riklam

شەپۆلێكی گەرما هەزاران هێكتار زەوی فەڕەنسا دەسووتێنێت

جیهان 07:54 PM - 2022-07-17

ماوەی چەند رۆژێكە شەپۆلێكی گەرمای بەهێز سەرتاسەری فەڕەنسای گرتووەتەوە و بەوهۆیەشەوە  هەزاران هێكتار زەوی سووتاون، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەش فەڕەنسا داوای هاوكاری لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا دەكات.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوهەوای نیشتمانی فەڕەنسا رایگەیاند: لە نزیكەوە چاودێری گۆڕانگارییەكانی كەشوهەوا و پلەكانی گەرما  دەكەن، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەشەوە هەزاران هێكتار لە دارستانەكانی هەرێمە جیاوازەكانی فەڕەنسا گڕییانگرتووە و زیانێكی ماڵی زۆری لێكەوتووەتەوە، تیمە ئاگر كوژێنەوەكان و بەرگری شارستانیش ماوەی چەند رۆژێكە سەرقاڵی كۆنترۆڵكردنی ئاگرەكەن، بەپێی زانیارییەكانیش لە هەندێك شوێنیش هۆكاری كەوتنەوەی ئاگر دەستی هەندێك كەسی تێدایە و پۆلیس تا ئێستا چەند تۆمەتبارێكی دەستگیر كردووە و هەندێكیان دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە و ئەوانی دیكەش لە ژێر لێكۆڵیینەوەدان.

هەر بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەوە جوتیاران ترسی لەناوچوونی  بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان هەیە و بۆ ئەو مەبەستەش لە رۆژانی داهاتوودا وەزیری كشتوكاڵ لەگەڵ سەندیكای جوتیاران و لیژنەی باڵای كاراستە سروشتییەكان كۆدەبێتەوە بۆ خۆ ئامادەكردن و روبەڕوبوونەوەی هەموو رووداوێكی نەخوازراو ، هاوكات وەزارەتی تەندروستیش پلانی خێرای هەیە بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتیان و بەردەوام  هۆشیاریی دەدەنە هاووڵاتیان ، هەروەها لیژنەی تایبەت بۆ بەسەركردنەوە و چاودێریكردنی ئەو هاووڵاتیانە پێكهێنراوە كە بەتەنها دەژین، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لەو وڵاتە بەشێوەیەكە خەڵكی بەدوای سێبەر و فێنكیدا دەگەڕین لە گۆڕەپان و پاركەكان بەتایبەتی ئەو شوێنانەی حەوز و فوارەی ئاویان لێیە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشو و هەوای نیشتمانی فەڕەنسا، بەهۆی ئەوشەپۆلە بەهێزەی گەرما 15 هەرێمی خستووەتە هێڵی سوورەوە، هەروەها 51 هەرێمی تریش لە هێڵی پڕتەقاڵیدان، ئەمەش لە كاتێكدایە پلەكانی گەرما بە ربەردەوام لە بەرزبوونەوەدان بە تایبەت لە باشووری رۆژئاوای فەڕەنسا، بەپێی پێشبینییەكانیش ئەم شەپۆلی گەرمایە بەردەوام دەبێت لە رۆژانی داهاتوودا، لە ئێستاشدا پلەی گەرما لە باشوور و باشووری رۆژئاوای فەڕەنسا گەیشتۆتە 40پلە لەسێبەردا و 48 پلە لەبەرهاتاودا، لە باكووری وڵاتەكەش پلەی گەرما 38 تا 40پلە بەرزبووەتەوە .

جێی ئاماژەیە تائێستا 11 هەزار هێكیار لە دارستانەكانی فەڕەنسا سووتاون و هەتا ئێستاش بەتەواوی نەتوانراوە كۆنتڕۆڵی ئەو ئاگرە بكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش فەڕەنسا داوای هاوكاری لە ئیسپانیا و ئیتاڵیا كردووە.

PUKmedia حەمە عوسمان- فەڕەنسا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket