riklam

یەكێتیی بە قورسایی زیاترەوە لە بەغدا دەبێت

کوردستان 11:24 AM - 2022-10-22
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە قورسایی سیاسیی زیاترەوە ئامادەیی لە بەغدا دەبێت و یەكەمین كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیی بە سەرپەرشتی سەرۆكی یەكێتیی لەدوای ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال كرا، لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندیش ئاشكرایدەكات :" یەكێتی ئامادەیی بەردەوامی لە عیراق دەبێت و پشتیوانی حكومەتی نوێ دەكات بەوپێیەی بەغدا سەنگەری یەكەمی بەرگرییە لەمافەكانی گەلی كورد".

دوای هەڵبژاردنی سەرۆككۆماری عیراقی، جوڵە سیاسییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە پرسی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت و داكۆكیی لە مافەكانی گەلی كورد.

 

سۆران جەمال تاهیر وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKMEDIAی راگەیاند"یەكێتی چەند بنەمایەكی نەگۆڕی لە كاری سیاسیدا هەیەو كارنامەیەكی پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق".

د.سۆران جەمال تاهیر وتیشی: "یەکێتی لە هەوڵی ئەوەیە کە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بچەسپێنێ و ئەمەی لا گرنگترە لە پۆستی وەزاری و پۆستەکانی دیکە، وتەبێژی رەسمی یەكێتیی ئاشكرایكرد " دەبێت یەكێتی دوو وەزارەتی بەر بكەوێت لەو چوار وەزارەتی كەپشكی كوردە".

لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن دەڵێت: "سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لە بەغدا تەئكیدی كردەوە كە یەكێتی لەرێگەی وەفدەكانی و كردنەوەی دامەزراوە رێكخراوەییەكانییەوە، ئامادەیی بەردەوامی لەبەغدا دەبێت، ئەم ئامادەبوونەش بۆ پاڵشتی حكومەتی نوێی عیراق و پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستانە لە عیراق".

یەكێتی وەك حزبێكی سیاسی لەبەغدا، پێگە و بایەخی لەگۆڕەپانی سیاسی عیراق هەیە

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەو بۆشاییە لە بەغدا پڕدەكاتەوە كە لە دوای ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال لە بەغدا دروستبووەو بەتایبەتی ئامادەیی سیاسی و دیپلۆماسی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان.

ستران عەبدوڵڵا  لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن دەڵێت " ئامادەبونی یەكێتی وەك حزبێكی سیاسی لەبەغدا، پێگە و بایەخی لەگۆڕەپانی سیاسی عیراق هەیە، كۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال بۆشایی لەبەغدا دروستكرد".

" ئامادەبوونی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی و بەشداریكردنی كارای لەگفتوگۆكانی دوای هەڵبژاردن بۆ نزیككردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان بەمەبەستی پێكهێنانی حكومەت و ئامادەیی یەكێتیی لەبەغدا بۆ داخوازی بەركەوتەكانی كورد لەحكومەتی نوێ و داڕشتنەوەی كارنامەی حكومەت، كاریگەری گەورەیان لە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ساڵانی رابردوو دەبێت كە بەهۆی ئەو جەمسەرگیرییەی نێوان هەولێر و بەغدا دروست ببوون" لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن وادەڵێت.

یەكێتیی كارنامەی پێشكەشكردوە و دوو وەزارەتیش پشكی یەكێتییە

محەمەد شیاع سودانی سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت سەرقاڵی پێكهێنانی كابینە نوێكەیەتی و لە دەرگای لایەنە سیاسییەكان دەدات بۆ بەشداریكردن و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كارنامەی خۆی هەیە و پێشكەشیكردووە.

وتەبێژی یەكێتیی دەڵێت:" یەكێتی نیشتمانیی لەڕێگەی كۆبوونەوە و گفتوگۆكانی لەگەڵ محەمەد شیاع  ئەلسودانی سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، كارنامەیەكی پێشكەشكردووە لە چوارچێوەی بەشداریكردنی لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی بەپێی دەستوری عیراق". 

" پشكی كورد لە حكومەتی داهاتوودا چوار وەزارەتە، كە وەزارەتێكیان سیادییە و پێشبینی دەكەین  یەكێتی دوو وەزارەتیان وەربگرێت، لەگەڵ ژمارەیەك دەستەو بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی لە حكومەتی داهاتوودا". د.سۆران وادەڵێت.

دەوڵەتی قانون: لەگەڵ تێڕوانینەكانی یەكێتی داین

پرۆژەو پێشنیازەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی قبوڵكراوی لایەنە عیراقیەكانیشە و پشتیوانی لێدەكرێت، لە بەشداری هەموان لەپَكهێنانی حكومەتی نوێ دا.
محمد صەیهود پەرلەمانتاری دەوڵەتی قانون لەئەنجومەنی نوێنەران بە PUKMEDIAی راگەیاند: "لەگەڵ پێشنیارەكانی یەكێتی بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق هاوڕاین و هەمان بۆچونمان هەیە".

"پرۆسەی سیاسی لەرابردوودا دووچاری ئاڵنگاری و مەترسی گەورە بۆتەوەو پێویستمان بەبۆچونەكانی یەكێتییە تاوەكو وەك چوارچێوەی هەماهەنگی لەپێكهێنانی حكومەتی نوێدا بەهاوبەشی هەمووان و تەوافوقی لایەنەكان هەنگاوی بۆ بنێین و بەئاڕاستەی حكومەتێكی تەوافوقی خزمەتگوزار كاربكەین".پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی قانوون وادەڵێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket