riklam

30 رێكخراو پشتیوانی هەنگاوی قوباد تاڵەبانی دەكەن

کوردستان 03:30 PM - 2022-09-26
کەمپینی رێکخراوەکان بۆ پشتیوانی قوباد تاڵەبانی

کەمپینی رێکخراوەکان بۆ پشتیوانی قوباد تاڵەبانی

ئازادكردنی تۆمەتبارێك كە باوكێكەو دوو كچی خۆی كوشتوە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران توڕە دەكات و دەڵێت، " خوا وەكیلە؛ ئەگەر بە تاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم."، ئەمەش رێكخراوەكانی ژنان و كۆمەڵگەی مەدەنی دێنێتە دەنگ و پشتگیری دەكەن  و لە كەمپینێكدا پێی دەڵێن :" بەتەنهانیت، لەگەڵتین بۆ بەرەنگاربونەوەی ژن كوژان".

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان كە بە پیوكەی دراوە  22 ژن لە هەرێمی كوردستان لە6 مانگی رابردووی ئەمساڵدا (2022) كوژراون و  60 رووداوی خۆكوشتن  و  خۆسوتاندنی ژنانیش تۆماركراوە.

هەر بەپێی ئامارەكە بۆ هەرسێ حاڵەتەكە هەولێر بە پلەی یەكەم دێت و دهۆكیش بە پلەی دووەم.

بۆ پشتیوانی هەنگاوەكەی قوباد تاڵەبانی  و بەروەنگاربوونەوەی توندوتیژی زیاتر لە 30 رێكخراوی مەدەنی كەمپینێكی یەك هەفتەییان لە سەرتاسەری كوردستان رێكخست و بەشێك لە شارەكانی تری عیراقیشی گرتەوە.

رۆژی 12-9 قوباد تاڵەبانی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك وتارێكی بەناونیشانی (مار و پەیژە) نووسی و  لە بەشی بیرورای PUKmedia بڵاوكراوەتە و بەشێكی زۆری رێكخراوەكانی ژنان و پارێزەرانی مافی ژنان و ژنانی خاوەنكار لە فەرمانگە و داموودەزگاكان لەسەرجەم شار و شارۆچكەكانی كوردستان هاتنە دەنگ و بە دروشمی (بەتەنهانیت، لەگەڵتین بۆ بەرەنگاربونەوەی ژن كوژان) پشتیوانی خۆیان بۆ ئەم هەوڵەی قوباد تاڵەبانی نیشاندا.

لەیەكەم هەوڵیشدا یەكێتی ژنانی كوردستان هەفتەی پشتگیریكردن لە هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنانیان راگەیاند و لەبەیاننامەیەكدا دەڵین: " ئەمە یەکەم جارە کە بەرپرسێکی باڵای حکومەت هەنگاوێکی مێژویی و بوێرانەی لەم جۆرە بنێت بۆ پشتیوانی لە پرسەکانی ژنان و کەم کردنەوەی توندوتیژی".

ئەمەش لەكاتێكدایە جێگری سەرۆكی حكومەت پێشتریش پەیامی "نا بۆ تووندوتیژی" دژی ژنانی بڵاوكردووەتەوە و وتویەتی: "هیچ شەرەفێك لە كوشتنی ژناندا نییە." و هەربۆ ئەومەبەستەش سەردانی ژمارەیەك لەوەزارەتكانی حكومەتی كرد.

هەر لەو چوارچێوەیەشدا قوباد تاڵەبانی لە سەردانێكیدا بۆ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی داوای لە یەكێتی زانایانی ئاینی كوردستان كرد لەڕێگای مینبەرەكانیانەوە بەشدار بن لە بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان.

لەسەر ئەم پرسە هانا شوان رۆژنامەنوس و چالاكوانی بواری ژنان لە لێدوانێكیدا بۆ PUKmedia وتی: رۆژی ٢٢-٩ كۆتا رۆژی كەمپینی (بەتەنها نیت لەگەڵتان بۆ روبەروبونەوەی ژن كوژان) بوو كەلەدوای وتارەكەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت راگەیەندرا، كەباسی لەوە كرد كەئەگەر بەتەنهاش بێت رووبەروی ژنكوژان دەبێتەوەو  تەسلیم بە یاسایان دەكات.

هانا شوان ئاشكرایدەكات كە رووداوەكە لە چەمچەماڵ بووە " باوكێك كە  كە تۆمەتباربووە بە كوشتنی  كچەكانی خۆی ئازاد كرا" و دەڵێت:" لەدوای ئەوەوە ئێمە وەك چالاكوانان و رێكخراوەكانی ژنان فشارێكی زۆرمان دروست كرد و یەكێك لە هەنگاوەكان ئەم كەمپینە بوو كە ماوەی هەفتەیەكی خایاند".

" ئەم كەمپینە ئەوەی سەلماند پرسی ژنان بەتەنها پەیوەست نییە بەرێكخراوەكانی ژنانەوە، بەڵكوو سەرجەم رێكخراوەكان و سیاسیەكان و كەسایەتییەكان و دەسەڵاتداران و حكومەتیش پێكەوە بەرگری لە ژنان دەكەن" شوانی وایوت.


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket