riklam

پەرلەمانتارانی فەرەنسا داوای ناوچەی دژەفڕین بۆ رۆژئاوای کوردستان دەکەن

کوردستان 06:58 PM - 2022-07-31

رۆژنامەیەكی فەڕەنسی بڵاویكردۆتەوە كە نزیكەی 100 پەرلەمانتار لەفەڕەنسا سەركۆنەی سیاسەتی شەڕخوازانەی رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆكی توركیا دەكەن كەلەدژی كورد لەباكوور و رۆژهەڵاتی سوریا پیادەی دەكات و داواش دەكەن ناوچەی دژەفڕین لەباكوورو رۆژهەڵاتی سوریا پسەپێنرێت و دۆخی كوردانی سوریا لەژێر پارێزگاری نێودەوڵەتیدا دابنرێت.

ئەوانەشی واژۆیان لەسەر وتارێك كردووە كە دوێنێ شەممە لەسایتی رۆژنامەی "لو جۆرناڵ دو دیمانش"ی فەڕەنسی بڵاكراوەتەوە، رایانگەیاندووە: رەجەب تەیب ئەردۆگان لەسایەی ئەو هەڵچوونە نێودەوڵەتیەدا پلانی هەیە هێرشی خوێناوی بكاتە سەر كورد لەباكوور و رۆژهەڵاتی سوریا.

 ئەو پەرلەمانتار و ئەندامانەی ئەنجومەنی پیران لەشیوعییەكان و حزبی "لا فرانس ئەنسۆمیز" ی چەپی رادیكاڵ،  هەروەها لە سۆشیالیستەكان و ژینگەپارێزان و كۆمارییەكان (راستڕەوەكان) و حزبەكەی سەرۆك ئیمانۆیل ماكرۆن وایدەبینن كە سەرۆكی توركیا ئەو پێگە گرنگەی كەلەئێستادا بەهۆی قەیرانی ئۆكرانیاوە لەهاوپەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ)دا هەیەتی، بەكاریدەهێنێت تاوەكو رەزامەندی هاوپەیمانی ئەتڵەسی بۆ چڕكردنەوەی هێرشەكانی بۆ سەر باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەدەستبهێنێت.

باسیشیان لەوەكردووە: نابێت وڵاتانی رۆژئاوا پشت لەكوردانی رۆژئاوا بكەن، داواش دەكەن وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا دەستەبەری پاراستنی چالاكوانان و كۆمەڵە كوردییەكان لەسەر خاكەكانیان بكات.
داواكاریشن فەڕەنسا هانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بدات ناوچەی دژەفڕین لەباكوور و رۆژهەڵاتی سوریا پسەپێنێت و رەوشی كوردانی سوریا لەژێر پارێزگاری نێودەوڵەتیدا دابنرێت، هەروەها داواش دەكەن ئیدارەی خۆسەری لەباكوور و رۆژهەڵاتی سوریا بتوانن سوود لەدانپێدانانی نێودەوڵەتی وەربگرن.

روونیشیانكردۆتەوە: سەرەڕای ئەو بارودۆخە مەترسیدارەی بەهۆی جەنگەوە دروستبووە، بەڵام كوردو عەرەب و ئاشووری و كلدان و ئەرمەن و سەرجەم پێكهاتە ئیتنیكییەكان پێكەوە دەژین و هەوڵدەدەن بەشێوازێكی دیموكراتییانە خۆیان و كۆمەڵگەكەیان و ژنان و سیستمی ژینگەیی  رێكبخەن، شەڕ دەكەن لەپێناوی بنیادنانی ئاشتی و گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵ دانیشتوانەكەدا.
وڵاتی توركیا بەردەوام هێرش دەكاتە سەر چەندین ناوچە لەباكوور و رۆژهەڵاتی سوریا و لەڕێگەی بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ناوچەكە بەئامانج دەگرێت.

پێشتریش حزب و هێزە سیاسییەكان لەباكوور و رۆژهەڵاتی سوریا رۆژی 28ی حوزەیرانی رابردوو داوایان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و روسیا كرد بۆ رێگریكردن لەتاوانەكانی توركیا ناوچەی دژە فڕین لەباكوور و رۆژهەڵاتی سوریا پسەپێنرێت و داواشیان لەهاووڵاتیان كرد هەڵمەتی فشار بۆ لێپرسینەوە لەتوركیا ئەنجام بدەن.

هەزاران كەسیش لەچالاكوانانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سیاسی و رۆژنامەنووسان لەباكوور و رۆژهەڵاتی سوریا هەروەها ژمارەیەك لەكەسایەتییە عەرەبی و بیانییەكانیش هەڵمەتێكی "هاشتاگ"یان لە 23ی تەموزی ئەم مانگەدا راگەیاندووەو داوا دەكەن ناوچەی دژەفڕین لەدژی فڕۆكەكانی توركیا لەباكوورو رۆژهەڵاتی سوریا پسەپێنرێت.

PUKmedia بی بی سی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket