riklam

هۆشداری دەدرێتە كڕیاران.. زێڕو دراوەكان دابەزینێكی گەورە تۆماردەكەن

کوردستان 01:54 PM - 2022-07-06

لێپرسراوی زەرەنگەرەكانی شاری سلێمانی رایدەگەیەنێت بەهۆی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی لەبازاڕە جیهانییەكان دروستبوە نرخی زێڕ تا دێت زیاتر دادەبەزێت و لەدوو رۆژدا نرخی مسقاڵێك زێڕ 8 دۆلار دابەزیوە.
وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانیش دەڵێت: ئەوەی لەنرخی یۆرۆ پاوەن بەرامبەر دۆلار روویداوە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا بەو شێوەیە نەبووەو پێشبینیش دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ گەشەی ئابوری لەجیهاندا پاشەكشەی گەورە بكات و نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 65 دۆلار دابەزێت.   
دلێر تاهیر محەمەد لێپرسراوی زەرەنگەرەكانی شاری سلێمانی لەبارەی هۆكاری دابەزینی نرخی زێڕ لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا بە PUKmediaی راگەیاند: لەئەمریكا فشارێكی زۆر لەسەر بانكەكان و بازاڕ دروستبوەو رێژەی وەرگرتنی سود لەبانكەكان بەرزبوەتەوەو وایكردوەو نرخی زێڕ دابەزێت و ئەوەش كاریگەری راستەوخی لەسەر بازاڕەكانی جیهان دروستكردوە.
وتیشی: ئەمڕۆ نرخی كیلۆیەك ئاڵتون بۆ 57 هەزار و 200 دۆلارە، واتە نرخی مسقاڵێك زێڕی عەیارە 21 بە 250 دۆلارە واتە 370 هەزار دیناری عیراقی، زێڕی عەیارە 18ش بە 214 دۆلارە كە 316 هەزار دەكەوێت، ئەمڕۆ لە بازاڕدا زێڕی عەیارە 21 بە 387 دۆلار دەیفرۆشین و بە 377 دۆلار دەیكڕینەوە.
ئەوەشی ئاشكراكرد كە نرخی هەر مسقاڵێك زێڕ بەراورد بەچەند رۆژی رابردوو 8 دۆلار دابەزیوەو  چاوەڕوانیش دەكرێت زیاتر دابەزێت،پێشبینیش دەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ گەشەی ئابوری لە ئەوروپا دەگاتە سفر وای لێدێت بەهۆی ئەو زەختەی لەسەریەتی، ئەوەندەی هەڵئاوسان دروست بووە بەتایبەتی لە وڵاتە زلهێزەكان مەسەلەی سودەكە زیادبووەو ئەمەش بازاڕی وەستاندوە.
لێپرسراوی زەرەنگەرەكانی شاری سلێمانی راشیگەیاند: ئەو هەڵئاوسانەی لەبازاڕە جیهانییەكان دروستبووە دەگەڕێتەو بۆ ناوچەی یۆرۆ، واتە یەكێتی ئەوروپا كە نسبەی هەڵئاوسان گەیششتوەتە 8.6%و گرانبونی وزە واتە گازی سروشتی روسیا، دواتریش زیادبونی رێژەی سود لەبانكی ئەمریكا زیادیكردوە، بەمجۆرەش خواست لەسەر دۆلاری ئەمریكی زیاتر دەبێت و  بەمجۆرە دۆلار گرانتر دەبێت كە دۆلاریش گران بوو لەبەرامبەریشدا دراوەكان و تەنانەت زێڕیش دادەبەزن.
جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی ئاماژە بەوەدەكات كە گۆڕانكارییەكی گەورە لەبازاڕی دراوە جیهانییەكان بەتایبەت یۆرۆو پاوەن بەرامبەر دۆلار روویداوە، بە PUKmediaی راگەیاند:    ئەمڕۆ نرخی دۆلار 100 دۆلار گەیشتوەتە 102 یۆرۆو 119 پاوەن، كە لەماوەی 20 ساڵی رابردوودا یۆرۆو پاوەن دابەزینی لەمشێوەیان  بەخۆیانەوە نەبینیوە.
ئەوەشی خستەڕوو كە شڵەژانی بازاڕی دراوەكان لەجیهاندا گاریگەری ئەرێنی دەبێت، هەرچەند هەڵئاوسانەكە زیادیكردووە، بەڵام ئەو كاڵاو كەلوپەلانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دێن بەتایبەت ئەوانەی دەكەونە ناوچەی یۆرۆ دادەبەزێت و بۆ هاوردەكردن كاریگەری دەبێت.
وتەبێژی بازاڕی دۆلارەكەی سلێمانی دەشڵێت: دابەزینی نرخی دراوەكان هەرچەند كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی نرخی كاڵاو شمەكەكان دەبێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا رێژەی هەڵئاوسان زیادیكردوەو لەناوچەی یۆرۆ گەیشتوەتە 8.6% كە ئەمەش زۆرە، هەندێك لەو بازرگانانەشی لە بواری یۆرۆو پاوەندا كاردەكەن توشی زیانێكی زۆر بوونەتەوەو خەڵك ترسی هەیە لەمامەڵەكردن هەیەو بازاڕی توشی شێوان كردوەتەوە.
لەبارەی دابەزینی نرخی یۆرو پاوەن بەرامبەر دۆلارو كاریگەری لەسەر گەشەی ئابوری جیهان، وت: هەندێك لە شرۆڤەكاران دەڵێن تا كۆتایی ساڵی 2022 نرخی بەرمیلێك نەوت بۆ 65 دۆلار دادەبەزێت و گەشەی ئابوریش لە تەواوی جیهاندا پاشەكشەیەكی زۆر گەورە  دەكات. 
PUKmedia تایبەت 

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket