riklam

دابەزینی ئاستی بەرهەمهێنانی گەنم نرخی هەویرەمەنی بەرزدەكاتەوە

کوردستان 03:14 PM - 2022-06-30

رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵ (فاو)، زیاتر لە سێ دەیەیە مانگانە ئەندیكەیتەری جیهانیی نرخی خۆراك بڵاودەكاتەوە، ئەو ئەندیكەیتەرە رەنگدانەوەی نیشانە گشتییەكانی بارگۆڕانی نرخی خۆراكە لە جیهاندا، ئەو نیشانەیە (24) گرنگترین كاڵای كشتوكاڵی لەخۆدەگرێت كە لەسەر ئاستی جیهان ئاڵوگۆڕی پێدەكرێت، وەك: (گەنم، برنج، شەكر، گۆشتی مانگا و مریشك و ..تد)، كاڵاكان بۆ پێنج گروپی سەرەكی پۆلێن دەكرێن: (دانەوێڵە، رۆنی رووەكی، شیرەمەنی، شەكر و گۆشت) و كێشی كاڵا و گروپەكان، لەسەر بنچینەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێودەوڵەتی دیاری دەكرێن.

ئەندیكەیتەرەكەی بۆ (159.3) بەرزكردەوە
لە ماوەی پێنج دەیەی رابردوودا، لەسەر ئاستی جیهان ئاڵوگۆڕی خۆراك بارگۆڕانی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بەرزبوونی قەبارەكەی لە ئاستی گەشەی دانیشتوان زیاتر بووە. لەگەڵ گەشەكردنی زۆری بەرهەمی كاڵای كشتوكاڵی لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەڵام نرخی خۆراكی ئاڵوگۆڕپێكراوی نێوان دەوڵەتان بەرزبۆتەوە.

بە رێژەیی، نرخی جیهانیی خۆراك پێش پەتای كۆرۆنا ڤایرۆس جێگیر بوو، ئەندیكەیتەری نرخی خۆراك تا سەرەتای قەیرانی كۆرۆنا كەمتر لە (100) خاڵی تۆمار كرد، پاشان نرخی خۆراك تا كۆتایی 2019 هەندێك بەرزبوونی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لە ئایاری 2020، رووی لە دابەزین كرد تا ئەندیكەیتەرەكە گەیشتە (91.1). لەگەڵ دەستپێكی ئەمساڵدا 2022، نرخی خۆراك بەردەوام بوو لە هەڵكشان، تا بەهای ئەندیكەیتەرەكەی گەیشتە (135.6)، لە كۆتایی مانگی شوباتی 2022 و دەستپێكردنی جەنگی روسیا و ئۆكرانیا، شۆكی بۆ نرخی خۆراك دروستكرد، بەشێوەیەك لە ئازاری 2022دا بەهای ئەندیكەیتەرەكەی بۆ (159.3) بەرزكردەوە.

لە ماوەی ئەم دوو مانگەی رابردوودا، بە روونی كاریگەریی قەیرانی ئۆكرانیا لە میانی بەرزبوونی توندی نرخی خۆراك دەركەوتووە، كاتێك ئەندیكەیتەری گشتیی نرخی خۆراك بۆ (%17.5) بەرزبووەوە. ئەندیكەیتەری ئازاری 2020، ژمارەیەكی نوێی پێوانەیی تۆمار كرد و لە ساڵی 1990ەوە گەورەترین بازدانی تۆماركردووە. جەنگی ئۆكرانیا بازاڕی دانەوێڵە و رۆنی رووەكی توشی شۆك كرد، ئەندیكەیتەرەكانی بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرزكردەوە. لە ئازای 2022، نرخی دانەوێڵە (%17.1) بەرزبووەوە و ئەندیكەیتەرەكەی گەیشتە (170.1) خاڵ. ئەمەش ژمارەیەكی پێوانەییە كە پێشتر تۆمار نەكراوە.

هەشت یەكی هەناردەی جیهان گەنمەشامییە

زیادبوونی نرخی دانەوێڵە لە گەنمدا چڕبۆتەوە كە هەریەك لە روسیا و ئۆكرانیا زۆرترین بڕی لێ هەناردە دەكەن، لەگەڵ ئەوەی جەنگ هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی روسیا نەكردووە، بەڵام سزا ئابوورییەكانی سەر روسیا كاریگەریی لەسەر ئاستی هەناردەكردنی گەنمەكەی كردووە، وایكردووە دەوڵەتان بە قورستر دەتوانن هاوردەی بكەن. لە 2020 روسیا گەورەترین دەوڵەتی هەناردەی گەنم بووە لە جیهاندا، كۆی هەناردەكەی گەیشتە نزیكەی (37) ملیۆن تۆن، لەكاتێكدا ئۆكرانیا نزیكەی (18) ملیۆنی تۆنی هەناردە كردووە، بەر لە جەنگ نرخی یەك تۆن گەنم نزیكەی (260) دۆلار بوو، بەڵام لە سەرەتای مانگی ئازار بۆ نزیكەی 450 دۆلار بەرزبووەوە، دواتر بۆ (400) دۆلار دابەزی و ئێستاش هەر لەو نزیكەیە. تەنیا نرخی گەنم بەرزنەبۆتەوە، بەڵكو جۆ و گەنمەشامیش بەرزبوونی دیاری بەخۆیەوە بینی، بەهۆی نەمانی هەناردەی ئۆكرانییەوە هەڵكشانی پێوانەییان بەخۆیانەوە بینی، چونكە ئۆكرانیا بە نزیكەی هەشت یەكی هەناردەی جیهان لە گەنمەشامی و شەش یەكی جۆی جیهان هەناردە دەكات.


راگیرانی هەناردەی ئۆكرانیا لە دەریای رەش

ئۆكرانیا لە هەناردەكردنی رۆنی گوڵەبەڕۆژە، پێشەنگی جیهانە، روسیا لە بەرهەمهێنان و هەناردەكردنیدا كێبڕكێی دەكات. راگیرانی هەناردەی ئۆكرانیا لە رێگەی دەریای رەشەوە، نرخەكەی زیاتر بەرزكردەوە، هەروەها زیادبوونی نرخەكەی خواستی لەسەر رۆنە كێبڕكێكارەكانی وەك رۆنی خورما و سۆیا زیادكرد. بەرئەنجامی ئەو پەرەسەندنانە، نرخی رۆنی رووەكی زۆر بەرزبووەوە، تەنیا لە مانگی ئازاردا، بەراورد بە مانگی شوبات ئەندیكەیتەرەكەی (%23.2) بەرزبووەوە، لەكاتێكدا لەسەر بنچینەی ساڵانە بە (%56) بەرزبووەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لە مانگی ئازار ئەندیكەیتەری نرخی رۆنی رووەكی ئاستێكی پێوانەیی تۆمار كرد و گەیشتە (248.6) خاڵ. 

نرخی كۆمەڵەیەكی تری خۆراك مانگانە و ساڵانەی لە ماوەی مانگی ئازاری 2022 زیادبوونیان تۆمار كرد، نرخی ماست بە رێژەی (%2.6) لەسەر بنچینەی مانگانە و ساڵانە بە رێژەی (%23.6) زیادیكرد. ئەو بەرزبوونی نرخە بەهۆی پاشەكشێی گەیاندنی بەرهەمەكانی شیرەمەنییەوە دروست بوو، بەتایبەتیش گەیاندنی بە ئەوروپای خۆرئاوا، هەروەها بەهۆی زیادبوونی خواستی ئەوروپاشەوە بوو. لەلایەكی ترەوە، نرخی گۆشت لەسەر بنچینەی مانگانە نزیكەی (%4.8) بەرزبووەوە، لەسەر بنچینەی ساڵانەش بە رێژەی (%19) بەرزبووەوە، هۆكاری زیادبوونەكەشی بۆ هەڵكشانی تێچوونی ئالیك و وزە دەگەڕێتەوە. نرخی جیهانی شەكر، لەسەر بنچینەی مانگانە بە رێژەی (%6.7) و ساڵانە بە رێژەی (%22.5) بەرزبووەوە، ئەو بەرزبوونەوەیەش بۆ زیادبوونی خواست لەسەر زیندەوزەی بەرازیل دەگەڕێتەوە. زیادبوونی نرخی نەوت بە ناڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر نرخی شەكر و گەنمەشامی هەیە، كاتێك خواست لەسەر زیندەوزەی بەرهەمهێنراو لەو دوو بەرهەمە، تێچوونی بەرهەمهێنانیان زیاد دەكات.

دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانە

جەنگی ئۆكرانیا و روسیا، گورزێكی بەهێزی لە پڕۆسەی گەیاندنی دانەوێڵە و رۆنی رووەكی وەشاند، ئەندیكەیتەرەكانی نرخی جیهانی خۆراكی بۆ ئاستی پێوانەیی بەرزكردەوە، بەر لەو جەنگە نرخی خۆراك بە چەند هۆكارێك بەرزبوو، كە لە دوای قەیرانی كۆرۆناوە بەدیاركەوتن، وەك پچڕانی زنجیرەكانی گەیاندنی، هەڵكشانی تێچوونی گواستنەوە، كەمبوونی دەستیكاری كشتوكاڵی، بەرزبوونی نرخی وزە، خواستی هەڵكشاو لەسەر خۆراك و گۆڕانی كەشوهەوا.

بەرئەنجامی هەڵئاوسانی نرخی خۆراكە بنچینەییەكان، زۆری دەوڵەتانی گەشندە دووچاری ئاستەنگی فەراهەمكردنی خۆراكی پێویست بۆ دانیشتوانیان دەبنەوە. سەبارەت بە عیراقیش، بڕی داهاتی پێویستی هەیە بەهۆی بەرزی نرخی فرۆشتنی نەوتەوە، دەتوانێ درێژە بە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانە بە هاووڵاتیانی بدات، هەرچەند هاوردەكردنی بەهۆی بەرزبوونی نرخە جیهانییەكەی و گەندەڵیی ناوخۆیی، تێچوونی فەراهەمكردنی بەرزدەكاتەوە.

PUKmedia كوردستانی نوێ

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket