riklam

سەرۆكوەزیرانی عیراق: ماڵئاوایی مام جەلال كاریگەری زۆری لەسەر عیراق داناوە

عیراق 11:04 PM - 2022-10-03
بەشداریكردنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە مەڕاسمی پێنجەمین ساڵیادی شكۆی نەتەوە و نیشتمان

بەشداریكردنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە مەڕاسمی پێنجەمین ساڵیادی شكۆی نەتەوە و نیشتمان

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە مەڕاسمی پێنجەمین ساڵیادی شكۆی نەتەوە و نیشتمان سەرۆك مام جەلال وتارێكی پێشكەشكرد و دەڵێت:"مام جەلال هەمیشە بۆ ئاشتی و ئازادی دەجەنگا و عیراق ئەمڕۆ زۆر پێویستی بە كەسایەتی سەرۆك مام جەلالە و جێگای زۆر دیارە". وتیشی:"ماڵئاوایی مام جەلال كاریگەری زۆری لەسەر عیراق داناوە"

ئەمەش دەقی وتاری مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراقە:

بەناوی خوای گەورەی میهرەبان
خوش و برایانی ئامادەبوی بەرێز
سڵاوی خوای گەورەتان لێبێت
لەرۆژێكی وەك ئەمڕۆدا هاوڕێی گەورەو ئازیزمان سەرۆك مام جەلال كۆچی دواییكرد، هەموان لێرەین تاوەكو یادی ئەو كەسایەتییە نیشتمانییە گەورەیە بكەینەوە كە خاوەن رۆحێكی تێكۆشانی بێسنوور بوو.

لەكاتێكدا ئەم یادە دەكەینەوە كە پێویستی زۆرمان بە هێمنی و دانایی و توانای سەرۆك مام جەلالە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و لێكنزنزیكردنەوەی بۆچوونە جیاوازەكان و گێڕانەوەی متمانەی لەدەستچووی نێوان براكانی یەك نیشتمان، كە قوربانی و خوێنی بەنرخیان لەسەرجەم قۆناغەكانی تێكۆشان لەپێناو دیموكراسی و ئازادی نیشتماندا پێشكەشكردووە.

ئەم یادە لەكاتێكدا دەكەینەوە، لەسەردەمی نەبوونی بەها و ئاكاری جیهانی سیاسەتدا دەژین، كە زمانی تۆمەت بەخشینەوە و خیانەتكردن زاڵە بەسەر زمانی ئارامی و گفتوگۆ لەپێناو چارەسەردا.

بەتایبەت خۆم یادی مام جەلال دەكەمەوە لەهەموو قۆناغەكانی ژیانم لە سەردەمی ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانی دژی سیستمی دیكتاتۆری، بۆ سەردەمی كاری راگەیاندن و چالاكییەكانم لەبواری یاسا بۆ كاتی گرتنەدەستی بەرپرسیارێتی، مام جەلال بەدرێژایی كاتەكان بایەخی بە ماف و  شكۆمەندی مرۆڤ و كڕۆكی دادپەروەری دەدا.

یادی هەمیشە ئامادەیی سەرۆك مام جەلال دەكەمەوە، لەباسی دەیان ساڵ تێكۆشان لەپێناو ئازادی و دیموكراسی، تێكۆشانێك كە جیاوازی چینایەتی یان نەتەوەیی یان مەزهەبی تێیدا رەنگی نەدایەوە بەڵكو تێكۆشانێك بوو لەپێناو مرۆڤ و نیشتمان و دادپەروەری، كە بانگەشەی بۆ دەكەین و كاری لەپێناودا دەكەین، پێكەوە رووبەڕووی دیكتاتۆری بووینەوە لەپێناو ئازادی و دیموكراسی، بۆیە پێویستە پارێزگاری لەو پرەنسیپانە بكەین لەپێناو عیراق و عیراقییەكان و لەپێناو داهاتوویەك كە شایستەی ئەو قوربانیدانەبێت بە راستگۆیی و دڵسۆزی پێشكەشكرا.

ئەمڕۆ لەنێو هەموو ئەم دۆخە چەقبەستوییە سیاسییەی عیراقدا، ئامادەنەبوونی كەسایەتی مام جەلال كاریگەری و واتای گەورەیان هەیە، سەرۆك مام جەلال دەیتوانی بەئاسانی سەركردە سیاسییەكان لە لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبكاتەوە لەپێناو گفتوگۆیەكی هێمنانە و عەقڵانی كە لەرێگەیەوە متمانە دروستببێتەوە و بەرژەوەندی گشتی و نیشتمانی بەسەر بەرژەوەندی و  دەستكەوتی كاتی زاڵ ببێت.

پرەنسیپی نییەت پاكی و دیبلۆماسییەتی نەرم و ئازایەتی لە گفتگۆكردن و دوركەوتنەوە لە هەڵوێستی توند، كەرەستە و نەخشەڕێی مام جەلال بوون بۆ چارەسەركردنی كێشە و قەیرانەكانی عیراق.

ئێمە ویست و بەها و سووروبوونی گەورەی مام جەلال وەك پاڵنەرێك دەبینین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كە لەگەڵ بەها نیشتمانییەكان و بڕوابوونمان بەپێویستی پێكهێنانی وڵاتی دامەزراوەدا یەكانگیردەبێت، تێیدا بەرژەوەندی هاووڵاتی پێش هەر بەرژەوەندییەكی تاكە كەسی و چینایەتی بخات.

لەم روانگەیەوە جەخت لە پێویستی گەڕانەوە دەكەین بۆ گفتوگۆی نیشتمانی كۆكەرەوەی هەموو عیراقییەكان تاوەكو هەموو پرس و گفتوگۆ و ناكۆكییەكانمانی تێدا باس بكەین و چارەسەری بنیاتنەرانەش لەخاڵە هاوبەشەكانمان پێشكەش بكەین.

عیراق و  گەلی عیراق و بەرژەوەندی عیراقییەكان ئەو ئامانجەن كە پێویستە لەگفتوگۆییەكی نیشتمانییاندا لەپێش هەر پرسێكی دیكەوەبن، رێكەوتنی نیشتمانی لەسەر بنەمای پرسە هاوبەشەكان و بەها نیشتمانییەكان و كارێكی قورس نییە، عیراقییەكان توانیویانە خۆیان بەشێوەیەكی باش پێشكەشی جیهان بكەن بۆیە توانای چارەسەرشیان هەیە كە تێیدا داهاتووی خۆیان و نیشتمانەكەیان پارێزراو بێت.

دەستگرتن بە گفتوگۆ، گفتگۆ، گفتگۆ، تاكە رێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەپێچەوانەوە هەموومان پێكەوە دەسوتێین، ئازایەتی راستەقینە خۆی لە پاراستنی بەرژەوەندی عیراقییەكان و ئاسایش و ئاشتی كۆمەڵایەتی و بیركردنەوە لە داهاتووی نەوەكانماندا دەبینێتەوە.

خوشكان و برایانی ئامادەبوو
هەموو دەزانین لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پەیوەندی برایانەی ئەرێنی لەئاستێكی بەرزدا حكومەتی فیدرالی و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكەوە كۆكردووەتەوە، ئەم پەیوەندییە باشە دوای قۆناغی جیاوازی ناسەقامگیری و پشێوی هاتووە، گەیشتن بەم قۆناغە لە بۆشاییەوە نەهاتووە بەڵكو لەئەنجامی پرەنسیپی گفتوگۆ و نییەت پاكی و سیاسیەتی نەرم و دوور لە شپرزەیی دروستبووە، پێویستە هەنگاوەكان بەرەو پاڵپشتی زیاتری خاڵە هاوبەشەكان و چارەسەری كێشەكان بێت، بەڕۆحییەتی برایانە و چارەنووسی هاوبەش، لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم كە ئاستەنگ و لەمپەڕ زۆربوون بۆ شكستپێهێنانی ئەزموونی حكومەت، بەڵام زۆربەیانمان تێپەڕاندووە كە دوایینیان پەسەندكردنی پشكی دواخراوی جووتیارانی خۆشەیستی هەرێمی كوردستان بوو، سوپاسی خۆڕاگری و بەرگەگرتنی جوتیاران دەكەین كە بەهۆی نەبوونی یاسای بودجەوە لەعیراق دروستبووە.

ئەم حكومەت بەرگەی زۆر بارودۆخی قورس و دانسقەی گرت لە تۆمەتبەخشینەوەی بێبنەما و درۆ بۆ دروستكردن و بۆ دەستخستنی بەرژوەندی بچوك كە لەگەڵ هیچ بەهایەكدا ناگونجێت، ئێمە وەك ئەركی نیشتمانی و ئەخلاقی و مرۆڤدۆستی لەپێناو عیراق خزمەت دەكەین كە لانكەی شارستانییەتی مرۆڤایەتی بووە.

هەوڵدرا ئەم حكومەتە لە رژاندنی خوێن و ئەنجامدانی دزی و مامەڵەی گوماناوی تێوەبگلێندرێت، هەندێك ویستیان حكومەت وەك پردێك بۆ تێپەڕاندنی قۆناغێكی دیاریكراو بەبێ گۆڕانكاری بەكاربهێنن، بەڕاشكاوی بۆ مێژوو دەڵێم هەندێك دەیویست حكومەت ئەو دەنگانە كپ بكاتە كە داوای بچوكترین مافی خۆیان دەكەن، هەوڵدرا حكومەت وەك كەرەستەیەك بەدەستیانەوە بێت، بەڵام هەموو هەوڵەكانیان شكستی هێنا، بۆیە بەهەموو شێوەیەك ئاستەنگیان لەبەردەم حكومەت دەوستدەكرد.

لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بەرگەمان گرت و لەئەزموونی كەسایەتی سەرۆك مام جەلال فێربووین كە لەپێناو بەرژوەندی باڵادا ئارامگر بین و بەڕاستگۆیی و دڵسۆزی خزمەت بكەین و ئاوڕ لەهیچ تانە و دەنگیك نەدەینەوە كە دژی بەرژوەندی گشتی بێت.

بێ دوودڵی تا دوا سات كاردەكەین و داوای گفتوگۆ لەهەموان دەكەین و خوێن و شكۆمەندی گەلەكەمان بەهەر نرخێك بێت دەپارێزین، هەرچەند هێرش بكرێتە سەرمان و تۆمەتمان ئاڕاستە بكرێت بەوەی لاوازین، ئێمە بەردەوام دەبین و خوێنی هاووڵاتیانمان بە پیرۆز دەزانین و هەر جۆرە خوێنڕشتنێك بەلامانەوە هێڵی سوورە. هەوڵدەدەین كۆتایی بە قۆناغی توندوتیژی و جەنگ بهێنین و كاردەكەین بۆ ئاشتی و  ئارامی، لەپێناو داهاتوویەكی دوور لە خوێن ڕشتن و پر لەهیوا و لەكار لەپێناو عیراق و عیراقییەكان".

عیراق ئەمانەتە لەگەردنمان پێویستە ئەو ئەمانتە رادەستی خاوەنەكانیان بكەین
دروود و نەمری بۆ سەرۆك مام جلال
دروود و نەمری بۆ شەهیدانی عیراق و هەرێمی كوردستانی خۆشەویست
لەكۆتاییدا سڵاوی خواتان لێبێت.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket