riklam

پەرلەمانتارانی یەكێتی: بڕیارە شۆڤێنیەكان دژ بەپێكهاتەكانی كەركوك رەتدەكرێنەوە

کوردستان 05:08 PM - 2022-07-04

نوێنەرانی كەركوك لەفراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق هاووڵاتیانی شاری كەركوك دڵنیادەكەنەوە كە هەر بڕیارێكی شۆڤێنی بدرێت و كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە رەسەنەكانی شاری كەركوك هەبێت لای ئەوان رەتدەكرێتەوەو كاری پێناكرێت. دەشڵێن: دوای بڕیارەكەی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت لەگەڵی كۆبوونەوەو بڕیارەكەیان هەڵوەشاندوەتەوە.
نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت روونكردنەوەیەكیان بڵاوكردەوەو رایدەگەیەنن: دوای ئەوەی نوسراوێكی نایاسایی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت بڵاوكرایەوە لەبارەی جەردكردنی كارتی نیشتەجێبوون و فۆڕمی خۆراك و بەستنەوەی بەشوێنی نیشتەجێبوون یان كرێنیشینی لەخانوێكی تاپۆوە ئەمڕۆ وەك نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی عیراق لەگەڵ راكان جبوری پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كۆبوینەوەو بڕیارەكەمان هەڵوەشاندەوە، چونكە پێمانوایە ئامانجی ئەو بڕیارە تەعریبكردنەوەی كەركوكە نەك پاراستنی دۆخی ئەمنی پارێزگاكە.
نوێنەرانی كەركوك لە فراكسیۆنی یەكێتی دەشڵێن: جێگەی خۆیەتی سوپاسی حاكم سالار عەبدولستار وەزیری دادی عیراق بكەین كە دوای پەیوەندیكردنی بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەبارەی كارپێنەكردنی بڕیارەكە دڵنیایی كردینەوە.
ئەوەشیانخستوەتەڕوو: هاووڵاتیانی شاری كەركوك دڵنیادەكەینەوە كە هەر بڕیارێكی شۆڤێنی بدرێت و كاریگەری لەسەر پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە رەسەنەكانی شاری كەركوك هەبێت لای ئێمە رەتدەكرێتەوەو كاری پێناكرێت.

PUKmedia محەمەد ئەحمەد - كەركوك


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket