riklam

باڵەخانە تەواونەكراوەكانی هەولێر دیمەنێكی ناشرینیان بەشارەكە بەخشیوە

کوردستان 09:23 AM - 2022-07-28

دوای روخانی رژێمی پێشووی عیراق و گەشەكردنی ئابووری هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر باڵەخانەی چەندین نهۆمی بەمەبەستی دروستكردنی هۆتێل و شوقە و بینای بازرگانی لەشاری هەولێر و شارەكانی دیكەی هەرێم دروستكران كە ژمارەیان بەڕێژیەك بوو كە بەشێكیان دروستكردنیان نەدەبووە هۆی سوودی ئابووری و بەدەستهێنانی داهات و سەرمایە بۆ خاوەنەكانیان، بۆیە ژمارەیەكی بەرچاو لەو باڵەخانانە بەر لەوەی تەواو بكرێن دروستكردنیان وەستێنرا كە ئێستا هەندێكیان بوونەتە كەلاوە و جێگای مانەوەی ئاژەڵی بێلانە و هەروەك بووەتە سیمایەكی ناشیرین لەو شارەو مەترسی رووداوی نەخوازراو و ئەنجامدانی تاوان تێیاندا.

لەوبارەیەوە مەریوان هادی جێگری سەرۆكی شارەوانی هەولێر رایگەیاند: ئەو باڵەخانانە هی خەڵكن، بۆیە كە دروستیان كردووە و بەو شێوەیە جێیان هێشتووە ئێمە وەكو حكومەت ناتوانین بەناچاری پێیان تەواو بكەین یا بیانڕوخێنین یا پێیان بڵێین بیفرۆشن.

لەشاری هەولێر دەنگۆی ئەوە هەیە كە هەندێك لەو بینا تەواو نەكراوانە لەشوێنی هەستیار دروستكراون وەكو باڵەخانەكەی نزیك ئەنجومەنی وەزیران یا چەند باڵەخانەیەك لەنزیك ماڵی لێپرسراوێكی باڵای هەرێمی كوردستان، بۆیە رێگا بەخاوەنەكانیان نادرێت بەهۆكاری ئەمنی تەواوی بكەن، چونكە نهۆمەكانی دەڕوانێتە ئەو شوێنانە، بۆ ئەمەش جێگری سەرۆكی شارەوانی هەولێر رایگەیاند: ئەو دەنگۆیانە هیچ بنەمایەكی راستی نییە، چونكە ئەگەر وابوایە لەبنەڕەتەوە مۆڵەتی دروستكردنی بینا لەسەر زەوییەكانی ئەو باڵەخانانە نەدەدرا كە هەرگیز بەبێ مۆڵەت لەناو سنووری شارەوانی هەولێر رێگا بەدروستكردنی بینایە نادرێت.

وتیشی: زۆربەی باڵەخانەكان ئەگەر سكاڵای خەڵكی مەدەنی لەسەر بێت خاوەنەكەی ناچار كراوە تەواوی بكات، بۆ نموونە ئەو باڵەخانەیەی سەر شەقامی پزیشكان لەنزیك بازاڕی تەیراوە كە ماوەیەكی زۆر بوو تەنها هەیكەلەكەی تەواو كرابوو جێهێڵدرابوو ئەوەبوو خەڵكی دەوروبەری ناڕەزایەتیان لەسەر تەواونەكردنی دەربڕی و دواتر كێشەكەمان چارەسەر كرد و بیناكە تەواو كرا.

زرار عومەر یەكێكە لەخاوەنی باڵەخانەیەكی تەواو نەكراو لەشاری هەولێر كە شوێنەكەی كەوتۆتە نزیك تەلاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەو باڵەخانەیەمان لەساڵی 1999 – 2000 دروستكرد، بەڵام لەساڵی 2003 تەواوكردنیمان وەستاند و بەهەیكەلی مایەوە كە لەهەشت نهۆم پێكدێت، بەڵام تەواونەكردنی بەبڕیاری خۆمان بووەو هیچ هۆكارێكی ئەمنی یا شتی تری لەپشت نەبووە كە لەبنەڕەتدا موڵكەكە هی باوكمە ئەگەر دۆخی ئابوری هەرێم باشتر بێت بە دڵنیاییەوە تەواوی دەكەین كە ئەوكات بەنیازی هۆتێل دروستمان كرد.

دەوترێت لەو بینا تەواو نەكراوانەی هەولێر حاڵەتی روودانی تاوان یا خۆكوشتن روویداوە، بۆیە مەترسی لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی خەڵكی دروست دەكات، لەوبارەیەوە ئەو خاوەن باڵەخانە تەواو نەكراوە وتی: نەخێر بەهیچ شێوەیەك شتی وا لە باڵەخانەكەی ئێمە رووینەداوە، چونكە دەرگای خوارەوەی بۆ بەشی سەرەوەی بیناكە داخراوە و كەس ناتوانێت سەركەوێتە سەرەوەی، تائێستاش حكومەت پاڵەپەستۆی نەخستووەتە سەرمان بۆ تەواوكردنی كە بیناكە تاپۆیە و موڵكی خۆمانە.

هەر لەبارەی ئەو بینایە تەواونەكراوانە هۆگر عەزیز وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: بۆ لایەنی ئەمنی پێویستە ئەو بینایانە دەروازەكانیان دابخرێن، چونكە لەوانەیە حاڵەتی نەخوزاراویان تێیدا رووبدات، بۆیە لەئێستادا لەلایەن ئێمەوە دەرگای چوونە ژوورەوەی بەشی خوارەوەی هەموو ئەو بینا تەواونەكراونەی شاری هەولێر داخراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێكجار كێشە یان كارەسات بەهۆی ئەو بینا تەواو نەكراوانە روویداوە وەكو رووداوی خۆكوشتن كە یەك حاڵەتی خۆكوشتن هەبوو كە كچێكی گەنج بوو لەیەكێك لەبینا تەواو نەكراوەكانی سەر رێگەی هەولێر - كەركوك لەمساڵدا روویدا لەگەڕەكی ژیان كە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوە خۆی لەیەكێك لەو باڵەخانە تەواونەكراوانە فڕ ێدایە خوارەە و گیانیلەدەستدا.

سەبارەت بەهۆكاری تەواونەكردنی ئەو باڵەخانانە لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و شاری هەولێر بەتایبەتی، عوسمان ساڵح جێگری سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەرانی كوردستان وتی: هۆكاری تەواو نەكردنیان بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە لەوانە: زۆری رێوشوێنەكانی دەرهێنانی مۆڵەتە كە كۆمەڵێك مەرجی زۆر قورس بەسەر خاوەنەكانیان دەسەپێنن كە لە كۆتاییدا پڕۆژەكەیان بۆ تەواو ناكرێت و پارەیەكی زۆریش خەرج دەكەن دواتر بەناچاری بەتەواو نەكراوی بەجێی دەهێڵن.

وتیشی: ئەو كەسانەی دەیانەوێت باڵەخانەی بازرگانی یا هۆتێل یا شوقەی نیشتەجێبوون دروست بكەن و بەهۆیەوە شارەكان جوان بكەن یا یەكەی نیشتەجێبوون زیاد بكەن بۆ هاووڵاتیان، پێویستە حكومەت بەهەموو شێوەیەك هاوكاریان بكات و ئاسانكاریان بۆ تەواوكردنی بیناكانیان بۆ بكات هەر لەدەرهێنانی مۆڵەت تا دەگاتە دابینكردنی كەلوپەلەكانی و لەزۆربەی وڵاتانی تریش ئەو كەسانە دەتوانن هاوكاری لەدەوڵەت وەربگرن یان بچن لەبانكە حكومییەكان پارە رابكێشن.

جێگری سەرۆكی لقی هەولێری سەندیكای پارێزەران ئەوەی ئاشكرا كرد: كە لەیاسای عیراقیدا حكومەت ناتوانێت بەناچاری بینای تەواو نەكراو بەخاوەنەكانیان تەواو بكات ئەگەر هاتوو موڵكەكە بەتەواوی هی خاوەنەكەی بێت و موڵكی دەوڵەت نەبێت، بەڵام ئەگەر خاوەنەكەی گرێبەستی لەگەڵ خەڵكی تر كردبێت و بەڵێنی پێیان دابێت تەواوی بكات و پێیانی وتبێت شوقەكانتان لەماوەیەكی دیاریكراودا پێدەدەم، ئەوا پێویستە خاوەنەكەی پابەندی گرێبەستەكە بێت و بۆیان تەواو بكات ئەگەر پابەند نەبێت، ئەوا تووشی سزای پێ بژاردنی دواكەوتنی تەواوكردنی باڵەخانەكە دەبێت.

باسی لەوەشكرد: هەر كەسێك بینایەك دروست بكات و بەنیوە چڵی جێی بێڵێت و تەنیا هەیكەل بێت و دواتر ببێت بەكەلاوە ، ئەوا لەڕووی یاساییەوە پێچەوانەی یاسایە، چونكە دەبێتە هۆی روودانی چەندین تاوان لەناو ئەو بینا تەواو نەكراوە و كاری نابەجێ روودەدات و دەبێتە هۆی هەراسان بوونی ئەو كەسانەی لە دەوروبەری بیناكە دەژین، بۆیە لەو حاڵەتەدا پێویستە حكومەت بەخاوەنەكەی رابگەیەنێت كە تەواوی بكات و ئایا هۆكاری تەواو نەكردنەكەی چییە، ئەگەر بۆ نەبوونی پارە بگەڕێتەوە، ئەوا قەرز بدات بەخاوەنەكەی بۆ تەواوكردنی، ئەگینا بەخاوەنەكەی رابگەیەنێت كە پێویستە هەموو ئەو شوێنانەی چوونە ناوەوەی بیناكە دابخات بۆ ئەوەی كەس نەتوانێت بچێتە ناویانەوە.

عوسمان ساڵح رونیشیكردەوە: لەكاتی روودانی كارەساتی خۆكوشتن لەو بینا تەواو نەكراوانەدا ئەگەر موڵكەكە هی كەسێك بێت، ئەوا خاوەن موڵك و بیناكە تاوانبارە كە بەو پێیەی فەرامۆش و كەموكوڕی لەكارەكەی هەبووە و بەپێی مادەی یاسایی سزادانی عیراقی ژمارە 111 ی ساڵی 1969 خاوەن موڵكەكە سزا دەدرێت كە سزاكەی حەبسی تێدایە لەگەڵ سزای پێ بژاردن بەپێی ئەو زیانەی كە خاوەن مردووەكە داوای دەكات. 

PUKmedia رەوەست نەوزاد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket