riklam

هەرێم.. گرنگی بە گەشتیاری ئایینی نادرێت

ڕیپۆرتاژ 09:14 AM - 2022-08-01

كەرتی گەشتیاری بەهۆی ئەو پێشكەوتنەی بەخۆیەوە بینیوە یەكێكە لەسێكتەرو پایە گرنگەكانی ئابووری وڵاتان كە وڵات هەیە بەشێكی گەورەی ئابوورییەكەی پشت بەو كەرتە دەبەستێت، بەهۆیەوە ساڵانە دەیان ملیار دۆلار داهاتیەتی و هەزاران كەسیش هەلی كاریان بۆ دەرەخسێت ، ماوەی چەندین ساڵیشە لەو كەرتە بەشێكی گرنگ زیاد بووە ئەویش گەشتیاری ئایینیە كە پێكدێت لەشوێنی وەكو مزگەوت و كڵێساو پەرستگای مێژوویی و مەزاری پیاوانی ئایینی كە بەهۆیانەوە سەدان هەزار گەشتیار بۆ سەردانیكردنی ئەو شوێنانە گەشت بۆ ئەو وڵاتانە دەكەن ، لەهەرێمی كوردستانیش بەسەدان شوێنی ئایینی هەیە كە تائێستا گرنگیەكی تەواوی پێنەدراوەو دەكرێت وەكو بەدەستهێنانی داهات لەهەرێمەكە سوودیان لێ ببینرێت.

شەیما موحسین هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە گلەیی لەكاربەدەستانی شارەكە دەكرد كە گرنگی بەو هەموو مەزارە ئایینیانە نادرێت و دەیوت : ئەوەی من بینیومە تەنیا لەپارێزگای هەولێر چەندین مەزارو گۆڕی پیاوچاكانی ئایینی موسڵمان و كریستیان و ئایینی تر هەن كە دەكرا وەزارەتی ئەوقاف و دەستەی گەشتوگوزار گرنگیان پێبدابایەو لەدەرەوەی هەرێم رێكلامیان بۆ كرابایە ئێستا گەشتیارێكی زۆری عیراق و وڵاتانی جیهان سەردانی هەولێریان دەكردو بەهۆیەوە داهاتێكی زۆر بۆ هەرێمەكەمان بەدەستدەهات ، چونكە ئێمە لەهەولێر مەزاری كەسایەتیەكی وەكو سوڵتان موزەفەرو مەزاری عوزێر پێغەمبەرو چەندین مەزاری ترمان هەیە كە خەڵكی وڵاتانی تر هەن بەلایانەوە گرنگە.

ئەو هاوڵاتیەی شاری هەولێر پێیوابوو لەمەودوا دەبێت حكومەت لەسەر ئاستی هەموو هەرێم كاری پێویست و بەپەلە بۆ نۆژەنكردنەوەو جوان كردنی ئەو شوێنە ئایینیانە بكات بۆ ئەوەی لەداهاتوو كوردستان داهاتی گەشتیاری بەرەو پێش ببات بەتایبەتی كە هەرێم وەكو هەموو ناوچەكانی تری عیراق بەلانكەی شارستانیەت و ئایینەكان ناسراوە.

لەوبارەیەوە ئەمەل جەلال سەرۆكی دەستەی گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان رایگەیاند : ئێمە لەچوارچێوەی پلانی هەشت ساڵەی دەستەكەمان پلانمان داناوە لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی هەرێم تایبەت بەگەشتوگوزاری ئاینی بنەماكانی گەشتوگوزاری ئاینی بەشێوازێكی زۆر فراوان هەمانە لەهەموو ئایین و ئایینزاو مەزهەبە جیاوازەكان كە سەرمایەیەكی نیشتمانی گرنگن دەتوانرێت سوودی لێببینین لەڕاكێشانی گەشتیاری سەر بەئایینە جیاوازەكان بەتایبەتی جگە لەئاینی ئیسلام ژمارەیەكی زۆری شوێنی گرنگ و گۆڕی پێغەمبەران و پەرستگای ئایینە جیاوازەكان لەهەرێم هەن ، بۆیە ئەمانە بوونەتە بنەمای پلانەكانی ئێمە بەنیازین خزمەتگوزاریەكانی وەكو رێستۆرانت و هۆتێل و هۆڵی گفتوگۆی ئایینەكان و مۆزەخانەی تایبەت بەئایینە جیاوازەكان ببێتە بەشێك لەپلانەكەمان كە لێك تێگەیشتنێك ئامادەكراوەو بەم زوانە ئیمزا دەكرێت.

وتیشی : ئێستا دەستمان كردووە بەنۆژەنكردنەوەی بەشێك لەپەرستگاو شوێنە ئاینیەكان لەڕێگای كونسوڵخانەكان و بەڕێوبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف هەروەك بۆ بەشەكانی تری پلانەكەمان لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی ئەوقاف لەگفتوگۆداین تا بتوانین ئەو چالاكیانەش بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمەل جەلال ئەوەشی روونكردەوە كە لەئێستادا خەڵكی گەشتیاری بیانی دێنە شوێنە ئایینیەكانی هەرێم ، بەڵام رێژەكە زۆرە نییە كە ئێمە چاوەڕێی دەكەین ، بۆیە هەوڵەكانمان بۆ ئەوەیە بەشێوەیەكی رێكخراوتر ژمارەیەك لەگروپی گەشتیاری بهێنینە هەرێم هەروەك پەیوەندی بەدامەزراوە ئاینیەكانی وڵاتانی تر بكەین تا بتواتن شوێنەوارە ئاینیەكانی ئێمە ببن بەبەشێك لەشوێنە گەشتیاریەكانی ئەوان ، لەئێستادا گەشتیاری دەرەوە بۆ هەموو شوێنە ئاینیە جۆراوجۆرەكان دێنە هەرێم بۆ نمونە شوێنە ئاینیەكانی ئێزدی كە بەبەردەوامی شوێنكەوتوانی دێنە پەرستگای لالش كە تاكە پەرستگای گەورەی ئەو ئایینەیە لەسەر ئاستی هەموو جیهان ، جگە لەوە گۆڕی پێغەمبەران بەتایبەتی گۆڕی پێغەمبەر (ناحوم) و كڵێساكان و چالاكیە شوێنەواریە ئاینیەكانیش كە بەشێكی زۆری لەو گەشتیارە بیانیانە دەیانەوێت ئەو شوێنانە بەسەربكەنەوە كە مێژوو و شارستانیەتە جیاوازەكان لەخۆدەگرێت.

سەرۆكی دەستەی گەشتەوزاری هەرێم ئەوەشی ئاشكراكرد بەهۆی نەبوونی سیستمی بانكی و داتا بەیسەوە داهاتی گەشتوگوزاری ئاینی لەهەرێم دیارنییە بەوردی چەندە كە پێمان بڵێ گەشتیاری ئایینی و گەشتیاری كات بەسەربردن چەندە ، بۆیە ئەوەی ئێمە جەختی لەسەر دەكەین ئەوەیە چۆن وڵاتی سعودیە لەچوارچێوەی پڕۆسەی حەج و عەمرە داهاتی خۆی دەزانێت چەندە یا هەردوو شارەكانی كەربەلاو نەجەف لەڕێگای مەڕاسیمی خۆیان یا كڵێساكانی ئەوروپاو ئەمریكا كە ساڵانە بەملیۆنەها دۆلار داهاتیان هەیە بۆ ئەو وڵاتانە ، بۆیە بەداخەوە تائێستا لەهەرێم ئەو سیستمە نیە كە جیاكردنەوەیەك لەسەر جۆری چالاكییە گەشتیارییەكان ئەنجام بدرێت.

لەبارەی هەمان پرس، ئەمیر عوسمان بەڕێوەبەری پێكەوەژیانی ئایینەكان لەوەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند : لەئێستا خەریكە كار بۆ بوژانەوەی گەشتیاری ئایینی لەهەرێمی كوردستان بكرێت و ئێمە لەناو پڕۆسەكەداین كە لەنێوان وەزارەتەكەمان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەنێوانماندا هەیە بۆ ئەوەی لەمەوداو گرنگی بەشوێنەوارە ئایینیەكان بدەین هەندێكیان لەلایەن ئێمەوە نۆژەنكراوەتەوە وەكو مەزاری سوڵتان موزەفەردەین كەوكەبەری لەهەولێرو شوێنە پێرۆزەكانی ئێزیدیەكان لەناوچەی شێخان و پەرستگای لالش ، هەروەها شوێنەواری (رەبەن بۆیا) یا موسڵمانەكان پێی دەڵێن (وسو رەحمان) كە هی پەیڕەوانی ئایینی موسڵمان و كریستیانەكانە بەهاوبەشی لەناوچەی شەقڵاوەیە لەڕابردوو ئەویش نۆژەنكرایەوە.

وتیشی : ئێمە دەمانەوێت پڕۆسەی گەشتیاری ئاینی بەسیستەم بكەین كە بەشێوەیەكی دامەزراوەیی كارەكە ئەنجام بدەین كە لەناو یاداشتی لێكتێگەیشتنەكە دەمانەوێت چەندین گروپ دابنێین بۆ ئەوەی بەهەموو لایەنەكانی پەیوەندار پڕۆسەكە ئەنجام بدەین بۆ نمونە بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەواری هەرێم و دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم و وەزارەتی ئەوقاف بەیەكەوە گرنگی پێدەدەین ئێستاش لەناو وەزارەتەكەمان بەشێك كراوەتەوە بەناوی بەشی گەشتوگوزاری ئاینی و شوێنەوار كە مەبەستمان ئەوەیە چۆن بتوانین داهاتێك بۆ هەرێمی كوردستان بەگەشتوگوزاری ئایینی بەدەستبێنین ، بەڵام هێشتا داهاتی ئەو جۆرە گەشتیارییە لەهەرێم دروست نەبووەو لەقۆناغی سەرەتاییداین كە لەعیراقدا پێكهاتەی شیعە سوودێكی زۆری لەو بوارە وەرگرتووە ، بەڵام ئێمەی كوردو عەرەبە سوننەكان تائێستا نەمانتوانیوە سوود لەو جۆرە گەشتیاریە بكەین.

باسی لەوەشكرد خەڵكێكی زۆر لەباشوورو ناوەڕاستی عیراق كە بۆ گەشتوگوزار سەردانی هەرێم دەكەن و ئارەزووی گەشتكردن بۆ شوێنەواری كۆنی ئاینیەكانیش دەكەن هەروەك گەشتیاری بیانیش دێنە هەرێم بۆ نمونە گروپێكی گەشتیاری خەڵكی روسیاو ئۆكڕانیا بوون هاتبوونە هەرێم و سەردانی مزگەوتی (جەلیل خەیات) و مەزاری (سوڵتان موزەفەر) و پەرستگای (لالش) ی ئێزیدیەكان و تەكیەو خانەقای (كاك ئەحمەدی شێخ) لەسلێمانی كرد .

ئەمیر عوسمان ئاشكراشی كرد كە ئەوان بەسێ قۆناغ دەتوانین پەرە بەو پرسە بدەن و وتی : قۆناغی یەكەم دەبێت ئەو شوێنەوارانە لەمەترسی رزگار بكەین و مەسحێكی تەواومان بۆیان كردووە ، قۆناغی دووەم دەبێت نۆژەنیان بكەینەوە ، قۆناغی سێیەمیش دەبێت كاری بەبازاركردنیان بۆ ئەنجام بدەین.

سەبارەت بەو شوێنەی كە دەوترێت مەزاری (عوزەیر) پەیامبەری خودای لێیە لەناو سەنتەری شاری هەولێر ، ئەمیر عوسمان وتی : تائێستا یەكلایی نەكراوەتەوە كە راستە دەوترێت مەزاری ئەو پەیامبەرەیە یا هی ئەو نیە دەبێت توێژینەوەی لەسەر بكرێت.

لەشاری هەولێر چەندین مەزاری دێرینی كەسایەتیە ئایینەكانی تێدایە كە تەمەنی هەندێكیان بۆ سەدان ساڵ و هەندێكی تریان بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە یەكێك لەوانە دەوترێت مەزاری عوزێری پەیامبەری خودایە كە دەكەوێتە سەنتەری شارەكە ، نەهلە نەداف لەئێستادا خزمەتكاری مەزارگەی ئەو پەیامبەرەیە باسی لەدۆخی مەزارگەكە كردو دەیوت : بنەماڵەكەمان ماوەی سەد ساڵە خزمەتكاری ئەو مەزارگەیەن كە بەر لەمن پوری دایكم و دوای ئەویش داپیرەم و پاشان دایكم خزمەتكاری ئەو مەزارە بوون ئێستاش من ئەو كارە بەڕێوەدەبەم ، سەبارەت بەو گۆڕە دوو وتە هەیە كە یەكێكیان دەڵێن ئەو گۆڕە هی عوزێر پێغەمبەرە بەپێی وتەیەكی تریش كە لەدایكمەوە بیستوومە دەڵێن تەنیا خۆی لێرە ژیاوەو دواتر پاش مردنی لاشەكەیان بردووە لەوڵاتی سوریا شاردویانەتەوە.

وتیشی : لەكۆندا یەكەمجار ئەو شوێنە تەنیا گۆڕێك و بەردێك بووە كە دەڵێن عوزێری پەیامبەر لەگەڵ خۆی هێناویەتی دواتر چەندین ساڵ لەمەوبەر خەڵكی خێرخواز لەكاتی بوونی پەیڕەوانی جووەكان لەهەولێر بیناكەیان دروستكردووە ، پاشان چەند ساڵێك لەمەوبەر لەوكاتی عوسمان موفتی بەڕێوبەری گشتی ئەوقاف بوو نۆژەنكرایەوە لەئێستاشدا خەڵكی بۆ ئەنجامدانی مەولود لەڕۆژانی چوارشەممە دێنە سەر گۆڕەكە هەندێكیان خواردن دەهێنن یا بەمەبەستی منداڵبوون یا چارەسەری نەخۆشی یا مراز گرتن دێن.

سەبارەت بەگەشتیاری بیانی بۆ سەر ئەو مەزارە نەهلەخان وتی : زۆركات گەشتیار لەوڵاتانی توركیاو ئێران و جگە لەوەش لەشارەكانی كەركوك و سلێمانی دێنە سەردانی.

لەبارەی خەرجی مەزارەكە ئەو خزمەتكارە وتی : خۆم خەرجی زۆر شتی ئەو مەزارە دەكەم كە پێشتر خەڵكی خێرخواز پارەیان دەخستە ناو دەخیلەكەی مەزارەكە یا شتیان بۆمان دەكڕی ، نوێنەری حكومەتیش سێ مانگ جارێك دێت پارەكەی ناو دەخیلەكە دەبات.

PUKmedia رەوەست نەوزاد- هەولێر 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket