riklam

چاودێران: پەرلەمانی بەغدا لە ئاستی پێویستدا نەبووە

عیراق 06:10 PM - 2022-06-30

زیاد لەهەشت مانگ بەسەر یەكەم دانیشتنی ئەم ئەنجومەنی نوێنەرانە نوێیەدا تێدەپەڕێت كەبەرهەمی ئەو هەڵبژاردنە پێشوەختەیە بوو كە لە 10ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوودا بەڕێوەچوو لەژێر فشاری خۆپیشاندانە جەماوەرییەكەی ساڵی 2019 و داواكاری مەرجەعی باڵای شیعەكان.

بەدرێژایی ئەو ماوەیە ئەنجومەنی نوێنەران توانیویەتی تەنها دەنگ بە دوو یاسا بدات كەئەوانیش یاسای بەتاوانناساندنی ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئیسڕائیل و یاسای پاڵپشتی بەپەلە لەئاسایش و گەشەپێدانی خۆراك بوو كەئەوەش مشتومڕی زۆری لەبارەی تەمومژی میكانیزمی جێبەجێكردنەكەی لەسەر دروستبوو.

دانیشتنی یەكەم
یەكەمی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران لەلایەن مەحمود مەشهدانی وەك بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی كرا بەئامادەبوونی 325 پەرلەمانتار لەكۆی 329 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران كە تێیدا داوا لەئەندامانی ئامادەبوو كرا سوێندی یاسایی بخۆن و پاشان دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنەكەو جێگرەكانی كرایەوە.


مەشهەدانی لەمیانی وتەیەكیدا كە لەدانیشتنەدا پێشكەشیكرد داوایكرد پەلە بكرێت لەدەستنیشانكردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكەو بەئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی راگەیاند گەلی عیراق بەرگەی زۆرێك لەتەنگانەكانی گرت و چیتر ئامادە نییە بەرگەی لەوە زیاتر بگرێت، ئێوە لەبەردەم بەرپرسیارێتی مێژووییدان بۆ سەرخستنی ئەم خوولەی هەڵبژاردن، پاشان بڕیاریدا دانیشتنەكە هەڵبگیرێت لەدوای ئەوەی دەمەقاڵی لەنێوان فراكسیۆنی سەدڕو چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە دەستنیشانكردنی گەورەترین فراكسیۆن دروستبوو كە مافی ئەوەی هەیە حكومەتی نوێ پێكبهێنێت.
بەگوێرەی ئاژانسەكانی هەواڵی عیراق مەشهەدانی لەدوای تێكچوونی دۆخی تەندروستییەكەی رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.

هەوڵی تاكڕەوی و پەكخستن

بەلای هشام ئەلكندی شرۆڤەكاری سیاسی وایە كە ئەو خوولی پێنجەمە چەندان كێشەی سیاسی و تاكڕەویی چەند لایەنێكی دیاریكراو بەسەریدا زاڵبووە، هەوڵەكان بۆ تاكڕەوی و پەراوێزخستن نەیانهێشتووە ئەنجومەنی نوێنەران لەو ماوەیەی رابردوودا رۆڵی راستەقینەی خۆی بگێڕێت.


هشام ئەلكندی بۆ PUKmedia راشیگەیاند ئەنجومەنی نوێنەران نیمچە پەكخراوەو تەنانەت هەردوو یاسای ئاسایكردنەوەو ئاسایشی خۆراك تێبینیان لەسەرە، ئاماژەی بەوەشدا ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی ناكۆكییەكان لەسەر پێكهێنانی حكومەت و هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار، هەوڵەكانی بۆ خزمەتی دەنگدەران پیشاننەداوە.
كندی هەروەها جەختیشیكردەوە هاتنە پێشەوەی گۆڕانكاری نوێ لەدوای كشانەوەی پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی رەوتی سەدڕ، ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت بەشێوەی جیاوازتر خزمەتی هاووڵاتیان بكات دوای كۆتایهاتنی پشووی یاسادانان و پێكهێنانی حكومەتی نوێ.  

دەستلەكاركێشانەوەی بەكۆمەڵ!

موقتەدا سەدڕ رابەری رەوتی سەدڕ ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ 2022 لەڕاگەیەنراوێكدا كە بەدەستخەت و ئیمزای خۆی نوسیبووی و تێیدا داوای لە حەسەن عەزاری سەرۆكی فراكسیۆنی سەدڕ كرد دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامانی فراكسیۆنەكە پێشكەشی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بكات و سوپاسی هاوپەیمانەكانیشی لەهاوپەیمانی رزگاری نیشتمانی كرد لەپای ئەو سۆزە نیشتمانییەی هەیانبوو.
بەگوێرەی راگەیەنراوەكە سەدڕ هەروەها سوپاسی جەعفەر سەدڕ كوڕە مامەكەی كرد كە تاكە پاڵێوراوی سەربەخۆی رەوتەكەی بوو بۆ سەرۆكایەتی وەزیران.

قەیرانی سیاسی

ماوەی 8 مانگ زیاترە ئەنجومەنی نوێنەران 11 دانیشتنی ئاسایی ئەنجامداوەو تەنها دوو یاساشی پەسەند كردووەو یەك دانیشتنی نائاسایشی بۆ سوێندخواردنی پەرلەمانتارە جێگرەوەكان كردوەو دانیشتنەكەش بۆ كاتێكی نادیار هەڵگیراوە.
لەو بارەیەوە شیروان میرزا پەرلەمانتاری پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران بە PUKmediaی راگەیاند: قەیرانە سیاسییەكە كاریگەرییەكەی بەڕوونی لەسەر كاری ئەنجومەنی نوێنەران دەردەكەوێت بەشێوەیەكە ناتوانێت ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و ئاماژەی بەوەشدا ئەنجومەنی نوێنەران لەخوولی چوارەمیدا بەشێوەیەكی خێراتر حكومەتی بەرێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان پێكهێنا.

شیروان میرزا بڕواشی وایە كە پێكهێنانی حكومەت كاریگەری لەسەر كاراكردنی رۆڵی یاسایی و چاودێری ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت و جەختیشیكردەوە كە ئەنجومەنی نوێنەران نوێنەرایەتی سیاسی و هەروەها نوێنەرایەتی جەماوەریش دەكات بۆیە بەبێ رێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان ناتوانێت هیچ كارێك بكات.

شیروان میرزا راشیگەیاند: ئەم خوولەی ئێستا لاوازترین خوولەو لەماوەی رابردوودا ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی ناكۆكییەكان و دەستلەكاركێشانەوەكان و رێكنەكەوتنی لایەنە سیاسییەكانەوە رۆڵی وا كاریگەری نەبووە.

لاوازترین خوولی پەرلەمان بوو

عەلی تەحسین حەیانی نووسەرو رۆژنامەنووس پێیوایە كەئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی سەرقاڵبوونی بە كێشەی ناسەرەكی و ناگرنگەكانەوە، نەیتوانیوە كێشەكە گرنگەكانی وەك ووشكەساڵی و خراپی خزمەتگوزارییە بنچینەییەكان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی چارەسەر بكات و هیچ خواستێكی هاووڵاتیانیشی نەهێناوەتەدی تەنانەت یاسای ئاسایشی خۆراكیش جۆرێك لە تێنگەیشتنی پێوە دیارە، ئاماژەشی بەوەدا كە ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانیوە چارەسەری پرسی وانەبێژان و دەرچووان و هەڵگرانی بڕوانامەكان بكات، هەروەها خۆشی بەو پێشێلكارییانە سەقاڵنەكردووە كەدەكرێنە سەر ئاسمان و سەروەری عیراق بەتایبەتیش لەلایەنی توركیاوە.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket