riklam
}

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود: یه‌كێتی كێشه‌كانی كه‌ركوكی گه‌یاندوه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران

کوردستان 06:33 PM - 2022-11-10
رەوەند مەلا مەحموود لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتی

رەوەند مەلا مەحموود لێپرسراوی مەڵبەندی دووی رێکخستنی کەرکوکی یەکێتی

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌بارودۆخی ئێستای كه‌ركوك ناڕازییه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراقی له‌پێشێلكردنی مافی كورد له‌و شاره‌ ئاگادار كردوه‌ته‌وه‌و داوای پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ له‌و شاره‌ ده‌كات.

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوكی یه‌كێتی له‌ لێدوانێكیدا به‌ ئاژانسی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ر كه‌ركوك هه‌ڵوێستی جدی هه‌بووه‌و كاری بۆ ئارامی و پێكه‌وه‌ژیانی كه‌ركوك كردووه‌، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ ماوه‌ی ساڵێك زیاتربوو حكومه‌تی عیراق كاربه‌ڕێكه‌ر بوو، له‌وكاته‌شدا ئیشوكاره‌كانی شاره‌كه‌ به‌نایاسایی و نایه‌كسانی كراون.

ده‌سه‌ڵاتی كه‌ركوك لای هێزێكی سه‌پێندراوی ده‌ره‌كییه‌

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوكی یه‌كێتی ده‌ڵێت: كه‌ركوك توشی حاڵه‌تێكی دیكه‌ بووه‌ ئه‌ویش هێزێكی سه‌پێندراوی ده‌ره‌كییه‌، ده‌سه‌ڵاتی ئه‌منی شاره‌كه‌ لای پۆلیس نییه‌، لای هێزێكه‌ كه‌ ده‌ستی بۆ هه‌موو جومگه‌كانی كه‌ركوك بردووه‌، له‌ بازگه‌كان سه‌رانه‌ له‌ خه‌ڵك وه‌رده‌گرن، هه‌ندێكجار هه‌ڵكوتانه‌سه‌ر شوێنان رووده‌دات بێئه‌وه‌ی فه‌رمانی دادوه‌ریان هه‌بێت، زۆرجاریش له‌ نیوه‌شه‌ودا هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر ماڵان، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ خه‌ڵكی هه‌راسان ببن.

ئیداره‌ی شاره‌كه‌ توشی گه‌نده‌ڵی بووه‌

"ئیداره‌ی شاره‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك توشی گه‌نده‌ڵی بووه‌ كه‌ ناڕه‌زاییه‌كانی خه‌ڵك له‌باره‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كان و ئارامی شاره‌كه‌وه‌ بوه‌ته‌ جێی باس و خواسی هاووڵاتیان، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ مادده‌ی 140 كه‌مادده‌یه‌كی ده‌ستورییه‌ و هه‌موو عیراقییه‌كان خۆیان ده‌نگیان پێداوه‌ جێبه‌جێ ناكرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ هێزی سه‌ربازیی ده‌ستدرێژی ده‌كرێته‌ سه‌ر زه‌وی جوتیاره‌كان و ناهێڵن ئیش و كاره‌كانیان بكه‌ن"، ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود وای وت.

یه‌كێتی له‌ حكومه‌تی نوێدا كه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تی محه‌مه‌د شیاع سودانییه‌ باسی هه‌موو كێشه‌كانی كه‌ركوكی كردووه‌و ناڕازیی خۆی له‌سه‌ر پارێزگاری شاره‌كه‌ گه‌یاندوه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیران.

لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی رێكخستنی كه‌ركوكی یه‌كێتی راشیگه‌یاند: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ لایه‌نێكی كوردی به‌نهێنی له‌شاره‌كه‌ پشتیوانی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌كات، به‌ڵام یه‌كێتی به‌و به‌ڕێوه‌بردنه‌ی ئێستا له‌و شاره‌ په‌یڕه‌و ده‌كرێت، رازی نیه‌و ئه‌م نیگه‌رانییه‌شی گه‌یاندوه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق.

لایه‌نه‌كانی كه‌ركوك ناڕازین

یه‌كێتی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی كه‌ركوك جگه‌ له‌ لایه‌نێك نه‌بێت، له‌ دۆخی ئێستای كه‌ركوك ناڕازین و په‌یامیان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هاووڵاتیان و چۆنێتی به‌ڕێوه‌بردنی ئیداریی شاره‌كه‌ داوه‌ته‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی"، ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود واده‌ڵێت.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاندبوو: ھه‌موو كێشه‌ و گرفته‌ سیاسی و ئه‌منی و ئیداری و خزمه‌تگوزارییه‌كانی كه‌ركوك به‌ نوسراوی لایه‌نه‌كان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆك كۆمار و پارێزگاری كه‌ركوك و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ن بۆ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر كردنیان.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket