riklam

یه‌كێتی چاره‌سه‌ری ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان له‌كارنامه‌ی سودانی دا جێده‌كاته‌وه‌

کوردستان 02:13 PM - 2022-10-30
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌كابینه‌كه‌ی سودانی، به‌ تێڕوانینێكی نوێوه‌ بۆ تێكڕای كێشه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی پرۆژه‌ی پێشكه‌ش كردووه‌، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بۆ پرسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، ته‌ئكیدی له‌جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ مافێكی ده‌ستوورییه‌و له‌م كابینه‌یه‌دا پێویسته‌ جێبه‌جێ بكرێت، هه‌روه‌ها هه‌وڵده‌درێت ئه‌نجامی شكستی ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان راستبكرێته‌وه‌.

یه‌كێتی به‌ متمانه‌وه‌ له‌ كابینه‌كه‌ی سودانی ده‌ڕوانێت

حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكات لێپرسراوی بۆردی پێكهاته‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند: یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ متمانه‌وه‌ له‌ كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی ده‌ڕوانێت، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌م له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان و هه‌میش له‌ كابینه‌ی نوێ، چه‌ند بابه‌تێكی هه‌نووكه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی وه‌ك پرۆژه‌ پێشكه‌ش كردوه‌و هیوا ده‌خوازێت جێبه‌جێ بكرێن.

پێویسته‌ ئه‌وه‌ی له‌دوای شكستی ریفراندۆمه‌كه‌ روویدا راستبكرێته‌وه‌

به‌هۆی شكستی ریفراندۆمه‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌رداهات و به‌ رۆژی رووناك زه‌وی و زاری كورد، عه‌ره‌بی هاورده‌ی لێ جێگیر ده‌كرێن و ناحه‌قی زۆر به‌رامبه‌ر جوتیارانی كورد ده‌كرێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زیاتر له‌ 10 هه‌زار مامۆستاو فه‌رمانبه‌ری ئه‌و شاره‌ له‌مافه‌كانیان بێ به‌شكراون.
لێپرسراوی بۆردی پێكهاته‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وتیشی: پرسی داگیركردنی زه‌وی و زاری هاووڵاتیانی كوردو گواستنه‌وه‌ی 10 هه‌زار فه‌رمانبه‌رو مامۆستای خوێندنی كوردی بۆ سه‌ر حكومه‌تی عیراق و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌تایبه‌ت دوای ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ له‌ئه‌نجامی شكستی ریفراندۆمه‌كه‌ روویدا، ئه‌و پرسانه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جه‌ختی له‌سه‌ر كردوه‌ته‌وه‌و پێویسته‌ رێڕه‌وی خۆی وه‌ربگرێته‌وه‌.

حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی له‌به‌رده‌م ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی دایه‌

ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی وتی: جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 ئه‌ركێكی ئه‌خلاقی ئه‌م كابینه‌یه‌ی حكومه‌تی عیراق ده‌بێت و پێویسته‌ كاری له‌سه‌ر بكات، چونكه‌ هه‌مووان ده‌نگیان له‌سه‌ر ئه‌و مادده‌یه‌ داوه‌ كه‌له‌ده‌ستووردا جێگیر كراوه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی نه‌بوونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌ئێستادا پارێزگاری كه‌ركوك به‌ وه‌كاله‌ت به‌ نایاسایی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌كارده‌هێنێت.

گه‌نده‌ڵی له‌ خه‌رجی داهات به‌رۆكی كه‌ركوكی گرتووه‌و خه‌ڵكی شاره‌كه‌ به‌گشتی له‌خزمه‌تگوزارییه‌كان ناڕازی و گۆڕانكاری له‌پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ رێگاچاره‌یه‌كی گونجاو داده‌نرێت.

"گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆر له‌ خه‌رجكردنی داهاتی كه‌ركوك هه‌یه‌ و یه‌كێكی دیكه‌ی ئه‌و پرسانه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتی به‌جدی له‌م كابینه‌یه‌دا كاری له‌سه‌ر ده‌كات، هه‌روه‌ها گۆڕینی پارێزگاری كه‌ركوك و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكه‌ كه‌ ئه‌مه‌ مافی هه‌موو تاكێكی خه‌ڵكی شاری كه‌ركوكه‌ له‌ئه‌جندای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌و كاری بۆ ده‌كات و پێویسته‌ ئه‌و پرسانه‌ یه‌كلا بكرێنه‌وه‌"، حه‌سیبه‌ عه‌بدوڵڵا وای وت.

یه‌كێتی پۆست بۆ خزمه‌ت وه‌رده‌گرێت

یه‌كێتی له‌گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عیراق، گرنگی زۆری به‌پرسی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان داوه‌و پره‌نسیبی خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی خستوه‌ته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی.

"یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ر پۆستێك له‌ كابینه‌كه‌ی سودانی وه‌ربگرێت به‌ پۆسته‌كانی پارێزگای كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌شه‌وه‌، بۆ خزمه‌ت ئه‌و پۆستانه‌ وه‌رده‌گرێت و ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بووی ئه‌و كاته‌ بكاته‌وه‌ كه‌له‌ دوای شكستی رفراندۆمه‌كه‌وه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌گشتی و كه‌ركوك به‌تایبه‌تی هاتووه‌"، ئه‌ندامه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان وای وت.

چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی كه‌ركوك له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی یه‌كێتییه‌

گه‌یلان قادر ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKMEDIA ی وت: سه‌رۆكی یه‌كێتی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای گفتوگۆكانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان، پرسی كه‌ركوك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی كردووه‌ به‌ ئه‌وله‌ویه‌تی كاره‌كانی و به‌روونی هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ی خستوه‌ڕوو و داوای چاره‌سه‌ر كردنی كردووه‌.

یه‌كێتی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان رێككه‌وتووه‌ كه‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان له‌شاره‌كان بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌وكاته‌شدا دۆخی ئه‌منی شاره‌كان به‌ كه‌ركوك و خانه‌قین و دوز و مه‌خمور و شه‌نگالیشه‌وه‌، بدرێته‌ ده‌ست پۆلیسی ناوه‌ندی، ئه‌مه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی ئه‌و بارودۆخه‌یه‌ كه‌ له‌و ناوچانه‌دا تێده‌په‌ڕێت.

"پرسێكی گرنگی دیكه‌ كه‌ یه‌كێتی باسی لێوه‌كردوه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌و هێزه‌ ئه‌منیانه‌ی له‌ئێستادا له‌كه‌ركوك و ناوچه‌كانی دیكه‌ هه‌ن، ببرێنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و له‌جێی ئه‌وان پۆلیسی فیدراڵی جێگیر بكرێن، تا ئه‌و كاته‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ كه‌ركوك ده‌كرێت، كه‌ ئه‌وه‌ش باشترین چاره‌سه‌ره‌ بۆ ئێستای كه‌ركوك و ئه‌و ناوچانه‌"، گه‌یلان قادر وای وت.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket