riklam

پەرلەمانی كوردستان: چەك لە ژیانی ئاسایی خەڵك دوور بخرێتەوە

کوردستان 05:23 PM - 2022-06-28

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان هێرشكردنەسەر دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین لەهەولێر ئیدانە دەكات و ڕایدەگەیەنێت پێویستە چەك بە هەموو شێوەیەك لەژیانی ئاسایی خەڵك دوور بخرێتەوە.

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لە پەیامێكدا كە وێنەیەكی بۆ PUKmedia نێردراوە ڕایگەیاند: پێویستە یاساكانی قەدەغەكردنی هەڵگرتن و بەكارهێنانی چەك ڕێكخرێتەوە و سنوور بۆ تاوانەكان دابنرێت. 

ئەمەش دەقی پەیامەكە: 

زۆر دڵگران و خەمباربووین بەبیستنی هەواڵی هێرشكردنەسەر دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین و گیانلەدەسدانیان، كە دوو كەسایەتیی زانستیی دیاربوون لە كوردستان.

ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، دووپات لە گرنگیی هەوڵەكانی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە بۆ دەركردن و ڕێكخستنی یاساكانی قەدەخەكردنی هەڵگرتن و بەكارهێنانی چەك و پێویستە چەك بەهەموو شێوەیەك لە كۆمەڵگە و ژیانی ئاسایی خەڵك دوور بخرێتەوە و سنوورێك بۆ ئەو تاوانكارییانە دابنرێت. 

دەستخۆشیش لە هێزە ئەمنییەكان دەكەین كە توانیان بەزووترین كات تاوانبار دەستگیر بكەن و داواش لە دادگاكان دەكەین بەپێی یاسابەركارەكان تووندترین ڕێكاری لەگەڵ بگیرێتەبەر و هیچ ئاسانكارییەكی بۆ نەكرێت، بۆئەوەی نەبێتە هۆكار بۆ زیادبوونی ئەوجۆرە تاوانكارییانە، كە هاوشێوەی كەمە و بە كلتووری ئێمە نامۆیە و هەرگیز كەس زاتی بەرزكردنەوەی سەری نەكردووە لە ئاست مامۆستا و زاناكاندا، نەوەك تەقەكردن لێیان.

دووبارە خەمباری خۆمان بۆ شەهیدبوونی پڕۆفیسۆر د. كاوان ئیسماعیل- ڕاگری كۆلێژی یاسا و پ.ی.د. ئیدریس حەمەخان- مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاری، دووپات دەكەینەوە و سەرەخۆشی لە خۆمان و كەسوكار و بنەماڵە بەڕێزەكانیان دەكەین، لە خوای گەورە داوارین سەبووری بەهەموو لایەك ببەخشێت و هەردوو مامۆستای شەهیدیش بەبەهەشتی بەرینی خۆی شاد بكات.
سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان

٢٠٢٢/٦/٢٨
PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket