riklam

کەنەدا.. 1ی تەمووز جەژنی نیشتمانیی

جیهان 10:06 PM - 2022-07-02

رۆژی 1 ی تەمووزی هەموو ساڵێك بە رۆژی نیشتمانی کەنەدا دەژمێردرێت ، هەموو ساڵێك لەم رۆژەدا کە پشووی فەرمییە لە سەرانسەری وڵات لە شار و هەرێمەکانی  وڵاتی کەنەدا ئاهەنگ و فیستیڤاڵی رازاوە بەم بۆنەوە ساز دەکرێت و هاوڵاتیانی کەنەدا بە هەموو نەتەوە جیاجیاکانیەوە شانازی بەم بۆنە گرنگەیان دەکەن و ماڵ و شوێنە گشتیەکانیان بە ئاڵای وڵاتەکەیان دەڕازێننەوە .

مێژووی رۆژی 1 ی تەمووز ئەو رۆژەیە کە بەپێی پرۆژە یاسایەك لە ساڵی 1867 بەیەکگرتنی چوار هەرێم وڵاتی کەنەدا راگەیەنرا ئەو هەرێمانەش بریتین لە (ئۆنتاریۆ و نۆڤاسکۆشیا و کێبیك و نیوبرۆنزویك) لەچوارچێوەی یەك وڵاتدا یەکیان گرتەوە ، لە ساڵانی دواتر شەش هەرێمی دیکەشی چوونە پاڵ و ئێستا وڵاتی کەنەدا لە 10  هەرێمی یەکگرتوو پێك دێت کە گرنگترینیان لە رووی زۆری دانیشتوان و ئابووری وڵات هەرێمی ئۆنتاریویە.

جەستن ترۆدۆ سەرۆك وەزیرانی کەنەدا لە پەیامێکی فەرمیدا بۆ بیرەوەری 155 ساڵڕۆژی نیشتمانی کەنەدا لە پەیامێکدا داوای لە کەنەدیەکان کرد کە دووبارە پابەندبن بە بەهاکانی ئەو وڵاتە، لەوانە رێزگرتن و هیوا و لێبوردەی و یەکڕیزی .

 سەرۆکوەزیران لە پەیامەکەیدا رایگەیاند : “ڕۆژی نیشتمانی بۆنەیەکە بۆ بیرکردنەوە و ئاشتبوونەوە لەگەڵ رابردوودا ، هەروەها دەرفەتێکە بۆ پابەندبوونەوە بەو بەهایانەی کە گەڵای ( مەیپڵ ) ی سەر ئاڵاکە نوێنەرایەتی دەکەن ، چونکە ئاڵای کەنەدا زیاترە لە هێمایەک .

وتیشی: کەنەدا هێزی خۆی لە هەمەڕەنییەکەیەوە وەردەگرێت، بیروباوەڕ، بنەچە ، رەنگی پێست ، زمان یان هەرچییەک بێت ، هەموومان لەم وڵاتە مەزنەدا یەکسانین، ئەمڕۆش ئاهەنگ دەگێڕین بۆ ئەو شوێنەی کە هەموومان پێی دەڵێین ماڵ .

ئاماژەشی بەوەدا: ئەمڕۆ کاتی ئاهەنگ گێڕانە بۆ وڵاتەکەمان ، دەزانم کە هەموو کەسێک ئاهەنگ ناگێڕێت بەهۆی هەڵە مێژووییەکانی کەنەدا ، تەنانەت ئەگەر نەتوانین مێژوو بگۆڕین ، دەتوانین بەردەوام بین لە کارەکانمان بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر، داهاتوویەک کە رەنگدانەوەی بەهاکانی ئێمەیە کە بریتین لە هیوا، خۆڕاگری، لێبوردەیی، ڕێزگرتن و بەخشندەیی .

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بۆ رێزگرتن و ئاشتەوایی لەگەڵ گەلانی یەکەمی کەنەدا ، بۆ دووەم ساڵ بڕیاریدا ئاڵای کەنەدا لەسەر تاوەری ئاشتی لە گۆڕەپانی پەرلەمانی فیدراڵی ئۆتاوا لە ئاستی نیوەدا دەمێنێتەوە .

جێی ئاماژەیە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2021 لە قوتابخانەیەکی پێشووی بەشەناوخۆێی شاری کاملۆپس لە بریتیش کۆڵومبیا لە گۆڕێکی بە کۆمەڵدا روفاتی 215 منداڵی قوتابی نەتەوە رەسەنەکان دۆزرایەوە ، هەروەها لە شاری ماریڤاڵی هەرێمی ساسکەچوان دۆزینەوەی پاشماوەی 751 گۆڕی دیکە راگەیەنرا.

 دۆزینەوە ترسناکەکانی پاشماوەی ئەم منداڵانە دڵتەنگی ونیگەرانیەکی زۆری لە ناو رای گشتی کەنەدا و خەڵکی نەتەوە رەسەنەکان بەتایبەتی درووستکرد، بۆیە بڕیاریاندا بۆ دووەم ساڵ ئاهەنگی رۆژی نیشتمانی نەگێڕن ، بەڵکو بەڕۆژێکی ماتەمینی دەزانن نەك بەپشووی نیشتمانی چونکە یادی منداڵەکانیان دەکەنەوە کە لە رابردوودا گیانیان لەدەستداوە، هەر بۆ هاوسۆزی خەلکی رەسەنەکان لە شارەکانی کەنەدا رێوڕەسمی فەرمی رۆژی نیشتمانی 1 ی تەمموز بۆ ئەم ساڵ بەڕێوەنەچوو .

هەر لەم چوارچێوەدا ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی ساسکەچوان بۆهاودەنگی نەتەوە رەسەنەکان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی یاسادانانی پارێزگاکە گردبوونەوەیان ئەنجامدا، رێکخەرانی ئەم چالاکییە داوایان لە بەشداربووان کرد کە مۆمەکانیان لەگەڵ خۆیان بهێنن و
کراسی پرتەقاڵی لەبەر بکەن .

مێرڤین چیچو سەرۆکی نەتەوەی موس کری رەسەنەکان لەوتەیەکدا رایگەیاند ئەو خوازیارە ئەم رۆژە ببێتە بۆنەیەك بۆ گەلی کەنەدا بۆ ئەوەی زیاتر دەربارەی میرات و مێژووی رەسەنەکان بزانن.

لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، حاکمی گشتی کەنەدا و نوێنەری شاژن ماری سیمۆن لە پەیامی فەرمی خۆیدا لە رۆژی نیشتمانیدا وتی " کەنەداییەکان دەبێت پێکەوە کاربکەن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر"، سیمۆن داوای لە کەنەدیەکان کرد کە لێبوردەیی یەکتر بن و گوێ لە خەڵکی رەسەن بگرن کە ئێمە لە خاکەکەیاندا دەژین."

سیمۆن یەکەم کەسی دانیشتوانی رەسەنە کە ئەم پۆستەی بەدەستەوەیە، لە شاری نوناڤیک لە باکووری کیبیک لەدایکبووە و سەر بە گەلی ئینویتی نەتەوە یەکەمەکانە.

PUKmedia  عوسمان علی













ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket