riklam

یەكێتی لەبەغدا رۆڵی كاریگەری هەیە

کوردستان 05:09 PM - 2022-06-28

رۆڵی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەعیراق بەرزدەنڕخێنرێت و رۆشنبیران و چاودێرانی سیاسییش ئاماژە بۆ ئەوەدەكەن، یەكێتی لەهەموو قۆناغەكانی خەباتیدا هەوڵی یەكخستنی دەنگی كوردو سەرجەم پێكهاتەكانی عیراقی داوە لەپێناو ژیانێكی شایستە بەخەڵكی عیراق، رۆڵی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانیش سەرۆكی یەكێتی، وەك جێگرەوەی سەرۆك مام جەلال وەسف دەكەن.

ماڵی مام لە بەغدا كۆكەرەوەی لایەنە عیراقییەكان
شەوی رابردوو  جارێكی تر ماڵی مام لە بەغدا بووە شوێنی كۆكردنەوەی لایەنە عیراقییەكان و  بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە پێكهاتبوون لە نوری مالیكی، هادی عامری، قەیس خەزعەلی و موسەننا سامەرائی لە هاوپەیمانی عەزم و رەیان كلدانی لە بزووتنەوەی بابلیون.
 لەكۆبوونەوەیەكی گرنگدا دوایین هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق تاووتوێكراو گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەكان و یەكخستنی هەوڵەكان بۆپێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق كراو جەخت لە دروستكردنی حكومەتێكی بەهێز كرایەوە كە توانای زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەكانی هەبێت.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا داواكرا هەوڵەكان خێرا بكرێن تاوەكو بەزووترین كات حكومەتێكی نیشتمانیی خزمەتگوزار دروستبكرێت كە كار بۆ بونیادنانی داهاتوویەكی سەقامگیر بكات و لەهەموو ئاستەكاندا خزمەتگوزاری پێشكەش بكات. جەختیش لەوە كرایەوە مافە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق پارێزراوبێت.

یەكێتی رۆڵی كاریگەری هەیە لەعیراق
چاودێران و مامۆستایانی زانكۆ رۆڵی یەكێتی لەكۆكردنەوەی لایەنەكان بەكاریگەر لەقەڵەمدەدەن، لەو بارەیەوە عەدالەت عەبدوڵڵا مامۆستای زانكۆ بۆ PUKmedia وتی: لەو بارودۆخەی ئێستای عیراقی تێكەوتووە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆڵی كاریگەری بینیوە لەیەكپارچەی خاكی عیراق و هەموو هەوڵێكی بۆ ئەوە بووە كە حكومەتێكی نیشتمانیی لەپێناو خزمەتكردنی خەڵك پێكبهێنرێت.
وتیشی: سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی توانیویەتی وەك جێگرەوەی باوكی سەرۆك مام جەلال، ماڵە گەورەكە لەبەغدا بكاتە جێی كۆكردنەوەی دەنگە جیاوازەكان و هەموو هەوڵێكی بۆ كەمكردنەوەی جیاوازییەكانە لەنێوان لایەنەكان لەپێناو پێكهێنانی حكومەتێكی نیشتمانیی گشتگیر بۆ خزمەتی خەڵك.
ئەوەشی خستەڕوو: لەخەباتی خۆیدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵی یەكدەنگی كوردو نزیكبوونەوەی لایەنەكانی داوە تا پێكەوە خەباتێكی مەدەنی و خزمەتكاری خەڵك هەم لەهەرێمی كوردستان و هەمیش لەعیراق بێتە ئاراوە، كە بێگومان ئەوەش ئەو سیاسەتە راستەیە كە یەكێتی لەسەر بونیاد نراوە.

یەكێتی نەبووەتە بەشێك لەناكۆكی و پەرتكردنی لایەنەكان 
لەبارەی دیدی یەكێتی بۆ قۆناغەكانی ئێستاو داهاتووی عیراق ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی بە PUKmediaی راگەیاند: یەكێتی هەر لەدوای هەڵبژاردنەوە نەبووەتە بەشێك لەناكۆكی و پەرتكردنی لایەنەكان، بەپێچەوانەوە بەهەوڵی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هەموو هەوڵێكی بۆ یەكخستنی لایەنەكان بووەو لەو چوارچێوەیەشدا چەندینجار ماڵی مامی لەبەغدا كۆكردنەوەی لایەنەكان بووە.

وتیشی: كۆبوونەوەكانی دوێنێی ماڵی سەرۆك مام جەلال لەبەغدا سەلمێنەری ئەوەیە كە یەكێتی هەمووكات هەوڵی یەكخستنی دەنگە جیاوازەكانی داوەو یەكێتی دەرفەتێكی دیكەی دا بەلایەنەكان تا حكومەتێكی گشتگیری نیشتمانیی لەبەغدا پێكبهێنرێت.
راشیگەیاند: كۆبوونەوەی لایەنەكان لەماڵی مام لەبەغدا هەم رێزگرتنە لەهەڵوێستەكانی خوالێخۆشبوو سەرۆك مام جەلال و هەمیش هەڵوێستی ئێستای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەخاتەڕوو كە چۆن خوازیارە لایەنەكان بگەنە ئەنجامێك بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هەمان سیاسەتی سەرۆك مام جەلال جێبەجێ دەكات
ستران عەبدوڵڵا باسی لەوەشدەكات كە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بەهەمان شێوە سیاسیەتی سەرۆك مام جەلال جێبەجێ دەكات، دەڵێت: سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی هەمان سیاسەتی سەرۆك مام جەلال لەبەغدا جێبەجێ دەكات و لەغیابی سەرۆك مام جەلال درێژە بەو سیاسەتە دەدات و هەمان شوێنی جوگرافی كە ماڵی مامە كردوەتەوە بە كۆكردنەوەی دەنگە جیاوازەكان، كە بێگومان هەر ئەوەش لەسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چاوەڕوان دەكرێت.

یەكێتی حكومەتێكی تەوافقی دەوێت
هەر لەو بارەیەوە د. بڕیار رەشید ئەندامی پەرلەمانی عیراق بۆ PUKmedia وتی: ئەوەی یەكێتی هەوڵی بۆ دەدات لەم بارودۆخەی ئێستای عیراقدا پێكهێنانی حكومەتی تەوافق كە بتوانێت وەڵامدەرەوەی داخوازییەكانی دانیشتوانی عیراق بێت، یەكێتی لەچوارچێوەی كۆكردنەوەی لایەنەكان لەماڵ مام لەبەغدا جارێكی دیكەی ئەوەی سەلمانەوە كە یەكێتی حزبێكە بۆ بەرژەوەندی خەڵكی خستوەتە پێش بەرژەوەندییەكانی حزبەكەیەوەو ئەوەشی بەكردار سەلماندوە.
 وتیشی: یەكێتی لەهەموو قۆناغەكانی عیراقدا هەم لەسەر دەستی سەرۆك مام جەلال و هەمیش لەسەردەمی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانیدا دەرچەیەكی دۆزیوەتەوە بۆ ئەو دۆخە چەقبەستووەی عیراق و بۆ ئێستای عیراقیش لەهەوڵی پێكهێنانی حكومەتێكی خزمەتگوزارە.

لایەنەكان چاویان لەهەوڵەكانی سەرۆكی یەكێتییە
لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی نایشارێتەوە كە حزب و لایەنە سیاسیەكانی عیراق چاویان لەهەوڵەكانی یەكێتی و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانییە.
رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە PUKmediaی رایگەیاند: حزب و لایەنە سیاسیەكانی عیراق چاویان لەهەوڵەكانی یەكێتی و سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانییەو یەكێتی وەك حزبێكی میانڕەو لەچوارچێوەی سیاسی عیراق بووەو لەئێستاشدا لایەنە شیعەكان هەوڵەكانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ لێكنـزیكبوونەوەی لایەنە شیعەكان بەرزدەنڕخێنن هیوایان بەهەوڵەكانی سەرۆك بافڵ هەیە.
PUKmedia تایبەت


ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket