riklam
}

هەشت ساڵە حكومەتی هەرێم بودجە لە پەرلەمان دەشارێتەوە

کوردستان 05:21 PM - 2022-11-15

حكومەتی هەرێمی كوردستان هەشت ساڵە پرۆژە یاسای بودجەی نەناردوەتە پەرلەمان، كە رێگە خۆشكەربووە بۆ گەندەڵی و ناشەفافی و نادادپەروەیی لە بودجە و پرۆژەكانی حكومەت لە پارێزگاكانی هەرێم، لەكاتێكدا جگە لە داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان، حكومەت نەوت و غاز دەفرۆشرێت، بەڵام پرۆژەیای بودجەی ساڵانەی بۆ پەرلەمان نییە.

ئەم شێوازی مامەڵە كردنە لەگەڵ بودجە و داهات و خەرجی، جۆرێكی ترە، لە چەوتی ئیدارەدانی حوكمڕانی لە هەرێم، بۆیە یەكێتی و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان وەك بەرەیەك كار بۆ راستكردنەوەی رێرەوی چەوتی حوكمڕانی لە هەرێم دەكەن.

حكومەتی هەرێم پرۆژەیاسای بودجەی ساڵەكانی (2014، 2015،2016، 2017، 2018، 2019، 2020، 2012، 2022) نە ناردۆتە پەرلەمانی كوردستان.

نەبوونی بودجە خاڵی لاوازی حكومەتە

 

زیاد جەبار سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەم جیهانەدا جگە لەحكومەتی هەرێم، هیچ حكومەتێك نیە كە خۆی لە ناردنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ پەرلەمان بدزێتەوەو بودجەی نەبێت، كە ئەوەش گەورەترین خاڵی لاوازی ئەم حكومەتەیە".

"بەشێكی گەورەی ئەو گەندەڵییەی لەداهات و خەرجی ئەم حكومەتەدا بەدیدەكرێت، هەروەها ئەو ناعەدالەتییەی لە جێبەجێكردنی پرۆژەكاندا لەپارێزگایەك بۆ پارێزگایەكی دیكە هەیەو دیارنبوونی دەسەڵاتی وەزیرەكان نەبوونی بودجەیەو ئەمەش ئامانجێكی لەپشتەوەیە"، سەرۆكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان وا دەڵێت.

نەبوونی بودجە، تاكڕەوی لە بەرێوەبردن لە هەرێمی كوردستان دروستكردووە



سەرۆكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت:" نەبوونی بودجە وایكردوە كە دەسەڵاتەكان لای سەرۆكی حكومەت كۆببێتەوەو ئەمەش بارودۆخێكی دوستكردوە كە تاكڕەوی بڕیاردان لەم كابینەیەدا بەراورد بە كابینەكانی پێشوو زاڵتربێت و ناڕەزایی لایەنەكانی لێبكەوێتەوە".

"نەك من وەك سەرۆكی لیژنەی دارایی، بەدڵنیایەوە یەك كەس لەم هەرێمی كوردستان نازانێت كە داهاتی راستەقینە حكومەت چەندەو چۆن خەرج دەكرێت، ئەمەش مەبەستێكی سیاسی لەپشتەوەیەو ئەو ناعەدالەتییەی دروستكردوە كەلەئێستادا لەهەرێمی كوردستان هەیە و داوای كۆتایی هێناو بەو نادادپەروەرییە دەكرێت" زیاد جەبار وادەڵێت.

حكومەت رێگەنادات پەرلەمان ئاگاداری بودجە بێت

 

نەبوونی بودجە لەهەرێمی كوردستان سەرچاوەی هەموو گەندەڵی و نایەكسانییەكانی خەجكردنی داهاتەو داوای هەبوونی بودجە دەكرێت كە بەشێكە راستكردنەوەی رێڕەوی حوكمڕانی لەهەرێم .

د. شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: ئەمەی كە ئێستا روودەدات گەندەڵییەكی تەواوەو دیارنییە كە سەرچاوەكانی داهات لە نەوتی و نانەوتی، لەكوێن و چین و چەندن؟  بۆیە دەتوانین بڵێین هەشت ساڵە حكومەت بەنایاسایی داهات خەرج دەكات و پەرلەمان لێی بێ ئاگایە.

"نەبوونی بودجە لەو ماوەیەدا لەهەرێم وایكردووە كە داهات و خەرجی سەد لەسەد ناشەفاف و ناروون بێت، هەر ئەمەشە سەرچاوەی هەموو گەندەڵیی و نایەكسانییەكانی لەهەرێمی كوردستانە"، د. شێركۆ جەودەت وادەڵێت.

 

ئەمەی روودەدات كارەساتە

پرۆژە یاسای بودجە گرنگترین پرۆژەیە بۆ رێكخستنی داهات و خەرجی و دابەشكردنی بەسەر سێكتەر و پرۆژەكان، هاوكاتیش رێگریدەكات لە گەندەڵی و ناشەفافیەت و نادادپەروەری.

شێركۆ جەودەت كە ئەندامی لیژنەی داراییە لەپەرلەمانی كوردستانیشە دەڵێت:"پێشتریش هیچ بیانوویەك نەبووە بۆ نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان، چونكە ئەگەر حكومەت لە شەڕو قەیران و تەنانەت لەحاڵەتی نەخوازراویشدا بێت، هەر دەبێت بودجە بنێرێتە پەرلەمان و خەرجی و داهات بەیاسایی بكرێت، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە حكومەت حساب بۆ پەرلەمان ناكات و ئەمەش كارەساتی دروستكردوە".

"لەماوەی هەشت ساڵی رابردوودا لیژنەی دارایی چەندینجار داوای بودجەمان كردوە، تا گەیشتوەتە ئەوەی داواكاری گشتیمان لێ ئاگادار كردوەتەوە كە ئەوە مافی گشتییەو دەبێت رۆڵی خۆیان ببینن." سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو وادەڵێت.

هەموو وەرزێك داوای بودجەمان كردوە

فراكسیۆنی یەكێتی و زۆربەی فراكسیۆنەكانی دیكەش چەندینجار داوایان كردووە حكومەت پرۆژەیاسای بودجە بنێرێت، بەڵام بەبیانووی هێناوەتەوە.

رۆژان محەمەد كەریم ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند: "سەرەتای هەموو وەرزێكی یاسادانان وەك فراكسیۆنی سەوز داوامانكردووە حكومەت پڕۆژەیاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمان، بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر نەیناردوە".

"حكومەت پڕۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمان بۆ ئەوەی بودجە و داهات و خەرجی بە ناڕوونی بهێڵێتەوەو نەتوانرێت لێپێچینەوەی لەگەڵدا بكرێت، هەروەها بەهۆی ئەوەی پەرلەمان ئاگاداری بودجە نیە، حكومەت بە ئارەزووی خۆی داهات خەرج دەكات"، رۆژان محەمەد كەریم وادەڵێت.

بودجە یەكسانی لەخەرجیدا پەیڕەو دەكات و یەكێتی ئەم حوكمڕانیە رەتدەكاتەوە

 

نەبوونی پرۆژە یاسای بوجە لەلایەن حكومەتەوە لێكەوتەی خراپی هەیە، جۆرێكە لە چەوتی حوكمڕانی و پێویستە راست بكرێتەوە.

رۆژان محەمەد كەریمی پەرلەمانتار دەڵێت:"نەناردنی بودجە بۆ پەرلەمان وایكردوە حكومەت بەناعەدالەتی پڕۆژەكان لە پارێزگاكان جێبەجێ بكات، بۆیە لەئێستادا یەكێتی هەڵوێستی وەرگرتووەو دەیەوێت ئەو ناعەدالەتیە و  چەوتی رێرەوی حوكمرانی راست بكاتەوە". 

"زۆربەی داهاتی هەرێم پارەی نەوتییەو ئاشكراشە كە داهاتی نەوت لەژێر دەستی چ لایەنێكدایە و گرێبەستەكانی نەوت كێ كردوویەتی و داهاتەكەی بۆ كێیە؟، بۆیە یەكێتی بەئاشكرا لەدژی ئەم رێرەوە چەوتەی حوكمڕانییە لە هەرێمی كوردستانەو پێی وایە حوكمڕانی بەو شێوەیە ناكرێت". پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكێتی وایوت.

پاساوەكانی حكومەت زۆرن 

هەشت ساڵە ئەنجومەنی وەزیران بە بیانوی جیاوازەوە پرۆژەیاسای بودجە نانێرێتە پەرلەمانی كوردستان، ناكرێت چیتر رێ بەپاساوەكان بدرێت و حكومەت بەبێ پرۆژەیاسای بودجە و چاودێریكردن بەرێوەبچێت.

د. محێدین حەسەن سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی كوردستان  بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی رایگەیاند:" هەموو وەرزێكی یاسادانان داوای بودجەمان كردوە، بەڵام بەپاساوی نەهاتنی بەشە بودجە لە عیراق و ناشەفافی داهات و خەرجی، حكومەت پڕۆژەیاساكەی بۆ پەرلەمان نەناردووە". 

"ئەگەر ئیرادە هەبێت دەتوانرێت ئێستاش كە پەرلەمان تەمەنی خۆی درێژكردوەتەوە رەشنووسی بودجە بنێردرێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت و دەبێت پەرلەمان ئەو ئیرادەیەی هەبێت"، سەرۆكی فراكسیۆنی ئازادی وادەڵێت.

بودجە بریتییە لە داهاتی گشتی كە بەپێی یاسا لە پەرلەمانەوە رێكدەخرێت پەرلەمان بڕیاردەدات كە چۆن و بە چ پلان و بەرنامەیەكی دادپەروەرانە خەرج بكرێت، بەڵام ئەوەی لەئێستادا لەهەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت تەواو پێچەوانەیەو حكومەت خۆی بڕیار لەخەرجكردنی ئەو بودجەیە دەدات و پەرلەمانیش بێ ئاگایە لەداهات و خەرجی حكومەت، ئەمەش یەكێكی دیكەیە لەچەوتی رێرەوی حوكمڕانی لەهەرێمی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و لایەنەكان داوای راستكردنەوەی رەوتە چەوتە دەكەن.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket