riklam

ئارامی بۆ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

کوردستان 08:00 PM - 2022-07-13

كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان له‌سنووری پارێزگای كه‌ركوك به‌تایبه‌ت و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌گشتی كه‌میكرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ چه‌ند هۆكارێك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌و له‌گرنگترین هۆكاره‌كانیش هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراقه‌، كه‌ بۆشایی ئه‌منییان كه‌مكردوه‌ته‌وه‌و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ ده‌رفه‌تی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی بۆ تیرۆرستان كه‌م ببێته‌وه‌.

كه‌ركوك ئارامتره‌
به‌پێی ئاماره‌كان كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان له‌سنووری ناوچه‌كانی كه‌ركوك, به‌هۆی هه‌ماهه‌نگی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان, سوپای عیراق به‌راورد به‌ساڵی رابردوو بۆ نیوه‌ كه‌می كردووه‌، بۆ نموونه‌ له‌سنووری پارێزگای كه‌ركوك له‌مانگی 5 ی ئه‌مساڵ, 9 رووداوی تیرۆرستی تۆمار كراون, به‌ڵام له‌مانگی 6 دا رووداوه‌كان بۆ 5 رووداو كه‌مبوونه‌ته‌وه‌.

هه‌ر له‌پارێزگای كه‌ركوك رووداوه‌ تاوانكارییه‌كان, بۆ مانگی 6 ته‌نها یه‌ك حاڵه‌ت هه‌بووه‌، به‌ڵام پێشتر مانگی 5 سێ‌ حاڵه‌ت هه‌بووه‌, كه‌ زیاتر خۆی ده‌بینیه‌وه‌ له‌ دزیكردن له‌ ماڵان, بردنی ئۆتۆمبێل.

هۆكاره‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی
له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ ئیدریس حاجی عادل جێگری مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: هه‌ماهه‌نگی هێزی پێشمه‌رگه‌و سوپای عیراق رێگری ته‌واوی له‌كرده‌وه‌ی تیرۆرستی كردوه‌و له‌ئێستادا بارودۆخی پارێزگای كه‌ركوك به‌ تایبه‌تی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان به‌گشتی به‌راورد به‌ساڵانی رابردوو ئارامتره‌.

وتیشی: هۆكار زۆرن بۆئه‌وه‌ی كه‌ له‌ئێستادا ئارامی شاری كه‌ركوك باشتر بێت له‌ رابردوو، به‌ڵام له‌ گرنگترینیان هه‌ماهه‌نگی نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمه‌رگه‌و هه‌روه‌ها مامه‌ڵه‌ی سوپای عیراق له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی كه‌ركوك كه‌له‌ئێستادا خراپ نیه‌، كه‌ به‌بۆچوونی من ئه‌وه‌ش یه‌كێكه‌ له‌هۆكاره‌كانی كه‌مبوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌بێت باسی ئه‌وه‌ش بكه‌ین كه‌ هۆكارێكی دیكه‌ی كه‌مبوونه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌كه‌ركوك بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ پێشتر به‌شێكی زۆری كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان سوونه‌ بوون، به‌ڵام له‌ئێستادا كه‌ سوونه‌ له‌ كه‌ركوك خۆیان به‌ خاوه‌ن ماڵ ده‌زانێت، بێگومان كرده‌وه‌ی تیرۆرستیش كه‌م ده‌كات.

 ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌ ناو پارێزگای كه‌ركوك كه‌می كردوه‌، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌شمان له‌بیرنه‌چێت كه‌ تائێستاش كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌گونده‌كانی كه‌ركوك به‌رده‌وامیی هه‌یه‌ و رۆژانه‌ شوانكار و خه‌ڵكی ئاسایی ده‌ڕفێنرێن و له‌به‌رامبه‌ر پاره‌ ئازاد ده‌كرێن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكجار تیرۆرستان به‌پاره‌ش رازیی نابن و ده‌یانكوژن.

كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان بۆ نیوه‌ كه‌میكردوه‌
رووداوه‌كان له‌شارۆچكه‌ی حه‌ویجه‌ له‌مانگی 5 دا به‌راورد به‌ مانگی 6 كه‌می كردووه‌. وایكردووه‌ له‌ سنوری شارۆچكه‌ی داقوقیش به‌هۆی هه‌ماهه‌نگی پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ سوپای عیراق، كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌ هه‌ردوو مانگی 5 و 6 ی ئه‌مساڵ بۆ نیوه‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌.

له‌ دبسیش له‌ماوه‌ی ئه‌م دوومانگه‌دا هیچ حاڵه‌تێكی تیرۆرستی تۆمار نه‌كراوه‌.

داعش سه‌ركرده‌ی نه‌ماوه‌
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ خالید یابه‌ لێپرسراوی په‌یوه‌ندییه‌كانی مه‌ڵه‌به‌ندی 17ی رۆژئاوای كه‌ركوكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ PUKmedia وتی: یه‌كێك له‌ هه‌ره‌ خاڵه‌ گرنگه‌كانی ئه‌وه‌ی كه‌ بۆ كرده‌وه‌ی تیرۆرستی له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان كه‌میكردوه‌؟ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شێكی زۆری سه‌ركرده‌كانی تیرۆرستان له‌بۆرودمانه‌كاندا كوژراون داعش ئێستا بێ سه‌ركرده‌یه‌و هه‌ڕه‌مه‌كی كار ده‌كات، هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ كه‌ نه‌پرژێنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ رێكخراو كاری تیرۆرستی بكه‌ن.
وتیشی: هه‌مووكات كورد له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌شێك نه‌بووه‌ له‌كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ رۆڵی گرنگی هه‌بووه‌ له‌كه‌مكردنه‌وه‌ی كرده‌وه‌ی تیرۆرستی و له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا خوێنی زۆری به‌خشیووه‌، ته‌نانه‌ت به‌شێكی زۆری قوربانی كرده‌وه‌ تیرۆرستییه‌كان كوردن و كراونه‌ته‌ ئامانج.

هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوو هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و سوپای عیراق, ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبێت ده‌توانرێت رێگری له‌ ده‌یان تاوان و كارو كرده‌وه‌ی تیرۆرستی بكرێت و ژیانێكی ئارام بۆ هاووڵاتیانی ئه‌وناوچانه‌ ده‌سته‌به‌ر بكرێت.

PUKmedia ئا / دیار ستار

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket