riklam

سەرۆکی پەرلەمان سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەک دەکات

کوردستان 03:18 PM - 2022-07-24

به‌ئاماده‌بوونی له‌نجه‌ دزه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ژنان و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ و راوێژكارانی یاسایی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 2022-7-24، د. رێواز فایەق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رپه‌رشتیی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانی ژماره‌یه‌ك له‌ پارێزه‌رانی راوێژكار و نوێنه‌ری رێكخراوه‌كانی ژنانی كرد.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 8ی ساڵی 2011، یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی خێزان له‌ تووندوتیژی له‌ هه‌رێمی كوردستان-عیراق، گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی ره‌شنووسی راپۆرتی یه‌كه‌می پێشنیازه‌یاسای تووندوتیژی دژ به‌ ژن و خێزان و ماده‌ و بڕگه‌كانی ناو یاساكه‌ كرا، به‌تایبه‌ت ئه‌و مادانه‌ی كه‌ ئاسته‌نگ و گرفتی بۆ دادگاكان دروست كردووه‌ له‌ كاتی جێبه‌جێكردنیاندا.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: یاسای ژماره‌ 8ی ساڵی 2011،  یه‌كێكه‌ له‌و یاسا هه‌ره‌باشانه‌ی كه‌ له‌ قۆناغی خۆیدا بۆ په‌رله‌مانی كوردستان جێگه‌ی شانازییه‌،  ئه‌زموونیش سه‌لماندوویه‌تی كه‌وا هه‌ر یاسایه‌ك بۆ هه‌لومه‌رج و كاتێكی دیاریكراو سه‌ركه‌وتووه‌ و پاشان به‌تێپه‌ڕبوونی كات پێویستیی به‌ گۆڕانكاری و هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ ئومێده‌وارین دوابه‌دوای ئه‌و زنجیره‌ كۆبوونه‌وانه‌ی كه‌ به‌ئاماده‌بوونی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان، زۆربه‌ی رێكخراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تان، پارێزه‌ران، پسپۆڕان و چالاكوانانی مه‌ده‌نی ئه‌نجاممان داوه‌، بتوانین زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری كه‌موكوڕییه‌كانی ناو یاسا به‌ركاره‌كه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌جۆرێك كه‌ كارئاسانی بۆ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات له‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌و دۆسیانه‌ی كه‌ دێته‌ به‌رده‌ستیان.

دواتر له‌نجه‌ دزه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ژنان و نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی ژنان و ئافره‌تان و پارێزه‌رانی راوێژكار، به‌سه‌رنج و تێڕوانینه‌كانیان گفتوگۆكانیان ده‌وڵه‌مه‌ندتر كرد.

له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، بڕیار درا هه‌موو ئه‌و راوبۆچوونه‌ نوێیانه‌ی كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا خرانه‌ڕوو، جارێكی دیكه‌ به‌ هاوئاهه‌نگیی هه‌ردوو لیژنه‌ی كاروباری یاسایی، لیژنه‌ی داكۆكیكردن له‌ مافی ژنان، تاووتوێ بكرێن.

 

PUKmedia راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket