riklam

سلێمانی دەبێتە ئارامترین شاری عیراق

کوردستان 06:10 PM - 2022-07-13

بۆ جەژن زیاتر لە 100 هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی كردووە و هیچ رووداوێكی نەخوازراویش تۆمارنەكراوە، وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی دەڵێت، شارەكە بووەتە ئارامترین شاری گەشتیاری عیراق، پۆلیسی سلێمانیش رایدەگەیەنێت، پلانەكانیان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و ئارامی شار بەباشی جێبەجێ كراون.

 

سلێمانی بووەتە ئارامترین شاری گەشتیاری عیراق
لەوبارەیەوە ئارام شوانی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە PUKmedia  ی راگەیاند: بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ زیاتر لە 110 هەزار گەشتیار روویان لە پارێزگای سلێمانی كردووە و پێشبینی دەكرێت لە رۆژانی داهاتوودا رێژەكە بۆ 125 هەزار گەشتیار زیاد بكات، هەرچەندە ئەو رێژە زۆرەی گەشتیار روویان لە شارەكە كردووە بەڵام، هیچ رووداوێكی نەخوازراو تۆمارنەكراوە بۆیە سلێمانی بووەتە ئارامترین شاری گەشتیاری عیراق.

راشیگەیاند: هەرچەندە سلێمانی پایتەختی هەرێمی كوردستان نییە بەڵام، رێژەی سەردانیكردنی گەشتیاران بۆ سلێمانی لە پارێزگای هەولێر زیاترە چونكە، ئاسانكارییەكی زیاتر بۆ گەشتیاران كراوە و لە كاتی هاتنیان بۆ شارەكە، لە بازگەكاندا بە وردی و خێرایی كاروبارەكانیان بۆ رایی دەكرێت.

گەشتیاران زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار خەرجییان كردووە
ئاماژەی بەوەشكرد: بە پلەی یەكەم گەشتیاران خەڵكی ناوەڕاست و باشوری عیراقن و بە پلەی دووەم گەشتیارەكان خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن، هاوكات هاتنی گەشتیاران ئەمساڵ بۆ سلێمانی جموجۆڵێكی ئابووری باشی لە پارێزگاكە تۆماركردووە، پێشبینیش دەكرێت كە گەشتیاران زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار خەرجییان كردبێت لە سنووری  پارێزگاكەدا، هاوكات گەشتیاران لە رۆژدا روو لە ناوچە گەشتیارییە فێنكەكانی هەر یەك لە ئەحماوا، دوكان و ناوچە گەشتیارییە فێنكەكانی دیكەی پارێزگاكە،  بە شەوانیش سەردانی مۆڵ و شوێنە گشتییەكانی سلێمانی دەكەن.

 

هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیكردووە
ئارام شوان ئەوەشی خستەڕوو: رێژەی هاتنی گەشتیاران بۆ سلێمانی بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیكردووە، لە كاتێكدا ساڵی پار 85 هەزار گەشتیار سەردانی سلێمانیان كردووە بەڵام ئەمساڵ رێژەكە بە 50 هەزار گەشتیار زیادیكردووە.

 

پۆلیسی سلێمانی: رۆژانی جەژن بە ئارامی بەڕێكرا
هەر لەوبارەیەوە سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی لەمیانی بەشداریكردنی لە هەواڵەكانی دەنگی گەلی كوردستان رایگەیاند: وەك پۆلیسی سلێمانی پێش رۆژانی جەژن، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی تر چەندین پلانمان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و ئارامی شارداناوە، پلانەكانیش لەڕۆژانی جەژن بەباشی جێبەجێ كراون، سەرەڕای ئەوەی گەشتیارێكی زۆر هاتوونەتە شارەكە، لە رۆژانی جەژندا هیچ رووداوێكی نەخوازراو رووینەداوە چەند رۆژێكی ئارام بەڕێكراوە.

PUKmedia ژینەر محەمەد


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket