riklam

یاسای نەوت و گازو پاراستنی ژینگە پەسەند دەكرێن

کوردستان 05:35 PM - 2022-06-29

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوار شەممە 29-6-2022، بەسەرۆكایەتی د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، دانیشتنی ژمارە 10ی ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی چوارەم لە ‌خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەچوو.

سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان بەناوی خوا و گەلی كوردستانەوە دانیشتنەكەی كردەوە و لە وتەیەكی كورتیشدا ئاماژەی بە رووداوی كوشتنی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین كرد و رایگەیاند: دیارە بەداخەوە دوێنێ دەستێكی نەگریس دەستی چووە خوێنی دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین، وێڕای دووبارە بەتووندی ئیدانەكردنی ئەم تاوانە قێزەونە، پرسە و سەرەخۆشیی پەرلەمان ئاراستەی زانستخوازان و مامۆستایانی زانكۆ و خزم و كەسوكاری خوالێخۆشبووان د. كاوان ئیسماعیل، ڕاگری كۆلێژی یاسا لە زانكۆی سەڵاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان، مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری دەكەین. 

وەك رێزلێنانێكیش لە گیانی پاكی ئەو دوو مامۆستایە، سەرۆكی پەرلەمان داوای لە ئامادەبووانی دانیشتنەكە كرد دەقیقەیەك بە بێدەنگی بوەستن.

پاشان سكرتێری پەرلەمان، بەرنامەی كاری دانیشتنەكە ‌و پوختەی دانیشتنی پێشووی پەرلەمان و ناوی ئامادە نەبووانی دانیشتنی پێشووی بەمۆڵەت و بێ مۆڵەت خوێندەوە.

بەپێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكە كە بریتی بوو لە دەنگدان لەسەر  هەردوو پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای نەوت و گاز و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان، ژمارە 8ی ساڵی 2008، هەریەكەیان بەجیا لەلایەن لێژنەی كاروباری یاسایی و لێژنەی تایبەتمەند بەهەریەك لەو دوو پڕۆژەیاسایە، راپۆرتی هاوبەش بەڕەچاوكردن و جێكردنەوەی سەرجەمی ئەو سەرنج و تێبینی و پێشنیازانەی كە لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان له دانیشتنی پێشووتردا لەكاتی خوێندنەوەی دووەمی پێشنیازەیاساكە خرابوونە روو، دوای بەجیا خوێندنەوەی سەرجەمی ئەو پێشنیازانەی كە بۆ هەر مادەیەك لە مادەكانی هەردوو پڕۆژەیاساكە بەپێشنیازی لێژنەی هاوبەشیشەوە كە هەبوون، به ناونیشان و هۆكارەكانی دەرچوواندنی بەجیا خرانە دەنگدانەوە پەسندكران، بەمجۆرە یاسای نەوت و گاز بەدەنگی 79 ئەندامی پەرلەمان پەسندكرا و یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگەش بەدەنگی 79 ئەندامی پەرلەمان پەسندكرا.

بەپێی خاڵی دووەم و كۆتایی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش، لەلایەن لێژنەی كاروباری یاساییەوە بەجیا خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەردوو پێشنیازەیاسای لیژنەی ئۆڵۆمپیی هەرێمی كوردستان و پێشنیازەیاسای سەندیكای بایلۆجیی هەرێمی كوردستان كرا و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانیشەوە ئاڕاستەی لێژنە تایبەتمەندەكان و سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان كران.

لە كۆتایی دانیشتنەكەشدا سەرۆكی پەرلەمان لە وتەیەكی كورتدا رایگەیاند: لە 1_7_2022 ەوە وەرزی یاسایدانان رادەوەستێت، بەڵام دەوامی رۆژانە لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، ئەندامانی پەرلەمان بە سەرۆكایەتییەوە پابەندی دەوامی ئاساییی خۆیان دەین، لێژنەكانی پەرلەمان كە بە نووسراو ئاگادارتان دەكەینەوە، جارێكی تر بۆتان ئەنێرینەوە كە واجب و ئیلتیزاماتی خۆمان، هەموومان بەیەكەوە بەهاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆكایەتی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئامادەكردنی راپۆرتەكان بەردەوام دەبێت، لەو حاڵەتەی كە راپۆرتێكی گرنگ، پەیوەست بە ژیانی خەڵك یا پەیوەست بە یاسایەك، كە گرنگ بێت دەنگی لەسەر بدرێت و گفتوگۆ بكرێت، لە مانگی 7 و 8 دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان گرێ دەدەین.

وتیشی: بۆ هەموو لایەكی دووپات ئەكەینەوە پشوو نییە لە پەرلەمانی كوردستان، دەوامی رۆژانەی سروشتی، ئاسایی هەیە، هەمووشمان پابەندین بە ئامادەكاری بۆ وەرزی نوێی یاسادانان كە زیاتر لە 12 پێشنیازەیاسا ئێستا لە پلانی سەرۆكایەتیی پەرلەماندایە بۆ وەزرزی نوێ، چاوەڕوانیمان ئەوەیە لێژنەكانی پەرلەمان ڕاپۆرتی خۆیانی لەبارەوە ئامادە بكەن.

PUKmedia راگەیاندنی پەرلەمانی كوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket