riklam

زیندانیانی بادینان لە ئەلفەوە تا یا

کوردستان 05:34 PM - 2022-10-29
زیندانیانی بادینان

زیندانیانی بادینان

دوای زیاتر لە دوو ساڵ، هێشتا ژمارەیەك رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان لای پارتی دیموكراتی كوردستان لەزینداندان،  لە كاتێكدا سەرۆكی هەرێم لە شوباتی 2022 دا بەمەرسومێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەسەدا 60ی سزای پێنج چالاكوان و رۆژنامەنوسە سزادراوەكەی بادینانی كەمكردەوە، بەڵام دوای 9 مانگ لەسەر دەرچوونی ئەو مەرسوومە هەرێمییەش دادگای هەولێر ئامادەنییە بە ئازادكردنی مەرجداریش ئەو رۆژنامەنوس و چالاكوانانە ئازاد بكات، جگە لەوەی وادەی سزاكەشیان كۆتایی هاتووە.

شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا، رۆژنامەونووس و چالاكوانە دەستگیكراوەكانی بادینان، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی ئەو زیندانیانەش بە PUKMEDIA سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی راگەیاند: " لەبەر لایەنگری دادگای هەولێر بۆ حزبێكی دیاریكراو زیندانیان داوایان لێكردووم كەیسەكەیان بۆ چاكسازی گەورانی سلێمانی بگوازرێتەوە".

زیندانیانی بادینان داوا دەكەن كەیسەكەیان بگوازرێتەوە بۆ سلێمانی

ئەو پێنج چالاكوان و رۆژنامەنووسەی بادینان لە 16ی شوباتی 2021 لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرە بە "تاوانی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی" هەریەكەیان سزای شەش ساڵ زیندانكردنیان بەسەردا سەپێنراو ئەو بڕیارەش كاردانەوەی ناوخۆیی و بیانی لێكەوتەوە.

خودی دادگای هەولێر یاسا پێشێل دەكات

بەشدار حەسەن سەرۆكی تیمی پارێزەرانی زیندانیانی بادینان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "ماوەی یەك مانگ زیاترە “بڕیاری ئازادكردنی دووان لە زیندانیانی بادینان لە لایەن دادگای تاوانی دهۆكەوە دەرچووە، بەڵام تائێستا ئازاد نەكراون و خودی دادگای هەولێر یاسا پێشێل دەكات".

"دادوەرەكانی دادگای دووی دەشتی هەولێر، كار بە یاسا ناكەن و سەریان لە ئێمەش و پارێزەرەكانی دیكەش شێواندووە و خۆیان چیان بوێت بەوشێوەیە كار دەكەن، هەر بۆیە داوامان كردووە بۆ پاراستنی مافەكانیان زیندانیانی بادینان، كەیسەكەیان رەوانەی چاكسازی سلێمانی بكرێت" بەشدار حەسەن وایوت.

چارەنوسی شێروان شیروانی نادیارە

بەوتەی سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوەكانی بادینان، كێشەكە لە چارەسەری یاسایی دەرچووە و كار بەیاسا و دادگاش ناكرێت. 

بەشدار حەسەنی پارێزەر دەڵێت:" بەحوكمی ئەوەی ئەو لایەنە سیاسییەی لەپشت سزادانی زیندانیانی بادینانەوەیە لە هەولێر بەسەر هەموو دامەزراوەیەكدا زاڵە، هەروەها دەیان جار ئەو گیراوانە سزادراون و بێ بەشكراون لەچەندین مافی سەرەتاییان".

" هەفتەیەكە رۆژنامەنوس شێروان شیروانی لەلایەن هێزێكی ئەمنییەوە لەزیندان نەماوە و دیارنییە لەكۆییە، دوای چەندین هەوڵی ئێمە و پەرلەمانتاران و رێكخراوەكانی مەدەنی، تائێستا كەس نازانێت لەكوێیە و چارەنووسی نادیارە." سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دەستگیركراوەكان وادەڵێت.

حكومەت گوێ لەناوەوە و دەرەوەی زیندان ناگرێت

لەدەرەوەی زیندان چالاكوانان و رۆژنامەنوسان و رێكخراوەكانی مەدەنی لەهەولێر و سلێمانی، چەندینجار گردبوونەوە و ناڕەزییان لەدژی بڕیارە حزبییەكانی دادگای هەولێر دەربڕی، لەناو زیندانیش سزادراوان چەند جارێك مانیان لەخواردن گرت، تا گەیشتەی ئەوەی باری تەندروستییان تێكبچێت، بەڵام گوێیان لێنەگیرا و كەیسەكەیان وەك ئەوەی حزبێكی دیاریكرا و مەبەستی بوو مایەوە.

دادگا سەروەر نییە و دەستی حزبی تێدایە

زێدان برای گۆهدار زێباری كە یەكێكە لەزیندانیانی بادینان قسەی بۆ PUKMEDIA كرد و دەڵێت: "ئەگەر دادگا سەروەر بوایە و دەستی حزبی تێدا نەبێت، دەبوو رۆژی 21ی ئابی ئەمساڵ گۆهدار و هاوڕێیەكانی لەگەڵ زیندانیانی شیلادزێ ئازاد بكرێن، بەڵام دادگای هەولێر هێشتا ئامادەنییە بە ئازادكردنی مەرجداریش ئازادیان بكات".

"داوا لە هەموو لایەك دەكەین رێگە بەهیچ كەسێك نەدەن چیتر دەستی دەستی بە زیندانیانی بادینان بكات و بە زووترین كات ئازاد بكرێن، چونكە بەپێی هەموو پێوەرێك ماوەكەی خۆیان لە زیندان تەواوكردووە". زێدان زێباری وایوت

یەكێتی ئەوروپا نیگەرانی خۆی بەحكومەتی هەرێم راگەیاندوە

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و تەنانەت نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپاش لە عیراق نیگەرانی خۆی لەبارەی سەپاندنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ حوكمدراوانی بادینان دەربڕی و لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، "ئازادیی رادەربڕین، ئازادیی رۆژنامەوانی و مافی دادگایی كردنێكی دادپەروەرانە لە بنچینە سەرەكییەكانی كۆمەڵگەیێكی دیموكراسین."

نوێنەرایەتی یەكێتی ئەوروپا راشیگەیاندوە: "نیگەرانین لەناوهێنانی كۆنسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوی سزادانی چالاكوانانی بادینان و دادگای پێداچوونەوەی هەولێر كە گوایە سزادراوان هاوكاری داراییان لەو كۆنسوڵخانەیە بە مەبەستێكی دیاریكراو وەرگرتبێت".

لەو كاتەدا یەكێتی ئەوروپا داواشی لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، بەتەواوی پابەندی مافەكانی مرۆڤ بێت، لەنێویاندا "دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە" بۆ حكومدراوانی بادینان و دابینكردنی ئازادیی رادەربڕینی تەواوەتی و ئازادیی رۆژنامەوانی بۆ هاووڵاتیان.

رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ رایگەیاند: بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان "نادادپەروەرانە" بوو.

رێكخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ داوای ئازادكردنی بێمەرجی حوكمدراوانی بادینان كرد و رایگەیاند: بڕیارەكەی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان كە لە 28ـی نیسانی 2022 دەرچووە، "نادادپەروەرانە" بووە و پێویستە ئەو پێنج كەسە بە زووترین كات و بەبێ هیچ مەرجێك ئازاد بكرێن.

شێروان شێروانی: كێ لەئێوە قبوڵی دەكات هەڕەشەی هێنانی خێزانی لێبكەن

لەدوای پڕۆسەی دادگایی كردنی ئەو چالاكوان و رۆژنامەنوسانە لە لایەن دادگای هەولێرەوە، كاتێك بەشێك لەپەرلەمانتارانی هەرێم و پارێزەرانی كەیسەكە ئامادەی بوون رایانگەیاند: "شێروان شێروانی لەبەردەم دادگا بەدادوەرەكەی وتووە كێ لە ئێوە قبوڵی دەكات هەڕەشەی هێنانی خێزانی لێبكەن تا دانپێدانانەكەی ئیمزا بكات؟!".

سەنتەری میترۆ داوای لێبوردنی گشتی لەسەرۆكی هەرێم دەكات

هەر لەسەر كەیسی زیندانیانی بادینان سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی كردن لە مافی رۆژنامەنووسان دوای بڕیاری دادگای رایگەیاند: "دووبارە داوا لەسەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین، داخوازی ئێمەو ئەو رێكخراوانەو خێزانی حوكمدراوان، فەرامۆش نەكات و لێبوردنیان بۆ دەربكات، چونكە لە رووی یاساییەوە قۆناغێكی راستكردنەوەی بریاری دادگا نەماوە، تەنها دەركردنی بڕیاری لێبوردنی تایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیارەكە هەڵدەوەشێتەوە".

"لەبەرئەوەی بڕیاری كۆتایی دادگای پێداچوونەوە، هەمان بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێر بوو، داوا لەسەرۆك هەرێم دەكەین دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاربهێنێت و لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات". سەنتەری میترۆ وادەڵێت.

ماوەی یاسایی خۆیان لەزیندان تەواو كردوەو ئازاد ناكرێن

لەمانگی 10 ی ساڵی 2020 وە بەشێك لە رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان كە ژمارەیان زیاتر لە 80 كەس بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایشی نیشتمانی و خۆپیشاندان دەستبەسەركراون و دووانیان ئازادكراون و بەشێكی دیكەیان تائێستا لە زیندانەكاندان ماونەتەوە، ئەمە جگە لەوەی ماوەی یاسایی خۆیان لەزیندان تەواو كردووە، بەڵام وەك سەرۆكی تیمی پارێزەرانی زیندانیانیش دەڵێت، هێشتا دادگا دووی دەشتی هەولێر ئامادەنییە بە ئازداكردنی مەرجداریش ئازادیان بكات، هەر ئەمەش وایكردوە كە زیندانییەكان (شێروان شێروانی، شڤان سەعید، گوهدار زێباری، ئەیاز كەرەم، هەریوان عیسا) و چەند چالاكوانێكی دیكە داوا بكەن كەیسەكەیان بۆ سلێمانی بگوازرێتەوە، تا دەستوەردانی حزب لەم كەیسە دووربخرێتەوە. 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket