riklam

حكومەتی ژمارە دووی فەڕەنسا دەستبەكارەكانی دەكات

جیهان 10:26 PM - 2022-07-06

پێش دوو هەفتە لەمەوبەر، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی فەڕەنسا بەشكستی هاوپەیمانی سەرۆكایەتی (پێكەوە)كۆتاییهات بەبێئەوەی بتوانن زۆرینە لەپەرلەمان پێكبهێنن، ڕۆژی دووشەممە4ی ئەم مانگە پاش دانوستان و ڕاوێژێكی زۆر، ئیلئزابێت بۆرن سەرۆكی حكومەت، هاوكات لەگەڵ سەرۆك ئیمانیول ماكرۆن ،توانیان حكومەتی ژمارە دووی خاتوو بۆرن نوێ بكەنەوە.

لەكۆشكی ئێلێزیەوە دوای نزیكەی دوومانگ ونیو لەهەڵبژاردنەوەی سەرۆك ماكرۆن بۆ 5یتر ، ناوی 41كەسایەتی ئاشكراكرا بۆنوێكردنەوەی حكومەتی یەكەمی خاتووبۆرن كەبە حكومەتی ژمارە دوو ئەژمار دەكرێت، بەڵام حكومەتێك بەبێ زۆرینەی مەحكەم وپتەو لەپەرلەمان  دەستبەكارەكانی دەكات.

لەماوەی دووهەفتەی ڕابردوودا سەرۆك ماكرۆن هەموو سەرۆكی حزبە ئۆپۆزیسیۆنەكانی بانگهێشت كرد بۆكۆشكی ئیلیزێ، بەمەبەستی دانوستان و ڕاوێژكردن بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی وپشتگیری حكومەتەكەی بۆرن، بۆئەوەی بتوانێت هەموو پڕۆژەیاساكانی بگەیەنێتە ئەنجام كە لەهەڵمەتەی دەنگداندا بەڵێنی بە فەڕەنسیەكاندابوو ،بەڵام هیچكام لەوحزبانە ، نە چەپ و نە ڕاست و نە ڕاستەتووندڕەوەكان، ئامادەیی خۆیان دەرنەبڕی بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ لیستی پێكەوەی سەرۆك كۆمار و بەشداریان لەحكومەتدا،لەهەمانكاتیشدا هەموویان جگە لە یەكێتی نوێی میللی ئیكۆلۆژی سۆشیال، سەرۆك ماكرۆنیان دڵنیاكردەوە لەوەی كە هەوڵی بلۆككردنی دەزگاكانی دەوڵەت نادەن و بەوردی دەڕواننە بڕیارەكان وپڕۆژەیاساكانی حكومەت لەپەرلەمان ، ئەگەرپێشنیاز و بڕیار وپڕۆژەیاساكانیان لەخزمەتی فەڕەنسیەكاندابێت و نزیك بێت لەپڕۆگرامی حزبەكەیانەوە ئەوا دەنگی بۆدەدەن خۆ ئەگەر بەپێچەوانەوەبێت ئەوا بەدژ دەنگدەدەن و یان هەردەنگ نادەن و ئامادە نابن بۆ دەنگدان.

بەهەمانشێوەش پێش هەفتەیەك خاتوو بۆرن، هەموو سەرۆكی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزیسیون لەپەرلەمان بانگهێشت كرد لەكۆشكی ماتینیون، بەمەبەستی درووستكردنی هاوپەیمانی لەپەرلەمان پێشئەوەی حكومەتەكەی نوێبكاتەوە ،بە هەمانشێوە هیچكام لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان ئامادەی هاوپەیمانی لەگەڵ لیستی پێكەوەی سەرۆكایەتی نەبوون.

فرانسوا بایرو سەرۆكی بزووتنەوەی دیموكراسی و هاووپەیمان لەگەڵ حزبەكەی ماكرۆن، هەوڵیدا كە حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی فەڕەنسی درووستبكات، بەڵام ئەوهەوڵەش سەرینەگرت وكەس بەدەنگیەوە نەهات.

پاش ئەوەی سەرۆك كۆمار و سەرۆكی حكومەت بێهیوابوون لەدرووستكردنی حكومەتێكی هاوبەش و حكومەتێكی یەكێتی نیشتمانی، حكومەتی ژمارە دووی خاتوو بۆرن، بەئامادەبوونی  سەرۆك ماكرۆن یەكەمین كۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی تازەدا لەكۆشكی ئیلیزێ ئەنجامدا، تێیدا سەرۆك ماكرۆن داوای لەوەزیرەكان كرد كە بەبیر و باوەڕێكی بەهێزەوە بەرەوڕووی ئەو باردودۆخە ببنەوە و هەموو هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆ خزمەتكردنی خەڵكی فەڕەنسا و داوایكرد كە هەرلەئێستاوە پێویستە حكومەتێكی چالاك و بەهێز بێت، بۆ ئەوەی لەئاستی داخوازیی گەلی فەڕەنسادا بێت.

سەرۆك ماكرۆن بە بارودۆخێكی تایبەتمەندا تێدەپەڕێت بەرامبەر بە بارودۆخی نالەباری ناوەوەی وڵات، گرانییەكی بەرچاو ڕوویكردۆتە وڵات، نرخی خواردن و كاڵاكان ڕۆژبەڕۆژ لە بەرزبووندایە، فەڕەنسییەكان توانای كڕینیان نەماوە بە تایبەتی چینی هەژار و كەمدەست و مامناوەندی، نرخی سووتەمەنی و بەنزین لە 2یۆرۆ لایداوە  و ڕۆژبەڕۆژیش نەخۆشی كۆرۆنا زیاد دەكات و نەخۆشخانەكان پێویستیان بە پزیشك و برینپێج هەیە، جگە لەمانەش نەخۆشخانەكان پێویستیان بە ئامێری پزیشكی وجێگا هەیە،مانگرتن لە بواری تەندروستیدا دەستیپێكردوە، هەروەها سەرۆك ماكرۆن بەنیازی چاكسازی هەیە بۆخانەنشینی و بە نیازی درێژكردنەوەی تەمەنی چوونەخانەنشینیە بۆ 65ساڵ ، ئەمەش گەورەترین ناكۆكیی نێوان دەوڵەت و سەندیكا وئۆپۆزسیۆنەكان  وچاكسازییەكی هێجگار هەستییارە هەتاكو ئێستا نەتوانراوە چارەسەرێكی بۆ بدۆزرێتەوە ، بۆ ئەو چاكسازییانە سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكانی پێویستیان بە زۆرینەی بەهێز هەیە لە پەرلەمان بۆئەوەی بتوانێت هەموو چاكسازییەكان وپڕۆژەیاساكانیان سەربگرێت. 

لە ڕۆژانی داهاتوودا دەردەكەوێت تا چەند كابینەی تازەی خاتوو بۆرن بەرگەی بەرەوڕوبوونەوەی ئۆپۆزیسیۆن دەگرێت لە پەرلەمان .

مانگ و نیوێك تێپەڕی بەسەرناونانی ئیلیزابێت بۆرن بۆ سەرۆكی حكومەت وپێكهێنانی یەكەمین كابینەی حكومەت دوای هەڵبژاردنەوەی سەرۆك ماكرۆن جارێكیتر بۆ سەرۆكی دەوڵەت، ڕۆژی دووشەممە4ی ئەم مانگە،لە كۆشكی ئیلیزێوە ناوی كابینەی ژمارە دووی حكومەتەكەی خاتووبۆرن ئاشكراكرا كەبریتیبوولە 41 وەزیرو جێگری وەزیر و سكرتێری دەوڵەت .

لە كۆی 41 كەسایەتی 22یان پۆستی وەزارەتییان وەرگرت و 19دەشیان پۆستی جێگری وەزیر و سكرتێری دەوڵەتیان وەرگرت .

پێنج وەزیردەستیان لەكاركێشایەوە ولەحكومەت دەرچوون، 4لەو وەزیرانە لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتوو نەبوون ودۆڕاندیان پێویستە حكومەت جێهێڵن، دامییان ئاباد وەزیری پشتگیری وهاوكاری ئۆتۆنۆمی بۆ كەسانی كەمئەندام، بەهۆی تاوانباركردنی لەلایەن چەند ژنێكەوە كە دەستدرێژی سێكسی لەگەڵداكردوون بەبێ ڕەزامەندی خۆیان، پاش ڕاوێژكردن لەگەڵ سەرۆك ماكرۆن بەباشیان زانی دووركەوێتەوە لە حكومەت بۆ ئەوەی حكومەتەكەی بۆرن هێندیترلاواز نەبێت وڕێگابگیرێت لە ڕەخنەی ئۆپۆزیسیۆن و دروستكردنی كێشە لە پەرلەمان ،ڕێگبگیرێت لەخۆنیشاندانی ناڕەزایی هەندێك ڕێكخراوی فیمینیست لەخۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی، هەروەها بۆئەوەی یاسا سەروەر بێت و ئەو وەزیرەش بتوانێت بەرگری لەخۆی بكات ،لە ئێستادا دەگەڕێتەوە پەرلەمان و وەك ئەندام پەرلەمان بەردەوام دەبێت لە كارەكانی ، شایەنی باسە كە دامییان ئاباد، بۆخۆشی كەمئەندامێكی سەختە و دەستووپەنجەی نییە وهەردوو قاچیشی شەلە و بە زەحمەت دەڕوات بەڕێوە.

پێكهێنانی حكومەتی ژمارە دووی خاتووبۆرن، زۆریینەی وەزیرەكانی لە حزبەكەی سەرۆك ماكرۆنە و 4 وەزیریش لە بزووتنەوەی دیموكراسییە سەربە فرانسواباییرۆیە و،2 وەزیریش سەربە حزبی الافاقە سەربە ئیدوارد فییلیپ سەرۆك وەزیرانی پێشوو ،كە هاوپەیمانبوون لەگەڵ حزبەكەی سەرۆك ماكرۆن (ژیانەوە) لەسەر لیستی پێكەوە لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا .

ڕۆژی چوارشەممە 6ی ئەم مانگە، خاتوو بۆرن سەرۆكی حكومەت وتاری دەستبەكاربوونی حكومەتەكەی لەبەردەم 577 ئەندام پەرلەمانتاردا پێشكەش دەكات، كەبریتییە لە نەخشەڕێگای  سیاسەتی حكومەتەكەی بۆماوەی 5 ساڵی داهاتوو، بەپێی نەریتێكی كۆماریش هەموو جارێك سەرۆكی حكومەتی  تازە، دوای خوێندنەوەی نەخشەڕێگای كاركردنی داوای دەنگدانی متمانەپێكردن دەكات لە هەموو پەرلەمانتاران ، بەڵام ئەم داوایە ئیجباری نییە و یاسا فەرزی ناكات بۆ ئەوەی دەنگی متمانە بكرێت، بەڵام وەك نەریتێكی كۆماری فەڕەنسا هەمووجارێك ئەودەنگدانە كراوە، بەپێی سەرچاوەیەك لە كابینەی حكومەتەكەی خاتووبۆرن دوای خوێندنەوەی نەخشەڕێگای حكومەتەكەی خاتوو ئیلیزابێت بۆرن داوای دەنگدانی متمانەو پشتگیری ناكات ،ئەمەش هەرلەئێستاوە بۆتە دەنگەدەنگ و ڕەخنە و تەنانەت فراكسیوونی یەكێتی چەپەكان داوای خاڵی یاساییان كردووە وداوا دەكەن كە دەنگبدرێت بۆ ئەوەی بزانرێت تاچەند پەرلەمان متمانەی دەداتێ، دیارە خاتووبۆرن   لەبەر نەبوونی زۆرینەی لە پارلەمان پێی باش نییە ئەو دەنگدانە بكرێت وخۆی لێ دوور دەخاتەوە، یەكەمین جاریش نییە لە مێژووی سیاسی فەڕەنسادا ،میشێل ڕۆكارد سەرۆك وەزیرانی سۆشیالیستی میتران لە بەرنەبوونی زۆرینە لەپەرلەمان بەهەمانشێوە ئەوپرۆسەی دەنگدانەی نەكرد  .

شایەنی باسە نەخشەڕێگای خاتوو بۆرن چاوەڕوانییەكی زۆری لێدەكرێت لەلایەن میدیاكانی فەڕەنسا وشرۆڤەوانانی سیاسیەوە ،هەروەها میدیاكانی ئەوروپا وجیهانیش، سبەی بەگرنگییەوە لەسەعات 3ی دوانیوەڕۆدا چاوەڕوانی ئەو نەخشەڕێگایە دەكەن كەبریتیە لە نەخشەڕێگای سیاسەتی حكومەت وسەرۆك ماكرۆن بۆفەڕەنسا لە 5 ساڵی داهاتوودا.

PUKmdia حەمە عوسمان- فەرەنسا  

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket