riklam

قوباد تاڵەبانی: بەبەهێزکردنی ژێرخانی ئابوری پێش بە کۆچی گەنجان دەگرین

کوردستان 07:30 PM - 2022-06-30

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەفدێكی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا سەبارەت بە کۆچی گەنجان و چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی تاوانکاری و قاچاخچێتی مرۆڤ و ماددەی هۆشبەر کۆبووەوە.

 

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنج شەمە 30-6-2022 بەڕێوەچوو و هەریەکە لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و دەیڤید هانت کۆنسوڵی ئەو وڵاتە لە هەولێر ئامادەبوون، باس لە پێویستی هاوکاری نێودەوڵەتی کرا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی تاوانکاری و قاچاخچییەکانی مرۆڤ و ماددەی هۆشبەر کە ئەم تۆڕانە بە درێژایی ساڵانی رابردوو خەڵکێکی زۆریان هەڵخەڵەتاندووە و پارەی خەڵکیان خواردووە و ساڵانەش ژمارەیەکی زۆر خەڵک دەکەنە قوربانی.

 

جێگری سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە باشترین رێگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی تاوانکاری نەهێشتنی زەمینەی کۆچکردنی گەنجانە بۆ دەرەوەی وڵات و ئەمەش تەنها بە گەشەپێدانی ئابوری و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کاری زیاتر دەکرێت. 

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە پلانی حکومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و بەهێزکردنی کەرتی تایبەت کرد و داوایکرد حکومەتی بەریتانیا زیاتر هاوکاری حکومەتی هەرێم بێت لە بەهێزکردنی کەرتی تایبەت و بوژانەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم.

 

 جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەیی حکومەتی هەرێمیشی دەربڕی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەکی بەریتانیا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتی مرۆڤ و ماددەی هۆشبەر و ئاماژەی بەوەشدا هێزە ئەمنییەکانی کوردستان لە ئێستادا زۆر جدیتر و چاوکراوەتر لە جارانن لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مرۆڤ و ماددەی هۆشبەرەوە دەکەن.

 

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket