riklam

هەڵوێستی هەرێم و بەغدا لەسەر بۆردومانەکەی تورکیا لەزاخۆ

کوردستان 10:34 PM - 2022-07-20

ئەمڕۆ 20-7-2022، توركیا تۆپبارانی سەیرانگەی گوندی پەرەخی لە سنووری زاخۆ كرد و بەهۆیەوە نۆ گەشتیاری عەرەب شەهید بوون و 23 گەشتیاری دیكەش بریندار بوون، ئەم رووداوەش كاردانەوەی توندی حكومەتی عیراق و هەرێم و فراكسیۆنەكان و كەسایەتییە سیاسی و ئاینییەكانی عیراقی لێكەوتەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی: بەئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل و بێتاوان ئیدانە دەكەین
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێكدا پرسە و هاوخەمی خۆی ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانیان و شەهیدان ڕووداوەكەی ئەمڕۆی سنووری ئیدارەی زاخۆ دەكات و ڕایدەگەیەنێت: بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و چەندبارەبوونەوەی تۆپباران و هێرشەكانی سوپای توركیا و بەئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل و بێتاوان ئیدانە دەكەین.
دەقی پەیامەكەی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی:
پرسە و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی كەسوكاری قوربانیان و شەهیدانی رووداوەكەی ئەمڕۆی سنووری ئیدارەی زاخۆ دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.
‎بەزاندنی سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و چەندبارەبوونەوەی تۆپباران و هێرشەكانی سوپای توركیا و بەئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل و بێتاوان ئیدانە دەكەین. داوا لە حكومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان دەكەین رووبەڕووی ئەم پێشهاتە نەخوازراوانە ببنەوە كە ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی خەڵكەكەی رووبەڕووی مەترسی كردووەتەوە.
‎رووبەڕووبوونەوە و رێگریكردن لەم هێرشانە پەیوەستە بە هەڵوێستی نیشتمانی و یەكگرتوویی هەموولایەكەوە و دەبێت كۆدەنگی نیشتمانی بەرامبەر ئەم رووداوانە دروستبكرێت.

 

فراكسیۆنی یەكێتی لە بەغدا: سنوورێك بۆ بەزاندنی خاكمان دابنرێت
فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەیامێكی لەبارەی تۆپبارانەكەی توركیا بۆسەر سنووری زاخۆ بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ناكرێت چیتر تەنها بە لێدوان و بەیاننامە ناڕەزایی دەربڕین و چاوەڕوانی هێرشێكی تر بین، پێویستە حكومەتی فیدراڵی عیراق رۆڵ و هەڵوێستی جددی هەبێت و لەڕێی گفتوگۆوە سنوورێك بۆ بەزاندنی سەروەریی خاك و وڵاتمان دابنرێت.
دەقی پەیامەكە:

پێشەلكارییە بەردەوامەكانی توركیا بۆ سەر خاك و ئاسمانی عیراق و بەئامانج گرتنی هەرێمی كوردستان كارێكی دوژمنكاری و نا مرۆڤانەیە.

بەتوندی ئیدانەی ئەو پیشێلكاریانە دەكەین كە توركیا لە رێگەی فڕۆكەكانییەوە بەردەوام ئاسمان و خاكی عیراق پێشێل دەكات و هەرێمی كوردستان دەكاتە ئامانج  لە رێگەی هێرشە دوژمنكارییەكانی خۆی هاووڵاتیانی سڤیل و باخ و شوێنە گەشتیارییەكان بۆردومان دەكات .

دوای چەندین جار لە ئاگاداركردنەوی حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە دانانی سنوورێك بۆ هێرشە ناڕەواكانی توركیا، ئەمڕۆ دیسان فڕۆكەكانی توركیا سەیرانگای گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆیان بۆردومان كرد، لە ئەنجامدا نۆ گەشتیار شەهیدبوون و 22 ی دیكە بریندار بوون كە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن .

ناكرێت چیتر تەنها بە لێدوان و بەیاننامە ناڕەزایی دەربڕین و چاوەڕوانی هێرشێكی تر بین، پێویستە حكومەتی فیدراڵی عیراق رۆڵ و هەڵوێستی جددی هەبێت و لەڕێی گفتوگۆوە سنوورێك بۆ بەزاندنی سەروەریی خاك و وڵاتمان دابنرێت، چونكە ئەو پێشلكارییە سەربازییە بەردەوامانەی توركیا بۆ سەر خاكی عیراق و بەئامانج گرتنی هەرێمی كوردستان بە پێشێلكارییەكی مەترسیدار دادەنرێت، سەرپێچییەكی روون و ئاشكراشە بۆ یاسا و رێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندی نیازپاكی دراوسێیەتی، بۆیە ئێمە ئەم رەفتارە دوژمنكارانە سەرزەنشت دەكەین،  چونكە خوێنی ھاووڵاتییانمان پیرۆزە و داوادەكەین پیرۆزییەكانمان ‏بپارێزرێت.

 

سەرۆك كۆمار: بۆردومانەكەی توركیا هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی عیراق
لەبارەی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ سەرۆك كۆماری عیراق پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، بۆردومانەكەی توركیا هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی عیراق.
بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند: تۆپبارانی توركیا بۆ سەر ناوچەیەكی گەشتیاری دهۆك كە شەهیدبوون و برینداربونی چەند كەسێكی لێكەوتەوە ئیدانە دەكەین.

ئاماژەی بەوەشكردووە: ئەو هێرشانە پێشێلكاری ئاشكرای سەروەری خاكی عیراقن و هەرەشەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی عیراق.

سەرۆك كۆماری عیراق وتیشی: دوبارەبونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە قبوڵ كراونییە، لە كاتێكدا لە رابردودا چەندین جار داواكراوە ئەو جۆرە هەڵسوكەوتانە رابگیرێن كە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەكانە.

 

ئەنجومەنی وەزیران: عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆتایی بە دەستدرێژییەكان بهێنن
ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەسەر بۆردومانەكەی توركیا ھاتە دەنگ و دەڵێت پێویستە حكومەتی فیدرال و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەكی كاراتر، ھەوڵی رێگریكردن لە دووبارە بوونەوە و كۆتاییھێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.
دەقی راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیران:
راگەیەنراوێك لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە

تۆپبارانكردنی ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنووری دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لایەن ھێزەكانی توركیاوە، بە توندی شەرمەزار دەكەین، كە بە داخەوە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەك ھاووڵاتی گەشتیار. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین.

لەماوەی رابردوودا، هەرێمی كوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، كراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان كەوتووە. پێویستە حكومەتی فیدرال و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەكی كاراتر ،ھەوڵی ڕێگریكردن لە دووبارە بوونەوە و كۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.

پێكدادانی هێزەكانی توركیا و چەكدارانی پەكەكەش لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانمان، بۆیە جارێكی دیكەش داوا دەكەین، ھەرێمی كوردستان، لە كێشە و ململانێ ناوچەییەكان دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاووڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی.

كازمی: عیراق مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەكانی توركیا بداتەوە
سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی تۆپبارانكردنی سنووری زاخۆ لەلایەن توركیاوە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، عیراق مافی خۆیەتی وەڵامی هێرشەكانی توركیا بداتەوە و هەموو رێوشوێنێكی پێویستیش دەگرینەبەر بۆ پاراستنی گەلی عیراق.

 ئەمڕۆ چوارشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە پەیامێكدا رایگەیاند: ھێزەكانی توركیا دیسان پێشێلكارییەكی روون و ئاشكرای بۆ سەر سەروەری عیراق و ژیان و ئاسایشی ھاووڵاتیانی عیراقیان ئەنجامدا بە بەئامانجگرتنی ھاوینەھەوارێكی گەشتیاری لە پارێزگای دەھۆك لە هەرێمی كوردستان، بە تۆپبارانكردنی كە بووە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی خەڵكی مەدەنی بێ چەك كە زۆربەیان ژن و منداڵن.

راشیگەیاند: ئەم هێرشە دڕندانەیە دەیسەلمێنێت كە لایەنی توركیا گرنگی بە بەردەوامی داواكارییەكانی عیراق نەداوە بۆ راگرتنی پێشێلكارییە سەربازییەكانی بۆ سەر زەمینی عیراقییەكان و گیانی عیراقییەكان.

ئەوەشی راگەیاندووە: لە كاتێكدا عیراق بنەماكانی دراوسێیەتی باش بەرز دەنرخێنێت و پابەندە پێیەوە و بە شێوەیەكی چەقبەستوویی رەتدەكاتەوە بە بەكارهێنانی زەوییەكانی لەلایەن هەر لایەنێكەوە بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانی، ئەویش لە بەرامبەردا رەتیدەكاتەوە پاساوەكانی ئەمنی بەكاربهێنێت بۆ هەڕەشەكردن لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی عیراق و هێرش بكەنە سەر خاكی عیراق كە ڕەتكردنەوەی بنەماكانی دراوسێیەتی باش و رێككەوتن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە.

جەختیشدەكاتەوە عیراق مافی تەواوی خۆیەتی وەڵامی ئەم هێرشانە بداتەوە و هەموو رێوشوێنێكی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی گەلەكەی، هەروەها هەموو لێكەوتەكانی ئەو پەرەسەندنە بەردەوامە لە ئەستۆی لایەنی دەسترێژیكار دەبێت.

 

كازمی وەفدێكی باڵای ئەمنی رەوانەی شوێنی تۆپبارانەكەی زاخۆ دەكات
بەمەبەستی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە، سەرۆك وەزیرانی عیراق وەفدێكی باڵای ئەمنی رەوانەی شوێنی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ دەكات.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق رایگەیاند: مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڕیاریداوە وەفدێكی باڵای ئەمنی بەسەرۆكایەتی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق و بە ئەندامێتی وەزیری ناوخۆی عیراق و نوێنەری تایبەتی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی هێزەكانی پاسەوانی سنوور بنێرێت بۆ شوێنی بۆردومانەكەی گوندی پەرخی لە سنووری زاخۆ و لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكەن، هاوكات بریندارەكانیش بەسەر بكەنەوە.

 

 

حەلبوسی: دەبێت حكومەت لیكۆڵینەوە لە تۆپبارانكردنی زاخۆ بكات
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و داوای هەڵوێست لە حكومەتی عیراق دەكات.

محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە تویتێكیدا رایگەیاند: ناكرێت عیراق ببێتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی كێشە و ناكۆكییە ئیقلیمییەكان، خەڵكەكەشی بە خوێن باجەكەی بدەن.

 

حكومەتی عیراق: لە ئەنجومەنی ئاسایش وەڵامی دەستدرێژییەكەی توركیا دەدەینەوە

وەزارەتی دەرەوەی عیراق راگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشەكەی سەر هاوینەهەواری پەرخ لە سنووری زاخۆ بڵاوكردەوە و رایگەیاند، ئەم هێرشە بەئامانجگرتنی ئاسایشی عیراق و سەقامگیری گەلەكەیەتی و لە ئەنجومەنی ئاسایش وەڵامی دەستدرێژییەكەی توركیا دەدەینەوە.

دەشڵێت: هێرشەكە  پێشێلكارییەكی ئاشكرای سەروەریی عیراقە و پێشێلی پەیمان و یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكات.

راشیگەیاند: حكومەتی عیراق بەرزترین ئاستی وەڵامدانەوەی دیپلۆماسی دەگیرێتەبەر، سەرەتا بە پەنابردن بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و هەروەها گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنەكانی تر كە لەم بارەیەوە بڕیاریان لەسەر دراوە.

عەمار حەكیم: كردەوەكانی توركیا ئیدانە كراون
عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمە پەیامێكی لەبارەی هێرشەكەی توركیا بۆسەر سنووری زاخۆ بڵاوكردەوە رایگەیاند، تۆپبارانی توركیا بووە هۆی گیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەك گەشتیار.

راشیگەیاند: ئەو كردەوانە ئیدانە كراون و پێشێلكردنی سەروەری عیراقن، پێویست دەكات حكومەتی عیراق وێڕای ئیدانەكردنیان رێگای دیپلۆماتی بگرێتە بەر بۆ رێگرتن لە دووبارە بوونەوەیان.

 

سەدر: توركیا دوژمنكارییەكانی بەرامبەر عیراق زیاتر كردووە
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر لە تویتەر پەیامێكی تووندی لەبارەی تۆپبارانەكەی سنووری زاخۆ بڵاوكردەوە و رایگەیاند: پێویستە لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵا لەسەر توركیا تۆماربكرێت و دەبێت فڕۆكەخانە و  دەروازە سنووری و شكانییەكانی نێوان عیراق و توركیا دابخرێن.

دەقی پەیامەكە:

یەكەم: كەمكردنەوەی نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیا.
دووەم: داخستنی فڕۆكەخانەكان و دەروازە وشكانییەكانی نێوان عێراق و توركیا.
سێیەم: بۆ تۆماركردنی سكاڵا لە نەتەوە یەكگرتووەكان لە رێگەی كەناڵە فەرمییەكان و بە زووترین كات تا دەستدرێژیكردنە سەر پارێزگاكانی باكوور و ناوچەكە لە ناوەوە و دەرەوە چیتر قبوڵنەكرێت.
چوارەم: هەڵوەشاندنەوەی رێكەوتنی ئەمنی لەگەڵیدا.

 

یونامی: ئیدانەی هێرشەكەی توركیا دەكەین
دوای هێرشەكانی توركیا بۆ سەر هاوینەهەواری پەرخی لە زاخۆ، نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە و تێدا هاتووە، داوا هەموو لایەنەكان دەكەین بێ دواكەوتن ئەم پێشێلكاریانە بوەستێنن.

ئەمڕۆ چوار شەممە، نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی) پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: بە توندی ئیدانەی تۆپبارانە كوشندەكانی ئەمڕۆ دەكەین لە ناوچەی زاخۆ لە پارێزگای دهۆك لە هەرێمی كوردستان، كە بەپێی زانیارییەكان 8 هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و 23 كەسی دیكەش برینداربوون.

ئاماژەی بەوەشكردووە: سەرەخۆشی ئاراستەی كەسوكاری قوربانییەكان دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ بریندارەكان دەخوازین.

دەشڵێت: جارێكیتر خەڵكی مەدەنی دەكەونە ژێر كاریگەری تۆپبارانكردنی كوێرانە، بەپێێ یاسا نێودەوڵەتییەكان نابێت هێرشەكان ئاڕاستەی خەڵكی مەدەنی بكرێن.

یونامی ئاماژە بەوەشدەدا، داوا لە هەموو لایەنەكان دەكەین بەبێ دواكەوتن ئەم پێشێلكاریانە بوەستێنن.

راگەیندراوەكەی یونامی دوای ئەوە دێت كە ئەمرۆ لە ئەنجامی هێرشی توركیا بۆ سەر هاوینەژەواری پەرخی لە زاخۆ 8 كەس شەهیدبوون و 23 كەسی دیكەش برینداربوون.

راشیگەیاند: پێویستە حكومەتی عیراق رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر و لیكۆڵینەوە لە تۆپبارانكردنەكەی ئەمڕۆی سنووری زاخۆ بكات و گیانی هاووڵاتییەكانی بپارێزێت.

 

عەبادی: هێرشەكانی توركیا دوژمنكارانەیە
دوای هێرشەكانی ئەمڕۆی توركیا بۆسەر هاوینەهەواری پەرخی لە زاخۆ، حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسڕ لە تویتەر پەیامێكی بڵاوكردوەتەوە و دەڵێت:  پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكاریانە دابنێت.

عەبادی لەتویتێەكەیدا وتیشی: هاوپەیمانی نەسڕ سەركۆنەی هێرشەكەی توركیا دەكات و بەدوژمنكاری هەژماریدەكات.

ئاماژە بەوەشدەدات: داوا لە حكومەتی عیراق دەكەم كە سكاڵایەكی رەسمی پێشكەش بكەن تا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكاریانە دابنێت، لەهەمانكاتیشدا هێزە سیاسییەكانی ئاگاداركردەوە بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو دژ بەم پێشێلكاریانەی توركیا.

ئەم وتانەی حەیدەر عەبادی دوای ئەوە دێن كە ئەمڕۆ چوار شەممە، لە لایەن توركیاوە هێرش كرایە سەر هاوینەهەواری پەرخی لە زاخۆ، بەو هۆیەوە 9 شەهید و 23 برینداری لێكەوتەوە.

 

لەبارەی تۆپبارانی توركیاوە داوای دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی نوێنەران دەكرێت

لیژنەی ئاسایش وبەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوای دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنەكە دەكەن لەبارەی بۆردومانەكەی ئەمڕۆی سنووری زاخۆ.

لەوبارەوە كەریم شكور ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKmediaی راگەیاند: چەند ئەندامێك لە لیژنەی ئاسایش و بەرگری داوایان كردووە دانیشتنێكی نائاسایی  لەبارەی لەبارەی بۆردومانەكەی ئەمڕۆی سنووری زاخۆ كە ژمارەیەك شەهید و برینداری لێكەوتەوە, ئەمەش بە شكاندی حورمەتی حكومەتی عیراق لەلایەن توركیاوە دادەنرێت.

 

ئەنجومەنی وەزیران: عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆتایی بە دەستدرێژییەكان بهێنن

ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان لەسەر بۆردومانەكەی توركیا ھاتە دەنگ و دەڵێت پێویستە حكومەتی فیدرال و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەكی كاراتر، ھەوڵی رێگریكردن لە دووبارە بوونەوە و كۆتاییھێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.

دەقی راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی وەزیران:
راگەیەنراوێك لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستانەوە
تۆپبارانكردنی ھاوینەھەواری پەرەخێ لە سنووری دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە لایەن ھێزەكانی توركیاوە، بە توندی شەرمەزار دەكەین، كە بە داخەوە بووە ھۆی شەھید و برینداربوونی ژمارەیەك ھاووڵاتی گەشتیار. پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
لەماوەی رابردوودا، هەرێمی كوردستان چەندین جار لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق، كراوەتە ئامانج و زیانی گیانی و ماددی بەر هاووڵاتییانمان كەوتووە. پێویستە حكومەتی فیدرال و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بە شێوەیەكی كاراتر ،ھەوڵی ڕێگریكردن لە دووبارە بوونەوە و كۆتاییهێنان بەم دەستدرێژیانە بدەن.
پێكدادانی هێزەكانی توركیا و چەكدارانی پەكەكەش لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێم، بووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسیی بەردەوام بۆ سەر هاووڵاتییانمان، بۆیە جارێكی دیكەش داوا دەكەین، ھەرێمی كوردستان، لە كێشە و ململانێ ناوچەییەكان دوور بخرێتەوە، بۆ ئەوەی چیتر ھاووڵاتییانی بێ تاوان، نەبنە قوربانی.

 

 نێچیرڤان بارزانی: بۆردومانەكانی توركیا بوەتە هۆی چۆڵكردنی سەتان گوند
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لە پەیامێكدا وێڕای ئیدانەكردنی بۆمبارانكردنی سنووری زاخۆ، ڕایگەیاندووە بۆمباران و شەڕی بەردەوام لە سنوورەكان بوەتە هۆی چۆڵكردنی سەتان گوندی ناوچەكە.

ئەمەش دەقی پەیامەكەی سەرۆكی هەرێم

زۆر بە توندی سەركۆنەی تاوانی بۆمببارانكردنی ئەمڕۆی سنووری زاخۆ دەكەین كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك هاووڵاتی و گەشتیاری سڤیلی ناوچە جیاكانی عیراق و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكەیان.
دووبارەبوونەوەی بۆمبباران و بەردەوامیی شەڕ و پێكدادانی سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكه لە سنوورەكان‌، بە تەواوی ڕەتكراوە و قبووڵنەكراوە و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و سنووری نێودەوڵەتیی عیراقی شێواندووە، هەروەها بووەتە هۆی چۆڵكردنی سەتان گوند و دێهاتی ناوچەكە.
پرسە و سەرەخۆشیی قووڵمان ئاراستەی خێزان و كەسوكاری قوربانییان دەكەین و هاودەرد و هاوخەمیانین، هیوای زووچاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین. نەخۆشخانە و لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان هەموو یارمەتی و خزمەتگوزارییەكی پێویست پێشكەش بە بریندار و بەركەوتووان دەكەن.
سوپای توركیا و چەكدارانی پەكەكە دەبێ شەڕ و پێكدادان ڕابگرن و چیتر نەبنە هۆكاری كوشتن و وێرانكاری لە ناوچە سنوورییەكان و شەڕ و بەڵای خۆیان لە یەخەی خەڵكی هەرێمی كوردستان بكەنەوە. حكوومەتی فیدراڵیی عیراقیش دەبێ هەموو ڕێكارێكی پێویست بگرێتە بەر بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە و لە خاكی عیراقەوە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ نەكرێت.


پەرلەمانی كوردستان: حكومەتی عیراق سەروەری ئاسمان و خاكی ھەرێم بپارێزێت
پەرلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا وێنەی ئیدانەكردنی تۆپبارانەكانی سوپای توركیا، داوا لە حكومەتی فیدراڵی عیراق دەكات بە پێی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی بە ئەركی یاسایی و دەستووری خۆی هەستێت و سەروەری ئاسمان و خاكی هەرێمی كوردستان وەك هەرێمێكی فیدراڵ لە چوارچێوەی عیراق بپارێزێت.

ئەمەش دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

بە داخەوە جارێكی دیكە بە ھۆی لێكەوتەكانی بەردەوامی شەڕ و پێكدادانەكانی توركیا و پەكەكە لە ناوچە سنورییەكان، و بە ھۆی تۆپبارانی سوپای توركیاوە بۆ سەر ھاوینەھەواری پەرەخی سنوری دەركار لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ژمارەیەك ھاووڵاتی شەھید بوون و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.

پەرلەمانی كوردستان وێڕای بە توندی ئیدانەكردنی ئەم تۆپبارانەی سوپای توركیا، داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكەین بە پێی یاسا و عورفی نێودەوڵەتی بە ئەركی یاسایی و دەستووری خۆی ھەستێ و سەروەری ئاسمان و خاكی ھەرێمی كوردستان وەك ھەرێمێكی فیدراڵ لە چوارچێوەی عێراقدا لە دەستدرێژییە بەردەوامەكانی وڵاتانی دەوروبەر و ھێزە لە یاسا دەرچووەكان بپارێزێت و ھەموو ھەنگاوێكی یاسایی و دیپلۆماسی بگرێتە بەر بۆ دووبارە نەبوونەوەی ئەم پەلامارانە.

پێویستە توركیا و پەكەكە بەڵای شەڕ و ململانێكانیان لە خاكی ھەرێمی كوردستان دووربخەنەوە و خەڵكی ھەرێمی كوردستان و سەروەری ھەرێم لە كێشە و ناكۆكییەكانیان دوور بخەنەوە.

داوا لە دامەزراوە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان دەكەین ھەموو ھەوڵەكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بخاتە گەڕ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری یەكجارەكی و دڵنیاكردنەوەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان و عێراق كە پەلامار و ھێرشەكانی وڵاتانی دەوروبەر و ھێزە لەیاسادەرچووەكان پارێزراو دەبن.

پرسە و سەرەخۆشی پەرلەمانی كوردستان ئاراستەی خزم و كەسوكاری ئەو ھاووڵاتییە گەشتیارانە دەكەین كە لە ناوچە جیاجیاكانی عيراقەوە ھاتبوونە ناوچە دڵرفێنەكانی كوردستان، بەڵام بەداخەوە بوونە قوربانی شەڕ و ناكۆكیەك كە ھیچ پەیوەندی بە ھەرێمی كوردستان و عێراقەوە نيیە.

لێژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمانی كوردستان ڕادەسپێرین بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم رووداوە نەخوازراوە بكەن و رێكاری پەرلەمانی بگرنە بەر.

 

كونسوڵخانەی ئەڵمانیا داوای لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی پەرخە دەكات

كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و دڵتەنگی سەبارەت بە ڕووداوی بۆمبارانكردنی هاوینەهەواری پەرخه لە سنووری زاخۆ داوای لێكۆڵینەوە لەو هێرشە دەكات.

لەپەیامێكدا كۆنسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر ڕایگەیاندووە هەواڵی قوربانیانی مەدەنی لە پەرخ ئەوانی تووشی تاسان و دڵتەنگی كردووەو بیریان لای برینداران و كەسوكاری ئەو كەسانەن كە كوژراون.

لە پەیامەكەدا هاتووە هێرشكردنە سەر خەڵكی مەدەنی پاساو هەڵناگرێت و پێویستە لێكۆڵینەوە لەو هێرشە بكرێت و بەرپرسان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.

 

تۆپبارانكردنەكەی زاخۆ لەلایەن توركیاوە تەنها بە كاردانەوەی توندی حكومەتی عیراق و هەرێم و كەسایەتییە سیاسییەكانەوە نەوەستا بەڵكو دوابەدوای رووداوەكە لەلایەن هاووڵاتیانەوە نووسینگەی توركیا لە نەجەف دەستیبەسەردا گیراو داخرا، ئاڵای توركیاش هێنرایە خوارەوە، درەنگانی ئەمشەویش خۆپیشاندان لەبەردەم باڵیۆزخانەی توركیا لە بەغدا دەستیپێكرد و خۆپیشاندەران ئاڵای توركیایان لەسەر باڵیۆزخانەكە داگرت.

دەستەی گەشتوگوزاری هەریم ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا دەکات

پاش ئەوەی ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتی تورکیاوە سنورەکانی کوردستان و ناوچەی گەشتیاری دەرکار سەر بە گەشتوگوزاری زاخۆ بۆردومان کران،  ئەمەل جەلال سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم لە پەیامێکدا بە تووندی ئیدانەی کرد.

ئەمەش دەقی پەیامەکەیە:
بە بیستنی هەواڵی بۆردوومانی ناوچەیەکی گەشتیاری زاخۆ لە دڵەوە ڕایچڵەکاندم، خەمبار و نیگەران بووم،  دەستدێژی و هێرشە مووشەکییەکانی وڵاتی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بەتوندرین شێوە ئیدانە دەکەم، پێویستە سنورێک بۆ ئەم کارە دابنرێت، پێویستە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم لێکۆڵینەوە و ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان.

وەک ئاشکرا کراوە لە ئەنجامدا چەند گەشتیارێک گیانیان لەدەستداوە، بە نیگەرانی و دڵێکی تەنگەوە، پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خانەوادە و کەسوکاریان دەکەم،  هیوای زوو چاکبوونەوە و ساڕێژبوونی زام و ئازار بۆ بریندارەکان دەخوازم.

درووستبوونی ئەم دۆخە نەخوازراو و دەستدێژیانە بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێتە مایەی شێواندنی ئاسایشی نیشتیمانی و کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان.

ئارام و پارێزراوبێت هەرێمی کوردستان....

ئەمەل جەلال
سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزار

PUKmedia تایبەت

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket