیداری رۆژنامەوانیدا، چارەسەری ئەو گرفتەی خستەڕوو "پێویستە داهاتی هەموو پارێزگاكان كۆبكرێتەوە و بە شەفافی و یەكسانی و دادپەروەری بۆ خزمەتكردنی خەڵك و خزمەتگوزاری سەرف بكرێتەوە".

د. خالید حەیدەر  دەڵێت:"پێشنیارەكەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تەواو دروستەو ئەگەر حكومەت دەیەوێت حكومەتێكی دادپەروەر بێت، پێویستە رێگری بكات لە ونبوونی داهات و بەیەكسانی بەسەر پارێزگاكاندا دابەشیبكات".
" دەبێت حكومەت بۆ دادپەروەری خەرجكردنی داهات رێژەی دانیشتوان و قەبارەی داهات لەبەرچاو بگیرێت"، پسپۆڕەكەی بواری ئابووری وای وت.

تاكڕەوی لەناو حكومەت پراكتیزە دەكرێت

لەسایەی ئیحتكاری زۆرینە زیانی زۆر بەر حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان كەوتووەو تاكڕەییەكی ناتەندروست پەیڕەو دەكرێت.

سەركۆ ئازاد گەڵاڵی پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت: "لە سایەی ئەم ئیحتكار كردنە ناشرینەی سوڵتەدا، سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین زۆرترین زیانیان بەركەوتووە و هەزاران گەنج بێكارو سەدان پرۆژە و كارگە و دەرفەتی هەلی كار پەكخراون".

" ئێستا گەشتوینتە خاڵێك كە تاكڕەوی لە ناو حكومەت و لەلایەن زۆرینەی ناتەندروست بە شێوەیەك پراكتیزە دەكرێت كە نفوزی سەرۆكی حكومەت بە سەر كۆی جووڵە و جومگەكانی حكومەت و تاكلایەنە لە هەرێمی كوردستان رەنگی داوەتەوە"، سەركۆ ئازاد وایوت.

حكومەت تەنها 25% داهاتی نەوت بۆ سلێمانی دەنێرێت

داهاتی مانگانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان 600 ملیۆن دۆلار تەنها لە نەوت، چەندین سەرچاوەی دیكەی نانەوتی و باج و گومرگ هەیە، بەڵام كەمترینی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەرینە.

كاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێستادا داهاتێكی زۆری لە فرۆشتنی نەوت بۆ دەگەڕێتەوەو  بەپێی ئەو بەڵگانەی وەزارەتی سامانەسروشتیەكان خستوویەتییەڕوو، مانگانە زیاتر 600 ملیۆن دۆلار تەنها داهاتی نەوتە، ئەمەش لەكاتێكدا بۆ مووچە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێویستی بە 900 ملیار دینارە، بەواتایەكی دیكە تەنها داهاتی نەوت مووچە دابین دەكات، بۆیە دەتوانێت هەموو مانگێك مووچە لەكاتی خۆیدا دابەشبكرێت و پرۆژەكانیش لەهەموو هەرێمی كوردستان بەیەكسانی دەستپێبكاتەوە".

 "حكومەتی هەرێمی كوردستان لەو داهاتەی نەوتەی كە باسمان كرد، تەنها 25% ی بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەنێرێت، واتا لەو 600 ملیۆن دۆلارەی داهاتی نەوتە و ئەویش بۆ مووچەیە،  بۆیە ئەو كەمتەرخەمی و سزادانەی كە بەمەبەست حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر خەڵكی ئەو ناوچانەی دەیكات راستە"، گەزنەیی وای وت.

حكومەت بەهەموو جۆرێك سزای خەڵكی سلێمانی دەدات

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند: "حكومەت بەهەموو جۆرێك كەوتووەتە سزادانی پارێزگای سلێمانی و لەگەڵ ئەوەی مووچەی تەواو نانێرێتە ئەو پارێزگایە، لەگەڵ ئەوەشدا دەرمان و دەرماڵەی خوێندكارانی بڕیوەو خۆڵ و خاشاك لەلایەن حكومەتەوە كۆناكرێتەوەو شەقام و شوێنە گشتییەكان پاكناكرێتەوە، كە چیتر ئەمە جێی قبوڵكردن نییە ".

"حكومەت دەبێت بەیەك چاو سەیری دانیشتوانی هەموو پارێزگاكان بكات و جیاوازی نەكات لەدابەشكردنی داهات بەسەر پارێزگاكاندا، چونكە ئەوەی ئێستا لەحكومەتی هەرێم دەبینرێت ناعەدالەتییەكی زۆرەو جیاوازی دەكات لەنێوان هەولێر و سلێمانی" گەزنەیی وایوت.

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان وتی: "سزادانی خەڵكی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین لەلایەن حكومەتەوە ئاكامێكی خێری نابێت و بەزیانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و یەكڕیزی میلـەتەكەمان كۆتایی دێت و ئۆباڵی هەر ئەگەرێك لەئەستۆی ئەم حكومەتەیە".

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا بەئاشكرا ناعەدالەتی لەدابەشكردنی داهات و بودجەی پرۆژەكان دا دەكات، ئەمە چەوتی بەڕێوەبردنی حوكمڕانییە و یەكێتی بەئاشكرا داوای راستكردنەوەی رێڕەوی چەوتی حوكمڕانی لەهەرێم دەكات و بۆ ئەمەش زۆربەی لایەنە سیاسییەكان پشتوانی یەكێتی دەكەن.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket