riklam

مانەوەی د. بەرهەم ساڵح لەپۆستی سەرۆك كۆمار بەپێویست دەزانرێت

عیراق 01:44 PM - 2022-10-12

دوای هەوڵ و كۆبوونەوەی بەردەوامی لایەنە سیاسییەكان و بەتایبەت هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ جلال تاڵەبانی بەئامانجی لێكنزیكردنەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكان و كردنەوەی گرێكوێرەی پرۆسەی سیاسی عیراق، لەئێستادا هەنگاوەكان بەئاڕاستەی چارەسەر و ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران خێراتربوون، لەم چوارچێوەیەشدا پەرلەمانتاران و چاودێرانی سیاسی لە عیراق بەپێویستی دەزانن پۆستی سەرۆك كۆمار وەك پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامی هەبێت بە لەبەرچاوگرتنی هەڵوێستی نیشتمانییانەی یەكێتی و راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان هێز و لایەنە سیاسییەكاندا.

چوارچێوەی هەماهەنگی: "دەنگ بەكاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەدەین"

 عائید هیلالی پەرلەمانتاری عیراق لە هاوپەیمانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلێدوانێكی تایبەت بۆ PUKMEDIA رایگەیاند: "پێویستە پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەست یەكێتی دا بمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی رابردوودا سەرۆك مام جەلال  و دواتر د. فواد مەعسوم و پاشان د. بەرهەم، توانیویانە هاوسەنگی رابگرن و هیچ كێشەیەكیان دروست نەكردووە. بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم ئەزموونە سەركەوتووەی یەكێتیی لەبەرێوەبردنی پۆستی سەرۆكایەتی كۆمار بەردەوامی هەبێت".

"پێمانوایە وەك رێزێك بۆ قوربانیدانی یەكێتی و هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال لەپرۆسەی سیاسی عیراقدا، پۆستی سەرۆك كۆمار وەك پشكی یەكێتی بەردەوەامی هەبێت لەپێناو بەردەوامی پرۆسەی دیموكراسیدا" هیلالی وایوت.
 
"بەرانبەر هەڵوێستە نیشتمانییەكانی، پێویستی مانەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی گرنگە"

 حوسین مەردان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لەپێكهاتەی كوردی فەیلی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار بە  PUKMEDIA ی رایگەیاند: "یەكێتی هەمیشە هەڵوێستی روون و ئاشكرابووە لەپاڵپشتی پرۆژەی نیشتمانی لەسەرەتای پڕۆسەی هەڵبژاردن و دواتریش لەگفتوگۆی هێز و لایەنە سیاسییەكاندا، بۆیە پیشتگیری هەر كاندیدێك دەكەین یەكێتی پێشكەشی ئەنجومەنی نوێنەرانی بكات".

هەروەها وتی: "پێمان باشە رێكەوتنێك لەنێوان لایەنە كوردییەكاندا هەبێت، ئەكەر رێكەوتنیش نەكەن بێگومان دەنگ بەكاندیدی یەكێتی دەدەین، سەرۆك مام جەلال هەمیشە هەڵوێستی ئەرێنی بوو، ئەمەش متمانە و مێژووی گەورەی لەنێوان لایەنە سیاسییە عیراقییەكان و یەكێتی دروستكردووە، لەرابردووشدا هەر كەسێك لەیەكێتی پۆستی سەرۆكایەتی كۆماری وەرگرتبێت هەڵوێستی جوامێرانە و نیشتمانییانە بووە لە بەرێوەبردنی وڵات".

"باشترین چارەسەر رێكەوتنی كوردە لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار"

 عەقیل فەتلاوی پەرلەمانتاری دەوڵەتی قانون لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە  PUKMEDIA ی راگەیاند: "پۆستی سەرۆك كۆمار پەیوەندی بەكوردەوەیە، باشترە لایەنە كوردییەكان لەسەر ئەو پۆستە رێكەوتن بكەن، هیوادارین نەگەینە ئەو قۆناغەی كورد بە دوو كاندید بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن، ئەگەریش دوو كاندید هەبوون دەنگی ئێمە بۆ كاندیدی هاوپەیمانمان یەكێتی دەبێت".

كاروان یاروەیس: "ئەزموونی مام جەلال لەسەرۆكایەتی كۆمار، دڵنیایی دەدا بەهەموو پێكهاتەكان:

 كاروان یاروەیس پەرلەمانتاری یەكێتی لە ئەنجومەنی نوینەرانی عیراق لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار دەڵێت: "پۆستی سەرۆك كۆمار تەنها پۆستێكی رەمزی نییە بەڵكو پایەیەكی گرنكی تەواوكردنی تێكۆشانی دیموكراسیمانە، بەدرێژایی مێژوو هەڵوێستی یەكێتی دەربارەی عیراق و چارەسەری كێشەی كورد هەڵوێستی لۆژیكی و هاوسەنگ بوون، ئەزموونی سەرۆك مام جەلال لەپۆستی سەرۆك كۆمار ئەزموونێكی ناوازە بووە و دڵنیایی بەخشیوە بە سەرجەم هاوڵاتییان و پێكهاتەكان، مانەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار لەدەست یەكێتی درێژەپێدەری ئەو سیاسەتە دەبێت لەعیراقدا".

یاروەیس هەروەها وتی: "بابەتی هاوسەنگی بەلای یەكێتییەوە گرنگە، ناكرێت هەموو پۆستەكان لەهەرێمی كوردستان لەدەست یەك حیزبدا بێت و لەبەغداش بەهەمان شێوە بێت، بۆیە لایەنە سیاسییەكان پێیانوایە دەبێت هاوسەنگی لەنێوان لایەنە كوردستانییەكاندا هەبێت".

عەلی بەیدەر: "یەكێتی هەمیشە بژاردە نیشتمانییەكان لەبەرچاو دەگرێت"

 عەلی بەیدەر چاودێری سیاسی لەلێداونێكی بۆ  PUKMEDIA لەبارەی هەڵوێستی یەكێتی دەڵێت: "یەكێتی بەردەوام لە گۆڕەپانی سیاسی عیراقدا ئامادەیی هەیە و هەمیشە لەگەڵ بژاردە نیشتمانییەكاندا بووە وتیشی: " یەكێتی لەسەر رێبازی مام جەلال بەردەوامە كە خۆی لەكۆكردنەوەی لایەنە ناكۆكەكان و خۆشەیستی و رێزی بەرانبەردا دەبینێتەوە، هەمیشە كاری لەسەر بەهێزكردنی رەهەندی نیشتمانی كردووە و خۆی لەو چوارچێوەیەدا بینیوەتەوە".

سەربارەت بەپۆستی سەرۆك كۆمار عەلی بەیدە دەڵێت: "هەر یەك لەو كەسایەتییانەی لەرابردوودا پۆستی سەرۆك كۆماریان وەرگرتووە، بەئاڕاستەی هاوسەنگی كاریان كردووە و كێشەو ئاڵوزییان دروست نەكردووە".

واسق جابری: "كاندیدی یەكێتی رەزامەندی زۆرینەی هێزە سیاسییەكانی هەیە"

 واسق جابری چاودێری سیاسی لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمار بە PUKMEDIA  ی راگەیاند: "پێگەی سەرۆكایەتی كۆمار بۆ عیراق، رۆڵ و گرنگی هەیە لەپاراستنی دەستوور و سەروەری وڵات و راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان هێزە سیاسییەكاندا، لەرابردوودا ئەم پۆستە وێستگەی دڵنیایی بووە بۆ پڕۆسەی سیاسی.

سەبارەت بەرۆڵی سەرۆك مام جەلال، جابری وتی: "سەرۆك مام جەلال كەسایەتییەكی بەئەزموون و سیاسییەكی گەورە و لێهاتوو دانا بوو، لەبەر ئەو هۆكارانەش بە (سەمامی ئەمان)ی عیراق ناو دەبرا، هەموو كێشە و گرفتەكان لەماڵی مام جەلال و لەسەر دەستی خۆی چارەسەر دەكران".

جابری هەروەها دەڵێت: "دكتۆر بەرهەم كەسایەتییەكی میانڕەو و هاوسەنگە و جێگەی رەزامەندی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانیشە، ئەزموونی لەكاری سیاسیدا زۆرە، ئەگەر لەپەرلەماندا هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار بكرێت بێگومان كاندیدی یەكێتی دكتۆر بەرهەم رەزامەندی زۆرینەی هێزە سیاسییەكان دەهێنێت".

PUKMEDIA 



ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket