riklam

سەرۆككۆماری نوێی عیراق دەستبەكاربوو

عیراق 11:25 AM - 2022-10-17
د. لەتیف رەشید وەك سەرۆككۆماری نوێی عیراق دەستبەكاربوو

د. لەتیف رەشید وەك سەرۆككۆماری نوێی عیراق دەستبەكاربوو

د. لەتیف رەشید سەرۆككۆماری نوێی عیراق دەستبەكاربوو و لە وتەیەكیشیدا رایگەیاند، "پێویستە حكومەتی نوێی عیراق بەپەلە پێكبهێنرێت و هەموو هەوڵێكیش دەخەمەگەڕ بۆ نزیكبوونەوەی لایەنەكانی عیراق و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا دەدەم".

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەڕاسیمی پێشوازی و دەستبەكاربوون بۆ  د. لەتیف رەشید سەرۆككۆماری نوێی عیراق لە كۆشكی سەلام بەڕێوەچوو كە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و د. فو‌واد مەعسوم سەرۆككۆماری پێشووتری عیراق و توێنەری لایەنە سیاسییەكان و باڵیۆز و دیپلۆماتكاران ئامادەیبوون.

دوای رێوڕەسمی پڕۆتۆكۆڵی د. لەتیف رەشید سەرۆككۆماری  عیراق وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: "سوپاسی گەلی عیراق و لایەنە سیاسییەكان و مەرجەعیەت و هەموو ئەو كەسولایەنانە دەكەم كە هاوكاربوون لە سەركەوتنی ئەم پڕۆسەیە".

وتیشی: " پێویستە حكومەتی نوێی عیراق بەپەلە پێكبهێنرێت و چاومان لەسەر بەرژەوەندی گەلی عیراقە، هەموو هەوڵێك دەخەمەگەڕ بۆ نزیكبوونەوەی لایەنەكانی عیراق و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا دەدەم".
وتیشی: "رێز لە شەهیدان و قوربانیانی گەلانی عیراق دەگرین و  هیوای سەركەوتن بۆ هەموو لایەك دەخوازم".

دەقی وتارەكەی سەرۆككۆماری عیراق:
هیوای سەركەوتن بۆ هەمووان دەخوازم، سوپاسی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەكەم بۆ متمانەدانیان پێم بۆ ئەوەی بتوانم بەرپرسیارییەتیی و ئەركەكانم لە پۆستی سەرۆككۆمار  ئەنجامبدەم، سوپاسی مەرجەعیەتی ژیر و دانای ئاینی و هەركەسێك دەكەم كە لەپێناو ئەو ئەركەدا رۆڵی بینیوە، هاوكات سوپاسی رۆڵی گەورەی ئەوكەس و لایەنانە دەكەم كە سەرپەرشتی پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆككۆماریان كردووە، سوپاسی هێزە ئەمنییەكان دەكەم كە رۆڵی گەورەیان لە پاراستنی ئەو ئیستحقاقە هەبووە، برایان، خوشكان، لەمڕۆوە دەستبە ئەنجامدانی ئەركەكانمام دەكەم، لەم ساتەوەختەدا قوربانیان و شەهیدان و بریندارانی هێزە ئەمنییەكان و ئێش و ئازار و خۆڕاگری كەسوكارەكانیانم بەبیردێتەوە، چاومان لەسەر بەرژەوەندی گەلانی عیراقە چونكە، چاوەڕوانی حكومەتێكی بەهێز و بەتوانا و لێهاتوو و یەكگرتوو دەكەن، بۆ ئەوەی خواستی هاووڵاتیان لە ئاسایش و  قوتابخانە و نەخۆشخانە و سەقامگیری و رێگاوبان و پاراستنی سامانی ئاوی و سامانە سروشتییەكان بەدیبهێنێت، هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ نزیككردنەوەی لایەنە سیاسییەكان و سەرپەرشتیكردنی دیالۆگ و وتووێژی نێوانیان بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانم و سەربۆخۆیی عیراق، هەموو كۆششێك دەكەم بۆ بەشداریكردن لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەژێر چەتری دەستووردا و هەوڵی دروستكردنی  پەوەندییەكی پتەو دەدەم لەنێوان گەلانی عیراق و وڵاتانی دراوسێ و كۆمەڵگەی نوێودەوڵەتی، لەپێناو بەرژەوەندی هاوبەش.

PUKMEDIA 


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket