riklam

داوود جوندی..ناكۆییەكانی كورد شەنگال دەخاتە ناو بازنەی مەترسییەوە

کوردستان 07:35 PM - 2022-08-04

داوود جوندی لێپرسراوی مەڵبەندی شەنگالی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باسی لەوەكرد كە رێككەوتننامەی شەنگال لە نێوان حكومەتی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمردوویی لەدایكبوو، دووپاتیشی كردەوە كە دۆخی شەنگال سەقامگیرە بەڵام پڕوپاگەندە هەیە كە لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنەوە بڵادەكرێتەوە رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەكان دەكەن.
داوود جوندی لەمیانی بەشداریكردنی لەبەرنامەی كاروباری عیراق كەلە كەناڵی مەسراوە پەخش دەكرێت، راشیگەیاند: لەماوەی ئەو هەشت ساڵەی بەسەر كارەساتی شەنگالدا تێدەپەڕێت كە بووە هۆی لەدەستدانی مرۆڤایەتی و هەوڵدان بۆ توانەوەی ئێزدییەكان لەبۆتەیەكدا، بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان پارتێكی سیاسی لەهەوڵدایە بۆ سڕینەوەی ئێزدییەكان.
جووندی راشیگەیاند: لەدوای هەشت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتە هێشتا زۆربەی ئێزدییەكان لەنێو كەمپی ئاوارەكاندا لەهەرێمی كوردستان ژیان بەسەردەبەن و ئەو لایەنانەشی كە بوونە هۆكاری ئەوەی ئێزدییەكان لەساڵی 2014دا تووشی ئەوە ببن، ئەمڕۆ هەوڵدەدەن لەڕووی دارایی و سیاسییەوە سوود لەو ئێزدییانە وەرگرن كەلە جینۆساید رزگاریان بووە، ئاماژەی بەوەشدا ئاوارەكان لەكامپەكاندا رووبەڕووی فشاری توند بوونەتەوە سەبارەت بە هەڵبژاردنەكان و دەنگدان بۆ لایەنێكی سیاسی دیاریكراو.
داوود جوندی: دۆخی شەنگال سەقامگیرەو هەوڵێك هەیە بۆ لێدان لەو سەقامگیرییە
سەبارەت بەدۆخی قەزای شەنگالیش، داوود جوندی ئاشكرایكرد لەئێستادا دۆخی شەنگال سەقامگیرە، ئاماژەی بەوەدا بەڵام میدیا هەیە كار لەسەر پڕوپاگەندە دەكات بەئامانجی ئەوەی سەقامگیری لەقەزاكەدا نەبێت و تێكدانی ئەو سەقامگیرییەی هەیە بۆ رێگری لەگەڕاندنەوەی ئاوارەكان، ئاماژەش بەوەدەكات حكومەتی فیدڕاڵ لەدابینكردنی خزمەتگوزاری لەقەزاكەدا كەمتەرخەم بووە سەرەڕای ئەوەی بڕیارێك هەیە كە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەران لەساڵی 2014 دەرچووە شەنگال بەناوچەیەكی كارەساتبار دادەنێت، ئەوەش بەو مانایە دێت  كەپێویست بوو بودجەیەكی فریاگوزاری بۆ قەزاكە تەرخان بكرێت، روونیشیكردەوە، بەداخەوە حكومەتە فیدڕاڵییە یەكلەدوایەكەكان لەئاست ئەو دۆخەدا بێدەنگ بوون و لەماوەی ساڵانی رابردووشدا لەیاسای بودجەدا هیچ خەرجییەك بۆ شەنگال تەرخاننەكرا كەلەئاست ئەو وێرانكەرییەدا بێت كەبەسەر ئەو قەزایەدا هات.
 هەر سەبارەت بەئاوارەكان و هۆكاری نەگەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان، لێپرسراوی مەڵبەندی شەنگالی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان جەختیكردەوە لەئێستادا هیچ مەترسییەكی ئەمنی نییە كە هەڕەشە لەقەزای شەنگال و خەڵكەكەی بكات، راشیگەیاند: لەساڵی 2017ەوە تا ئێستا هیچ پێشێلكارییەكی ئەمنی لەلایەن رێكخراوە تیرۆرستەكانەوە تۆمار نەكراوە جگەلە هەوڵێكی تیرۆرستان نەبێت بۆ پەڕینەوە لەشەنگالەوە بۆ رەبیعە و ناوچەكانی دیكە، ئاماژەی بەوەشدا كە بابەتەكە لەماوەی چەند سەعاتێكدا چارەسەركرا، ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ نەبوونی هیچ پێشێكارییەكی ئەمنی، رەتیشدەكاتەوە دۆخی ئەمنی ناسەقامگیر بێت كە ئەوەش بووە هۆی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان.
داوود جوندی: چەند لایەنێكی سیاسی هەیە ئاوارە ئێزدییەكان لەهەرێمی كوردستان بەكاردەهێنن
جووندی ئاماژەی بەوەدا لەكامپی ئاوارەكان لەهەرێمی كوردستان ئاوارەكان بەكاردەهێنرێن و روونیشیكردەوە، بوونی كەمپەكان جووڵانەوەی ئابووری لەو ناوچانەدا چالاككردووە كە ئەو كەمپانەی تێدایەو دەیان رێكخراوی مەدەنی هەلی كاری بۆ گەنجانی ئەو ناوچانە رەخساندووە، بەنزیكەی 1000 كەس لەگەڵ ئەو رێكخراوانەدا كار دەكەن كە هەموویان دانیشتووی دهۆكن نەك خەڵكی شەنگال، جەختیشیكردەوە كەئەوانەش هەروەها هۆكار بوون لەرێگریكردن لە گەڕانەوەی ئاوارەكان و یاریكردن بەهەست و مێشكی ئاوارەكان، جگەلەوەی ئاستەنگی كارگێڕیی لەبەردەم ئەو كەسانەدا دادەنرێت كە خوازیاری گەڕانەوەن بۆ شەنگال و رێكارە كارگێرییە ئاڵۆزەكان رووبەڕووی ئەو ئاوارانە دەكرێنەوە كەخوازیاری گەڕانەوەن.
داوود جوندی: رێككەوتننامەی شەنگال بەمردووی لەدایكبوو پێویستە هەموار بكرێتەوە  
سەبارەت بەرێككەوتننامەی شەنگال و ئەو ڕەخنانەی ئاراستەی دەكرێت، داوود جوندی تەئكیدی كردەوە، كە رێككەوتننامەكە راگەیەنراو واژۆشی لەسەركرا، بەڵام دوورخستەوەی تەواوەتی خەڵكی شەنگال بوو، هەروەها خەڵكەكەشی زانیارییان لەبارەی ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكە نەبوو، هەروەها رێككەوتننامەكە مینڕێژ بوو وە چوار بەندی لەخۆگرتبوو كە پەیوست بوون بە ئیدارەو گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەو دۆسیەی ئەمنییەوە، روونیشیكردەوە، لەڕێككەوتننامەكەدا مینی گەورەو یەكجار مەترسیدار لەسەر شەنگال و سەروەری عیراق دانرابوو، بەوەی ناوی پارتی كرێكارانی كوردستان لەنێو رێككەوتننامەكەدا هاتبوو كەئەوەش دەرفەتێكی یاسایی دایە توركیا تاوەكو دەستوەردان لەناوچەكەدا بكات و ئەو بابەتە بقۆزێتەوە بۆ پێشێلكاری لەسەر سەروەری عیراق و ترساندنی ئاوارەكان لەگەڕانەوەیان بۆ ناوچەكانیان.
جووندی ئاماژەی بەوەشكرد، كۆنترۆڵكردنی قەزاكە لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستانەوە وادەكات دەوڵەتان و رێكخراوە خێرخوازییەكان لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و پاڵپشتیكردنی قەزاكە دووربكەونە، ئاماژەش بەوەدەكات كەسانێك لە ناو بڕیار بەدەستدانی عیراق لەبەغدا هەیە كەبڕوایان بەو رێككەوتننامەیە نییەو جگەلەوەش خەڵكی شەنگالیش رێككەوتننامەكەیان بەلاوە پەسەند نەبوو هەر بۆیە تا ئێستاش رێككەوتننامەكە جێبەجێ نەكراوە، ئاماژەی بەوەشدا ناوەڕۆكی رێككەوتننامەكە جێبەجێ ناكرێت، روونیشیكردەوە، بەمدواییانە وەفدێك لەخەڵكی شەنگال سەردانی بەغدیان كردو جەختكرایەوە لەپێویستی هەمواركردنی بەندەكانی رێككەوتننامەكە، جەختیشیانكردەوە كە رێككەوتننامەكە بەمردوویی لەدایكبووەو تەنانەت ئەمریكییەكانیش ئاگادار ئەوەن.
جوندی ئاماژەی بەوەشدا دۆخی چەقبەستوویی سیاسی لەوڵات و قەیرانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی فیدڕاڵ كاریگەری لەسەر دۆخی شەنگال دروستدەكات، ئاماژەی بەوەشدا كە دۆخی سیاسی ئێستای بەغدا و دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت كاریگەری لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی شەنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان هەیە.
سەبارەت بەژمارەی بێسەروشوێنكراوانی ژنان و پیاوانی ئێزدی، داوود جوندی باسی لەوەكرد چەندین دامەزراوەو رێكخراو هەن كار لەسەر ئەم دۆسیە دەكەن و زانیاری و داتا لەسەر ئەو ژمارانە كۆدەكەنەوە، دووپاتیشیدەكاتەوە كە ئامارێكی وورد لەبەردەستدا نییە لەبارەی ژمارە بێسەروشوێنكراوەكان، ئاماژە بەوەش دەكات كە جێبەجێنەكردنی یاسای رزگاربووانی ژنانی ئێزدی كە ساڵی رابردوو بڕیاری لەسەر درا پەیوەندی بەحكومەتی فیدڕاڵییەوە هەیە، ئاماژەی بەوەشدا كە جێبەجێكردنی یاساكە تەنها لەڕووی شێوەوە بوەو بەڕێوەبەرایەتیەكی گشتی بۆ كاروباری رزگاربووان دامەزرێنراوە بەڵام ئەوە بەس نییەو پێویست دەكات بودجەیەك بۆ جێبەجێكردنی یاساكە تەرخان بكرێت.
سەبارەت بە كاریگەری ناكۆكییەكانی نێوان لایەنە كوردستانییەكانیش لەسەر قەزای شەنگال، جووندی دووپاتیكردەوە كە شەنگال و ناوچە جێناكۆكەكان قوربانی ململانێی كوردو كوردە، جەختیشیكردەوە كە نەبوونی لێكتێگەیشتنی راستەقینە لە نێوان كورد لەبەغدا وادەكات شەنگال لەبازنەی مەترسیدا بێت، ئاماژەی بەوەشدا ئەگەر سیاسەتمەدارو لایەنە كوردستانییەكان هەستیان بەئازاری ئێزدییەكان بكردایە دۆخی ئێزدییەكان بەو شێوەیەی ئێستا نەدەبوو.
PUKmedia لە مەسراوە

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket