riklam

یەكێتی پرەنسیپی تەوافوقی لەپرۆسەی سیاسیدا سەرخست

کوردستان 03:57 PM - 2022-11-11
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عیراق و دەستپێكردنی گفتوگۆ و بەستی هاوپەیمانێتی نێوان لایەنە سەركەوتووەكان ئەنجومەنی نوێنەارنی عیراق بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەت، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی تەوافوقی دەداو هەندێك لایەنی سیاسی لەهەوڵی پشتگوێخستنی ئەنجامی هەڵبژادرن و پێكهێنانی حكومەتی زۆرینەدا، بەڵام لەم هەنگاوەیاندا سەركەوتوو نەبوو.

حكومەتی نوێی عیراق بەرئەنجامی تەوافوقە

زوهرە بەجاری پەرلەمانتاری پارێزگای بەسرە لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلێدوانێكی تایبەت بە PUKMEDIA رایگەیاند: "حكومەتی ئێستای عیراق لەئەنجامی تەوافوق و ویستی نیشتمانی لایەنە سیاسییەكان پێكهاتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی سەركەوتووبوون لەپێكهێنانی حكومەتێكی بەهێز كە جێگەی رەزامەندی سەرجەم لایەنەكان بێت".

"حكومەتی نوێی عیراق بەرپرسیارێتی ژمارەیەك دۆسێی گەورەی لەئەستۆدایە، گرنگترینیان دژایەتیكردنی گەنەدەڵی و بناتنانەوەی عیراق و تەبایی سەرجەم هێزە سیاسییەكان و تەوافوقە كە و یەكێتی و چوارچێوەی هەماهەنگی كاریان لەسەركردوەو لەكۆتایشدا سەركەوتووبون" زوهرە بەجاری وایوت.

هەڵوێستی یەكێتی لەبەغدا روون بوو

پەرلەمانتارەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت: "هەڵوێستی یەكێتی روون و راشكاو بوو لەپێویستی بەشداریكردنی سەرجەم هێزە سیاسییەكان لەحكومەتی نوێ عیراق و پاڵپشتی یەكڕیزی نیشتمانی و پەراوێزنەخستنی هیچ لایەنێك، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان سووربوو لەسەر پشتگوێخستنی هەندێك لایەن كە لەكۆتاییدا شكستی هێنا، پارتی هەوڵی ئەوەی دەدا بەشێك لەپێكهاتەی شیعە لەدەرەوەی پرۆسەكەدا بن، ئەمەش هەنگاوێكی هەڵەو پێچەوانەی پرەنسیپی هاوبەشی نیشتمانی و بنیاتنانی وڵاتە".

یەكێتی جەخت لە پرەنسیپی تەوافوق دەكاتەوە

یەكێتی تەئكید لە پرەنسیپی تەوافوق لەبەڕێوەبردنی وڵات دەكاتەوەو بەهەموو توانایەوە هەوڵی جێبەجێكردنی دەدات.
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA  ی رایگەیاند: "پرەنسیپی تەوافوق لەدەستوری عیراقدا جێگیركراوە كە هەنگاوێكی تەندروستبوو بۆ جوگرافیا و پێكهاتەی كۆمەڵایەتی گەلانی عیراق و پێویستی بەشداری هەموو پێكهاتەكان لەبەڕێوەبردنی وڵات و پەیڕەونەكردنی پرەنسیپی زۆرینەی و كەمینە لەعیراقدا".

"لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە، عیراق لەسەر بنەمای تەوافوق پێكهاتووە، یەكێتی بەهەموو تواناوە هەوڵی جێبەجێكردنی پرەنسیپی تەوافوقی لەبەڕێوەبردنی وڵاتدا داوە كە باشترین پرەنسیپە لەقۆناغی ئێستا و داهاتووشدا، ئەو هەوڵەی حزبێكی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ پەراوێزخستنی بەشێك لە لایەنە شیعەكان لەپێناو دەستكەوتنی هەندێك قازانج، هەنگاوێكی نەرێنی بوو دواتریش شكستی هێنا، چونكە تەنانەت لایەنە شیعەكانیش جەختیان لەبنەمای تەوافوق دەكردەوە" هەرێم كەما ئاغا وایوت.

دەوڵەتی یاسا لەگەڵ یەكێتی هاوڕابوو

محەمەد سەیهود پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەلێدوانێكیدا بۆ PUKMEDIA رایگەیاند: "لەگەڵ روانگەی یەكێتی بۆ پرسی تەوافوق هاوڕاین، عیراق رووبەڕووی كۆمەڵێك ئاڵنگاری و مەترسی گەورە بوەتەوەو پێویستە بەرەوپێش هەنگاو بنێین، لەسەرەتاوە چوارچێوەی هەماهەنگی پێیوابووە ئەگەر تەوافوق لەنێوان سەرجەم كوتلە سیاسییەكان دەستەبەر نەبێت، عیراق دوچاری مەترسی و ناسەقامگیری دەبێتەوە، لەبەر ئەو هۆكارە چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشی و هاوسەنگیدا دەمێنێتەوە".

یەكێتی بەشداری هەموو لایەنەكانی دەویست

سەردان و كۆبوونەوە بەردەوامەكانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ماڵی مام لەبەغدا، بەڵگەی ئەوەن یەكێتی مەبەستی بووە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بەشداری حكومەتی نوێی عیراق بكەن.

دكتۆر بڕیار رەشید پەرلەمانتاری یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ PUKMEDIA  دەڵێت: "یەكێتی بەردەوام پێیوابووە هەموو لایەنەكان بەشداری حكومەتی نوێی عیراق بكەن و پشتیوانی پەراوێزخستن و پشتگوێ خستنێكی هیچ لایەنێكی سیاسی نەكردووە".

"سەردانە بەردەوامەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا بەئامانجی دەستەبەركردنی پرەنسیپی تەوافوق و بەشداریكردنی سەرجەم لایەنە سیاسییەكان بووە لەحكومەت و پرۆسەی سیاسی عیراق، سەردانی سەركردە عیراقییەكان و كۆبونەوەیان لەماڵی سەرۆك مام جەلال بەڵگەی ئەوە بووە كە یەكێتی مەبەستی بووە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان بەشداری حكومەتی نوێی عیراق بكەن لەپێناو سەقامگیری وڵاتدا" بڕیار رەشید وایوت.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك حزبێكی بەرپرسیار و لەروانگەی پەرۆشی بۆ داهاتووی عیراق و پرۆسەی سیاسی، هەڵوێستێكی هاوسەنگی هەڵبژارد لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسییەكانداو هەوڵی دەستەبەركردنی پرەنسیپی تەوافوقی لەنێوان هێزە سیاسییەكان و پەراوێزنەخستنی هیچ لایەنێك لەپرۆسەكە داوەو دواجار توانی پرەنسیپی تەوافوق لەپرۆسەی ساسیی عیراقدا سەربخات.
PUKMEDIA  

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket