riklam

سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆبونەوەی باڵای دەستپێشخەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز دەکات

عیراق 10:53 AM - 2022-11-08

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی یەکشەممە ٦ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفرانسی باڵای جیهانی کەشوهەوای COP27 گەیشتە شاری شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی و لە میانی بەشداریکردنی لەو کۆنفرانسەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا روناکی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە لەوانەش کەمی ئاو و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کشتوکاڵ و زۆنگاوەکان و ژیان، هاوکات هەر لەو سەردانەدا سەرۆک کۆمار چاوی بە ژمارەیەک لە سەرانی وڵاتانی برا و دۆست دەکەوێت.

لەو سەردانەدا سەرۆک کۆمار لەلایەن عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسری عەرەبی و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لێکرا.

سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆبونەوەی باڵای دەستپێشخەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز دەکات

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید ، رۆژی دووشەممە ٧ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، بەشداریکرد لە دووەمین خولی کۆبونەوەی باڵای دەستپێشخەری خۆرهەڵاتی ناوەڕاستی سەوز کە لە شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی و لە پەراوێزی کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوا COP 27 بەڕێوەدەچێت.

لە میانی کۆبونەوە باڵاکەدا  بە سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر و محەمەد کوری سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە و بە بەشداری ژمارەیەک سەرکردە و سەرانی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دەرەوەی وڵات، دیارترین کێشە ژینگەییەکان و ئاڵەنگارییەکانی کەشوهەوا کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بۆتەوە و هەرەوەها کاریگەرییان  لەسەر ئاستی جیهانی تاوتوێ کران.

سەرۆک کۆمار چاوی بە ژمارەیەک لە سەرانی وڵاتانی برا و دۆست دەکەوێت

لە پەراوێزی کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوا (  COP 27 ) و  کە لە شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی بەڕێوەدەچێت، سەرۆک کۆمار  دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، ڕۆژی دووشەممە، ٧ی نۆڤەمبەری٢٠٢٢، لەگەڵ بەشێک لە سەرانی وڵاتان و سەرۆکی وەفدەکان کۆبووەوە کەبەشداری کۆنفرانسەکەیان کردبوو.

کۆبوونەوەکان بریتی بوون لە گەیاندنی سڵاو ستایش و هەروەها گفتوگۆکردنی دۆستانە  و دەربرینی خواست بۆ پەرەپێدانه پەیوەندی و کارکردنی بەردەوام لەنێوان  گەلی عیراق و وڵاتاندا .

سەرۆک کۆمار لە کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوا (COP 27) وتارێک پێشکەش دەکات

 

سەرۆک کۆمار، دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی ٧ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢ ، لە شاری شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی بەشداریکرد لە کۆبونەوەی باڵای کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان COP 27  .

لە میانی دانیشتنەکەدا، سەرۆک کۆمار وتارێکی پێشکەش کرد کە تیایدا روناکی خستە سەر ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی عێراق بووەتەوە لەوانەش کەمی ئاو و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کشتوکاڵ و زۆنگاوەکان و ژیان.

سەرۆک لەتیف جەمال رەشید باسی لەو چارەسەرانە کرد لە عێراق کە گیراونەتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاستەنگانە، جەختی کردەوە لە گرنگی هەماهەنگی هەوڵە مرۆییەکان بۆ هەمەهانگی هاوبەش و کاریگەر لە پێناو پاراستنی بون و ژیان.

 
سەرۆک کۆمار پێشوازی دەکات لە سەرۆک وەزیری تونس

لە پەراوێزی کۆنفرانسی باڵای کەشو هەوا COP 27  کە لە شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی بەڕێوەدەچێت ، سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید ، رۆژی دووشەممە  ٧ ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢ ، پێشوازیکرد  لە خاتو نەجلا بودن سەرۆک وەزیری تونس.

لە سەرەتای دیدارەکەدا ،سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی خۆی و  بەڕێز قەیس سەعید سەرۆک کۆماری تونسی گەیاندە فەخامەتی سەرۆک کۆمار بەبۆنەی هەڵبژاردنی و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە کارەکانیدا، هەروەها گەلی عێراقش بە پێشکەوتن و سەرفرازی شاد بێت.

سەرۆک کۆمار سوپاس و ستایشی پیرۆزبایی سەرۆک و سەرۆک وەزیری تونسی کرد و خواستی عێراقی بۆ چەسپاندنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی بنیاتنان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونی هەردوولا  لە بوارەکانی پەروەردە، گەشتوگوزار، ژینگە و سێکتەرەکانی تر کە لە بەرژەوەندی هەردوو وڵات بێت دووپاتکردەوە .

سەرۆک وەزیری عێراق، بەرژەوەندی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئێستای نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پێشخستنی دووپاتکردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک وەزیر و لێپرسراوی وەفدی عێراق و تونس ئامادەبوون.

سەرۆک کۆمار لەگەڵ پاشای شانشینی ئوردونیش کۆبوەوە

لەو چوارچێوەیەشدا سەرۆک کۆمار چاوی بە شا عەبدوڵای دووەم پادشای شانشینی ئوردنی هاشمی دەکەوێت و سوربونی عێراق دووپاتدەکاتەوە لە پشتیوانی ‌هەوڵە چڕوپڕە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی كەشو هەوا
لە میانی دیدارەکەدا ،سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لە پەیوەندیی لە مێژینەو و رایەڵە  برایەتیی نێوان هەردوو گەلی برا ، هەروەها گرنگی چەسپاندنی ئامرازەکانی هاریکاری لە هەموو بوارەکاندا لەپێناو خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات .

لە دیدارەکەدا کە دکتۆر فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە و حسێن کوری عەبدوڵڵا جێنشینی ئوردن ئامادەی بوون، سەرۆک کۆمار ئاماژەی کرد عێراق سورە لەسەر یەکخستنی هەوڵەکان و پاڵپشتی هەوڵە بەردەوامە نێودەوڵەتییەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا کە هەڕەشەن لەسەر ناوچەکە و جیهان بەگشتی.

لای خۆیەوە شا عەبدوڵڵای دووەم خۆشحاڵی خۆی بە دیداری سەرۆک لەتیف جەمال ڕەشید دەربڕی و ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئوردن کرد و  گرنگی فراوانکردنی چوارچێوەی هاریکاری و کاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان کە لە بەرژەوەندی هەردوو گەلی برا بێت .

هەر لە دیدارەکەدا هەردوولا  باسیان لە پێشهاتە سیاسییەکانی لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی کرد و جەختیان کردەوە لە پێویستی یەکخستنی هەڵوێستەکان لەسەر کیشەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.

 

سەرۆك كۆمار پێشوازی لە وەزیری دەوڵەتی بریتانیا بۆ كاروباری دەرەوە و كاروباری كۆمۆنوێڵسی بریتانی دەكات 

 

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید ، رۆژی سێشەممە ٠٨-١١-٢٠٢٢ لەشوێنی حەوانەوەی خۆی لە شەرم شێخ پێشوازیکرد لە جەیمس کلیفرلی وەزیری دەوڵەتی بریتانیا بۆ کاروباری دەرەوە و کاروباری کۆمۆنوێڵس و گەشەپێدانی بریتانی.
 لە میانی دیدارەکەدا، کە لە پەراوێزی کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان COP 27 بەڕێوەچوو، پەیوەندی دۆستایەتی و هاریکاری نێوان عێراق و شانشینی یەکگرتوو و ڕێگاکانی پەرەپێدانیان تاوتوێ کرا.
 سەرۆک کۆمار کاریگەرییە ئابوورییەکانی  سەرعێراق و گەلەکەی کە لە ماوەی ڕابردوودا رووبەروی بۆتەوە شیکردەوە، بەتایبەتی لە کاتی جەنگی دژی تاقمی تاوانکاریی داعش، بەڵام پێداگری عێراقییەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی، وایکرد وڵات پێگەی شایستەی خۆی لە ناوچەکەدا بپارێزێت، ئاماژەی بەوەش کرد عێراق لە ئێستادا خاوەنی بارێکی ئابووری بەهێزە کە وای لێدەکات بتوانێت ئەو پڕۆژانە بەدیبێنیت کە خزمەت بە نەوەکانی دەکات.
 هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆکرا لەبارەی کێشە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا لە ناوچەکە و جیهان و کاریگەرییە نەرێنییەکانیان لەسەر زیادبوونی بیابانبوون و کەمی ئاو، کە کاریگەری لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان دروست کردوە و زیانی تەندروستی و ئابووری لێکەوتۆتەوە.
 سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەشدا دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر هەموو مرۆڤایەتی هەیە، بەڵام عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە کاریگەری زۆری لەسەرە و زیانی پێگەیاندوە، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە ، هەروەها گرنگی هاریکاری نێودەوڵەتی و دابینکردنی پێویستییەکانیشی دوپاتکردەوە کە پشتیوان دەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر ئەم مەترسیانەدا لە ڕێگەی کاری هاوبەشی جددی و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانەوە.
 لای خۆیەوە وەزیری دەوڵەتی بریتانیا بۆ کاروباری دەرەوە و کاروباری کۆمۆنوێڵس ستایشی عێراق و گەلەکەی کرد، ئاماژەی دا بە گرنگی پەیوەندییە نزیکەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا ، بە تایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە چونکە ئەم دیاردەیە کاریگەری لەسەر هەموو گەلانی جیهان دروست کردوە، هەروەها ئاماژەی کرد  بۆ گرنگی بەهێزکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و چالاککردنی پلانە کان  لەڕێگەی هەوڵێکی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە.

سەرۆک کۆمار بەشداری لە کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی دەستپێشخەری گۆڕانی کەشوهەوا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکات  

سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید ، رۆژی سێشەممە ٨ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، بەشدارییکرد لە کۆبوونەوەی تاوتوێکردنی دەستپێشخەری گۆڕانی کەشوهەوا لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کە لە پەراوێزی کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان COP 27 لە شەرم شێخ لە کۆماری میسری عەرەبی بەڕێوەدەچێت. 
لە میانی دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار رووناکئ خستە سەر ئەوەی جیهان زۆر  پێویستی بە زانیاری و پێشکەوتنی زانستی هەیە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی جددی لە پێناو ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا، ئاماژەشیکرد بە پێویستی هەوڵێکی هاوبەشی نێودەوڵەتی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو، سەرۆک کۆمار رایگەیاند ئەم ڕێوشوێنانە کاتیان پێویستە، بەڵام دەبێت بخرێنە کار و بودجەی پێویست دابین بکرێ بۆ ئەوەی بخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرۆک کۆمار ئاماژەی دا بە  پیسبوونی ژینگە وبە چەند  هۆکارێکی بەستەوە ، لەوانە زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و بەکارهێنانی وزە لە پیشەسازی و گواستنەوەدا ، هەروەها راشی گەیاند سەرچاوەکانی ئاویش کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی پیسبوونیەوە، ئاماژەشی بەوەدا سیاسەتی هەرێمایەتی ، ئەگەر دابەشکردنی ئاو بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بێت، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی بیابانبوون. 
سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە لەسەر پێویستی پەرەپێدانی چارەسەر و ڕێککەوتنی ڕیشەیی کە یارمەتیدەر بێت لە ڕێکخستنی بەکارهێنانی سەرچاوەکانی ئاو ، بەمەش پێویستی بە هاریکاری و لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی هەیە کە رۆڵی هەبێت لە بەکارهێنانی ئاو بەشێوەیەکی رێکخراو.



سەرۆک کۆمار دەگاتەوە خاکی نیشتمان

 سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال ڕەشید، رۆژی سێشەممە ٨ی نۆڤێمبەری ٢٠٢٢، گەیشتەوە بەغدادی پایتەخت دوای بەشداریکردنی لە کارەکانی کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان COP 27، کە لە شەرم شێخی کۆماری میسری عەرەبی بەڕێوەچوو.

 سەرۆک کۆمار لە کۆنفرانسی باڵای کەشوهەوا وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا بە وردی ئاستەنگەکانی بەردەم عێراقی خستەڕوو کە پەیوەستن بە کەمی ئاو و کاریگەری نەرێنی لە سەر کشتوکاڵ و زۆنگاوەکان و ژیان.

 سەرۆک کۆمار  روناکی خستە  سەر ئەو رێگەچارانەی عێراق پەیڕەوی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم ئاستەنگانە، جەختیشی کردەوە لە گرنگی هەماهەنگی هەوڵە مرۆییەکان بۆ کاری هاوبەش و کاریگەر لە پێناو پاراستنی ژیان و بوندا.
 سەرۆک دکتۆر لەتیف جەمال رەشید لە پەراوێزی کۆنفرانەسەکەشدا،  بەشداری چەندین کۆبونەوەی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە سەران و سەرۆکی وەفدەکانی وڵاتانی برا و دۆست کۆبۆوە .

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket