riklam

هێرشەکانی تورکیا ناڕەزایەتی وڵاتانی عەرەبی لێدەکەوێتەوە

کوردستان 06:29 PM - 2022-07-21

هێرش و پەلامارەكەی دوێنێی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و عیراق ناڕەزایەتی فراوانی لەسەر ئاستی عەرەبی لێدەكەوێتەوەو سەركۆنەی هێرشەكە دەكەن.

ئەمڕۆ پێنج شەممە پەرلەمانی عەرەب بەتوندی سەركۆنەی ئەو هێرشە دڕندانەیەی توركیای كرد كەكردیە سەر پارێزگای دهۆك و جەختیشیكردەوە كەهێرشەكە پێشێلكردنی زەقی سەرجەم بەڵگەنامەو نۆڕمە نێودەوڵەتییەكانە.

پەرلەمانی عەرەبی لەڕاگەیەنراوێكدا كە PUKmedia بەدواداچونی بۆ كردوە ئەوەشی ئاشكرا كردوە: سەركۆنەی توندی هێرشە دڕندانەكەی توركیا بۆ سەر پارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستانی عیراق دەكەین كەبەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی سڤیل شەهید و بریندار بوون.

جەختیشیكردۆتەوە: ئەم دەسترێژییە پێشێكردنی ئاشكرای سەرجەم بەڵگەنامەو عورفە نێودەوڵەتییەكانە، هەروەها پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری عیراق و پرەنسیپ و بنەماكانی دراوسێیەتی باشە.

دووپاتیشی كردۆتەوە لەسەر هاوپشتی و پشتیوانی تەواوی عیراق لەبەرامبەر هەموو رێوشوێنانەی دەیگرێتەبەر لەپێناو پاراستنی هاووڵاتیان و خاكەكەی و بەرگریكردن لەسەروەرییەكەی، داواشی لەتوركیا كردوە ئەو كارە دوژمنكاراییانە رابگرێت و رێز لەسەروەری تەواوی خاكی عیراق بگرێت و پابەند بێت بە پرەنسیپی دراوسێیەتی باشەوە.

پەرلەمانی عەرەبی هەروەها سەرەخۆشی لە خانەوادەی قوربانییە بێتاوانەكان دەكات و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

لەلایەكی ترەوە، وەزارەتی دەرەوەی میسر ئەمڕۆ پێنج شەممە سەركۆنەی بۆردومانەكەی توركیای كردوە كەدوێنێ چوار شەممە هاووڵاتیانی سڤیلی كردبوە ئامانج.

وەزارەتی دەرەوەی میسر لەراگەیەنراوێكدا كە PUKmedia بەدواداچوونی بۆ كردووە رایگەیاندوە: بەتوندترین شێوە ئەو هێرشە دڕندانەیە سەركۆنە دەكەین كە ناوچەیەكی گەشتیاری لەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستانی عیراق كردبوە ئامانج و بەهۆیەوە ژمارەیەك هاووڵاتی مەدەنی شەهیدو بریندار بوون، دووپاتیشی كردۆتەوە كە پێویستە رێز لەبنەماو بڕیارەكانی یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت كە پەیوەندییان بە پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنییەوە هەیە.

راشیگەیاند: میسر پرسەو سەرەخۆشی ئاراستەی قوربانیانی ئەم دەستدرێژییە قێزەونە دەكات، هەروەها پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەروەری عیراق و خاكەكەی و پاڵپشتیكردنی لەبەرامبەر هەموو ئەو رێوشوێنانەی كە حكومەتی عیراق دەگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەكەو تواناكانی گەلی عیراق دووپاتدەكەینەوە، پرسەو سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی قوربانیە بێتاوانەكان دەردەبڕین و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ سەرجەم بریندارەكان دەخوازین.

هاوكات ئەحمەد ئەبو غەیت ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی ئەمڕۆ پێنج شەممە سەركۆنەی ئەو هێرشەی توركیای كرد كە هاوینەهەوارێكی گەشتیاری لەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستانی عیراق كردە ئامانج و  9 شەهیدو ژمارەیەك برینداری لێكەوتەوە.

جەمال روشدی وتەبێژی ئەمینداری گشتی كۆمكاری عەرەبی لەزاری ئەو غەیتەوە جەختیكردەوە: دوژمناكارییەكەی توركیا بۆ سەر سەروەری عیراق بەتەواوەتی رەتدەكەنەوە كە پێشێكاری دیاری یاسای نێودەوڵەتی و سەرپێچی ئاشكرای پرەنسیپی دراوسێیەتی باشە.

وتەبێژەكەی كۆمكاری عەرەبی ئاماژەی بەوەشدا كە كۆمكاری عەرەبی پاڵپشتی لەعیراق دەكات لەرەتكردنەوە و شەرمەزاركردنی دەستدرێژییەكانی توركیا، هەروەها شەرمەزاری هەر هێرش و پیێشێلكارییەك دەكات كەبكرێتە سەر سەروەری هەر وڵاتێكی عەرەبی.
جەختیشیكردەوە: پێویستە ئەنقەرە لەپێوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە بەسەر حسابەكانیدا پچێتەوەو پارێزگاری لەپرەنسیپی دراوسێیەتی باش بكات و خۆی لەئەنجامدانی پرۆسە سەربازییەكان لەناو خاكی وڵاتانی عەرەبی بگرێت جا بەهەرچ بیانوویەكەوە بێت.

هەر پەیوەست بەو هێرش و پەلامارەی توركیا كە دوێنێ چوار شەممە كردیە سەر ناوچەیەكی گەشتیاری لەقەزای زاخۆ،  وڵاتی كوەیت پشتیوانی خۆی بۆ هەموو رێوشوێنانە راگەیاند كە عیراق لەبەرامبەر ئەو بۆردومانەی توركیا دەیگرێتەبەر.

وەزارەتی دەرەوەی كوەیت لەراگەیەنراوێكدا كە وێنەیەكی دەست PUKmedia كەوتوە، باسی لەوە كردووە كە كوەیت سەركۆنەو شەرمەزاری ئەو هێرشە دەكات كە ناوچەیەكی گەشتیاری لەپارێزگای دهۆك لەهەرێمی كوردستان كردە ئامانج كە ژمارەیەك قوربانی لێكەوتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی كوەیت ئەوەشی راگەیاندوە: كە ئەو دەستدرێژییە پێشێلكردنی ئاشكرای سەروەری عیراق و یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و عورف و بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەكانە، جەختیش دەكاتەوە لەسەر هاوپشتی كوەیت لەگەڵ عیراق و پشتیوانیكردنی لەهەموو ئەو رێوشوێنانەی دەیگرێتەبەر بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەرییەكەی.

وەزارەتی دەرەوە پرسەو سەرەخۆشی پێشكەشی حكومەت و گەلی عیراق و كەسوكاری قوربانییەكان دەكات و هیوای زوو چاكبوونەوەشی بۆ بریندارەكان دەخوازێت.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket