riklam

یەكەمین رووپێوی نیشتمانیی هێزی كار لەعیراق ئەنجام دەدرێت

عیراق 07:39 PM - 2022-07-05

رووپێوی نیشتمانی هێزی كار لەسەر ئاستی نیشتمانیی و پارێزگاكان و لەسەر ئاستی شارو لادێ كۆمەڵێك خەمڵاندن و نیشاندەری فراوان لەبارەی بازاڕی كارو خەسڵەتی دیمۆگرافیی ئەوانەی دانیشتووی عیراقن پێشكەش دەكات.

بۆ ئەو مەبەستەش دەزگای ناوەندی ئامارو دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان (KRSO) لەساڵی 2021دا بەهاوكاری و پشتیوانی تەكنیكی و دارایی رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی یەكەمین رووپێوی هێزی كاریان لەعیراق ئەنجامدا.

بەگوێرەی راگەیەنراوی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لەعیراق (یۆنامی) كەئەمڕۆ سێشەممە وێنەیەكی دەست PUKmedia كەوتووە ئامانجی سەرەكی لە رووپێوییەكە كۆكردنەوەی ئەو داتایانەی ئێستایە لەبارەی قەبارەو خەسڵەتی هێزی كارو كارو بێكاری و خەسڵەتەكانی تری بازاڕی كاری دانیشتوان، لەنێویاندا كاتی كاركردن و داهاتی ئەو ئیشەی كاركەرەكە لەكارە سەرەكی و ناڕێكخراوەكەوە دەستیدەكەوێت.
ئەنجامی رووپێوییەكە لەمیانی ئاهەنگێكدا خرانەڕوو كە ئەمڕۆ سێشەممە 5ی تەموز لەبەغدا بەڕێوەچوو كە تێیدا د.خالید بەتال وەزیری پلاندانان و مەها قەتاع رێكخەری رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی ئامادەی بوون.

د.خالید بەتال وەزیری پلاندانان رایگەیاند كە رووپێوییەكە خەمڵاندن لەسەر ئاستی نیشتمانیی و پارێزگاكان مسۆگەر دەكات و كۆمەڵێك نیشاندەری گرنگیش لەبارەی بازاڕی كارو خەسڵەتە دیمۆگرافییەكانی دانیشتووی عیراق دابیندەكات.

راشیگەیاند رووپێوییەكە هەروەها رێگەخۆش دەكات بۆ گەیشتنی خێرا بەزانیاری لەبارەی پێداویستییە تایبەتەكان بە بەرهەمهێنانی هەلی كار، جگەلەوەش ئەو رووپێوییە هاوبەش دەبێت لەدابینكردنی  نیشاندەرەكان كە خزمەت بەسیاسەتە گرنگە دوورمەوداكان دەكات بۆ رووبەڕبوونەوەی ئاڵنگارییەكان لەبازاڕی كاردا.

ئەنجامەكان ئەوە دەردەخەن كە نزیكەی 13 ملیۆن ژن لەتەمەنی كاركردندان، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها 2 ملیۆنیان كار دەكەن، هەروەها ئەنجامەكان ئەوە نیشاندەدەن كە زیاتر لە یەك لەسەر سێی گەنجان لەدەرەوەی سنووری خوێندن و كارو راهێناندان، ئەمەش وا پێویست دەكات دەرفەتی كاری گونجاو بڕەخسێنرێت كەبتوانێت سەرنجی ژنان بۆ بازاڕی كار رابكێشێت و هانی گەنجانیش بدات بۆ كاركردن لەكەرتی تایبەت، چونكە كەرتی گشتی لەتوانایدا نییە هەموو ساڵێك ژمارەی گەنجی زیاتر لەبازاڕی كاردا وەربگرێت.

لە رووپێوییەكەی هێزی كاردا 16400 خێزان وەك نموونە وەرگیران كەبریتی بوون لەو خێزانانەی عیراقی و عیراقی نین، چەندین خەمڵاندان لەسەر ئاستی نیشتمانیی و پارێزگاكان پێشكەشكران كە 18 پارێزگای عیراقی گرتبوەوەو بەڕێوەچوونی رووپێوییەكە بەگوێرەی تازەترین پێودانگی نێودەوڵەتی ئەنجامدرا كەلەلایەن كۆنگرەی نۆزەدەهەمینی نێودەوڵەتی شارەزایانی ئاماری كارەوە پشتی پێبەستراوە.
بەپێی ئەنجامەكانی رووپێوییەكە تێكڕای ئەوانەی لە هێزی كاری نیشتمانیدا بەشدارن لەساڵی 2021دا لە 39.5% بووە، لە 30.2%ی لە كۆی ژمارەی دانیشتوان ئەوانەی لەتەمەنی كاركردندان لەساڵی 2021دا لەدەرەوەی هێزی كاردا بوون و بەشی هەرە زۆریشیان لەژنانن.

تێكڕای ئاستی بەشداری ژنان لەهێزی كاردا نزم بووە، بەشێوەیەك رێژەكەی لە 10.6% ە بەراورد بە پیاوان كە رێژەكەی لە 68% بووە.

داتاكان ئەوە دەردەخەن كە تێكڕای بەشداری گەنجان لەهێزی كاردا (ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 15و 25)ساڵدایە رێژەكە لە 26.5% بوو، سەبارەت بەپێگەیشتوانیش (ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 25 ساڵ و بەرەو سەرەوەیە) رێژەكە 45.8% بووە.

زۆربەی جار رێژەی هێزی كار لەكۆی دانیشتوان یاخود رێژەی ئەوانەی لەتەمەنی كاركردندان و لەكاردان لەكۆی رێژەی سەدی دانیشتوان وەك نیشاندەرێك بۆ ئاستی ئابووری نیشتمانی لەدابینكردنی دەرفەتی كار بۆ دانیشتوانەكەی بەكاردەهێنرێت، لەعیراق رێژەكە گەیشتۆتە لە 33%، ئەوەش ئاماژەیەكە كە نزیكەی یەك لەسەر سێی كۆی دانیشتوان لەوانەی لەتەمەنی كاركردندان (15 ساڵ و زیاتر) لەعیراق لەساڵی 2021 كاریان كردووە، رێژەكە لەنێو ژناندا كەمتر بووە لە 7.6%ە بەراورد بەپیاوان كە رێژەكە 58%ە، رێژەكە لەناو گەنجانیشدا كەمترە 17%یە بەراورد بەپێگەیشتووان كە رێژەكە لە 40.6%ە.

بەگوێرەی داتاكان تێكڕای بێكاری گەیشتۆتە لە 16.5%، ئەوەش ئاماژەیەكە كەلەنێو هەموو 5 كەسێكی ئیشكەردا یەك كەس بێكارە، تێكڕای بێكاری لەنێو ژناندا گەیشتۆتە 28.2% كە دوو ئەوەندەی تێكڕای بێكارییە لەنێو پیاواندا كە رێژەكەی 14.7%ە، تێكڕای بێكاریش لەنێو گەنجاندا گەیشتۆتە لە 35.8% كە سێ ئەوەندە زیاترە لە تێكڕای بێكاری لەنێو پێگەیشتوواندا بەڕێژەی 11.2%.

رووپێوییەكە ئەنجامەكانیشی بەگوێرەی دابەشبوونی جوگرافیا خستۆتە ڕوو، بەگوێرەی شارو لادێ و پارێزگا پۆلێنیكردووە، داتاكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تێكڕای بەشداری لەهێزی كاردا لەشاردا بەرزترەو رێژەكەی 40.3% بووەو لەناوچە گوندنشینەكاندا رێژەكە 37.3%ە، بەهەمان شێوەش تێكڕای بێكاری لەناوچە شارنشینەكاندا لە 17.6% بووە كە لەچاو ناوچە گوندنشینەكاندا كە رێژەكەی 13.3% بەرزتر بووە.
هەروەها بەگوێرەی ئەنجامی رووپێوییەكە نزیكەی لە 54.8%ی دەستی كار لەكەرتی ناڕێكخراودایەو ژمارەی ئەو كەسانەشی كە پیشەیەكی ناجێگیریان هەیە بەڕێژەی لە 54.8%ە لەكۆی سەرجەم دەستی كار.
ئەنجامەكانیش وا پیشان ئەدات كە لە 61.1% زۆربەی ئەوانەی كار دەكەن لەنێوان 30 بۆ 59 سەعاتدا كاردەكەن، ئەوانەشی لەو ماوەیە كەمتر كار دەكەن واتا لە 30 سەعات كەمتر كاردەكەن، تا ئاستێك رێژەكە نزمەو لە 20.5%ە، بەڵام لەنێو ژناندا رێژەكە زۆر زیاترە لە 41.8%ە بەراورد بە پیاوان رێژەكە لە 17.7%ە، لە 17.9% یش زیاتر لە 60 سەعات لەهەفتەیەكدا كاردەكەن، رێژەكە لەپیاواندا زیاترە (19.8%) بەراورد بەژنان (3.1%)ە.

بەگوێرەی ئەنجامەكانی رووپێوییەكە، رێژەی لە 73.1% یی ژنان ئارەزوو دەكەن زیاتر لەبواری خزمەتگوزارییەكاندا كار بكەن، پاشان لەسێكتەری كشتوكاڵدا كە ڕێژەكە لە 14.4%ە، بەراورد بەپیاوان لەو سێكتەرە ئابوورییانەی پێشتر ئاماژەمان پێدان پیاوان بەڕێژەی 62.2% لەبواری خزمەتگوزاریدا كاردەكەن و لە 7.7%یشیان لەبواری كشتوكاڵدا كاردەكەن.

PUKmedia راگەیاندنی یونامی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket