riklam

نوێخوازی چینی: هەڵبژارده‌یه‌كی نوێ بۆ گەشەپێدانی جیهانی

جیهان 02:09 PM - 2022-11-10
نی رووچی، کۆنسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی لە هەولێر

نی رووچی، کۆنسوڵی گشتی كۆماری چینی میللی لە هەولێر

لە ٢٢ی تشرینی یه‌كه‌مدا، ٢٠هەمین کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی کۆمیونیستی چین، کە سەرنجی ته‌واوی جیهانی بۆ لای خۆی راکێشا، بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و هەڤاڵ شی جینپینگ دووبارە وەک سکرتێری گشتی کۆمیتەی ناوەندی بیستەمی پارتی کۆمیونیستی چین هەڵبژێردرایەوە. ئەم کۆبوونەوەیە گرنگییه‌كی زۆری هەیە. ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ لە کاتێکی هه‌ستیاردا روودەدات کە چین دەست بە گەشتێکی نوێ بۆ بنیاتنانی چین وه‌كو وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە هەموو روویەکەوە و پێشکەوتن بەرەو ئامانجی سەدەی دووەم ده‌كات. گرنگییەکی گەورەی هەیە، نەک تەنها کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر چین هەیە، بەڵکو پاڵنەرێکە بۆ هه‌موو وڵاتانی جیهان بۆ رووبەڕووبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی ئاستەنگەکان و به‌ده‌ستهێنانی گەشەپێدانی هاوبەش.
سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە راپۆرتەکەیدا بۆ بیستەمین کۆنگرەی نەتەوەیی پارتی کۆمیونیستی چین بە روونی ئه‌وه‌ی خستووەتەڕوو کە ئەرکی ناوەندی پارتی کۆمیونیستی چین دەبێتە پێشخستنی نوێبوونه‌وه‌ی نەتەوەی چین لە هەموو بەرەکاندا لە رێگەی رێبازی چینییەوە بۆ نوێخوازی.
نوێخوازی هه‌وڵی هاوبه‌شی هه‌موو گه‌لانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا، هەروەها ئەو ئامانجەیە کە گەلی چین هه‌ر لە سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنی سەردەمی مۆدێرنەوە هەوڵی بۆ دەدات. دوای دامەزراندنی کۆماری چینی میللی، پارتی کۆمیونیستی چین پێشەنگی گەلی لە گەشەپێدان و چاکسازی و کرانەوەدا کردووە و به‌ بەردەوامی به‌دوای ئامانجی نوێخوازی گەڕاوه‌ و پراکتیكی کردووە. چین سەرکەوتوانە نوێخوازی چینی بەرەوپێش بردووە و رێگای بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو له‌پێناو گەیشتن بە نوێخوازی فراوانتر کردووە.

نوێخوازی چینی چییە؟

سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە راپۆرتەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە نوێخوازی چینی نوێخوازییه‌كی سۆسیالیستییە کە لە ژێر سەرکردایەتی پارتی كۆمیونستی چینی چاودێری ده‌كرێت. توخمگەلێکی هاوبه‌ش لەگەڵ پرۆسەکانی نوێخوازی هەموو وڵاتانلەخۆدەگرێت، بەڵام زیاتر بەو سیمایانه‌ تایبەتمەندە کە تایبەتە بە چوارچێوەی چینی. نوێخوازی چینی بریتییە لە نوێخوازی ژماره‌یه‌كی زۆری دانیشتووان و نوێخوازی خۆشگوزەرانی هاوبەش بۆ هەمووان، نوێخوازی پێشکەوتنی ماددی و کولتووری، ئەخلاقی، نوێخوازی پێكه‌وه‌گونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت، نوێخوازی گەشەسەندنی ئاشتیانە.
نوێخوازی چینی فەلسەفەی گەشەپێدانی گەل وه‌كو چه‌ق جێبەجێ دەکات، گرنگی بە گەشەسەندنی گونجانی نێوان مرۆڤایەتی و سروشت و هه‌ماهه‌نگی له‌پێناو سوودمه‌ندبوونی هاوبەش ده‌دات. ئەم شێوازە لە نوێخوازی رەگ و ریشەی لە خاکی چیندا هەیە و لەگەڵ واقیعی چیندا دەگونجێت. پابەندە بە پەرەپێدانی وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان بە هێزی خۆمان، و پاراستنی تێگه‌یشتنێكی پتەوی داهاتووی گه‌شه‌پیدان و پێشکەوتنی چین.
 چین لە چەند دەیەیەکی كه‌مدا، ئه‌و پڕۆسە پیشەسازییه‌ی تەواو کرد کە وڵاتانی پێشکەوتوو به‌ سەدان ساڵە پێیدا تێپەڕیون و‌ بووه‌ هۆی دروستبوونی دوو موعجیزە: گەشەسەندنی خێرای ئابووری و سەقامگیری کۆمەڵایەتی درێژخایەن. پراکتیک و ئەزموونی نوێخوازی چینی بەشدارییەکی گرنگی لە نوێخوازی مرۆڤایەتیدا کردووە و هەڵبژاردەی نوێی پێشكه‌شكردووه‌.
لە ماوەی دەیەی رابردوودا، بەرهەمی ناوخۆیی گشتی چین لە 53.9 تریلیۆن یوانەوە بۆ 114.4 تریلیۆن یوان گەشەی کردووە، پشکی لە ئابووریی جیهاندا لە 11.3% بۆ 18.5% بەرزبووەتەوە و تێکڕای بەشدارییەکانی لە گەشەی جیهانیدا گەیشتووەتە 38.6%، کە زیاترە لە پشکی ئابووریی وڵاتانی كۆمه‌ڵه‌ی حه‌وت G7 بەیەکەوە. وەک گەورەترین وڵاتی گەشەسەندوو لە جیهاندا، پراکتیکی نوێخوازی چینی خودی خۆی بەشدارییەکی گەورەیە له‌ جیهاندا.
سکرتێری گشتی شی جینپینگ لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە پێنج ساڵی داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ دەستپێکردنی هەوڵەکانمان بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە هەموو روویەکەوە. بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی سۆسیالیستی مۆدێرن لە هەموو روویەکەوە، پێویستە یه‌كه‌م شت و به‌ر له‌ هەموو شتێک، بەدوای گەشەپێدانی کوالیتی بەرز بکەوین. نوێخوازی چینی رێگای نوێخوازی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو فراوانتر دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستکەوتی نوێ لە گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی چین، و دەرفەتی زیاتر بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوو بۆ هه‌ماهه‌نگی و گەشەسەندن دەهێنێتە ئاراوە.
لە جیهاندا ته‌نها یه‌ك رێگا و یه‌ك نموونه‌ی نوێخوازی گونجاو بۆ هه‌موو لایه‌ك نییە. لە چینی ئەمڕۆدا، پیشەسازیی نوێ، زانیاری، شارنشینی و نوێخوازی کشتوکاڵی بە شێوەیەکی بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچن و شارستانییەتی ماددی، شارستانیەتی سیاسی، شارستانیەتی رۆحی، شارستانیەتی کۆمەڵایەتی و شارستانیەتی ژینگه‌یی بە هاوده‌نگی گەشە دەکەن. رێگای نوێخوازی چینی پەرە بە خودی چین خۆی دەدات و هەروەها سوود بە جیهان دەگەیەنێت و هەڵبژاردەیەکی نوێ بۆ گه‌لی عیراق و هەرێمی کوردستان دەڕەخسێنێت کە دەتوانرێت وه‌كو سه‌رچاوه‌یه‌ك لەسەر رێگای گەشەپێدان بەکاربهێنرێت. چین ئاماده‌یه له‌گه‌ڵ گه‌لی عیراق و هەرێمی کوردستان کاربکات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و رێگا نوێخوازییه‌ی که له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندی گه‌شه‌پێدانی خۆیاندا ده‌گونجێت و سوودی به‌رجه‌سته‌ی زیاتر بۆ گه‌لانی هه‌ردوو لا به‌ده‌ستبهێنرێت.   

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket