riklam

زانكۆی سەلاحەدین رۆژێكی خوێناوی بەڕێكرد

ڕیپۆرتاژ 12:32 PM - 2022-06-28

زانكۆی سەلاحەدین رۆژێكی خوێناوی بەڕێكرد، دوو مامۆستای زانكۆكە لەلایەن خوێندكارێكی زانكۆی سۆرانەوە كوژران و كارمەندێكیش بریندار كرا، بكوژەكەش لەنزیك بازگەی ئاسایشی مەلا ئۆمەر دەستگیر كرا، هاوكات ئەنجوومەنی زانكۆی سەلاحەدینیش رایگەیاند، گیانی مامۆستایانمان پارێزراوە .

 

دوو مامۆستای زانكۆی سەلاحەدین كوژران

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ 28-6-2022، خوێندكارێكی زانكۆی سۆران بەناوی (ئ. م. ق) تەقەی لە د. كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین و كارمەندێكی زانكۆكە كرد و برینداری كردن، بەهۆی سەختی برینەكەی د. كاوان ئیسماعیل-ەوە كە گولـلەی بەركەوتبوو نەتوانرا چارەسەر بكرێت و دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە گیانیلەدەستدا.

هەر دوابەدوای تەقەكردن لە د. كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین و كارمەندێكی زانكۆكە، تەقەكەرەكە چووەتە ماڵی مامۆستایەكی كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەلاحەدین بە ناوی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان و كوشتوویەتی كە لە كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون لە نزیك زانكۆكە ژیاوە.

 

كێشەكە بەهۆی گواستنەوەوە بووە
لە سەرەتای رووداوەكەشدا پۆلیسی هەولێر رایگەیاند: بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان كێشەكە بەهۆی گواستنەوە بووە، ئەو خوێندكارە چەند جارێك داوای گواستنەوەی بۆ زانكۆی سەلاحەدین كردووە.

 

بكوژەكە لادەرێكە لە یاسا
هاوكات ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو تۆمەتبارەی ئەمڕۆ تەقەی لە راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەلاحەدین كرد و مامۆستایەكی كۆلێژی ئەندازیاری، پێشتر لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە و لادەرێكە لە یاسا. 

وتیشی: تۆمەتبارەكە جگە لەم دوو مامۆستایە، هەڕەشەی لە كۆمەڵێك مامۆستا كردووە، خوێندكارێكی زانكۆی سۆران بووە و كێشەیەكی هەبووە و فەسڵ كراوە بۆیە لە زانكۆی سەلاحەدین وەرنەگیراوە.

هاوكات لەبارەی برینداری سێیەمەوە كە پاسەوانی كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدینە، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: تەندروستی باش و جێگیرە.

 

بكوژی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەلاحەدین دەستگیر كرا
پەیامنێری PUKmedia  لە هەولێر رایگەیاند: دوای گیانلەدەستدانی هەریەك لە د. كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین و د. ئیدریس عیزەت حەمەخان مامۆستای بەشی ئەندازیاری زانكۆكە، بكوژی ئەو دوو مامۆستایە لەنزیك بازگەی ئاسایشی مەلا ئۆمەر دەستگیركراوە.

 

بۆ پاراستنی حەرەمی زانكۆ هەموو رێكارێكی یاسایی دەگیرێتەبەر

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێم ئیدانەی رووداوی تەقەكردن لە دوو مامۆستای زانكۆی سەڵاحەدین-هەولێری كرد و  رایگەیاند، لە رووداوێكی نەخوازراو و چاوەڕوان نەكراودا، بە چەك هێرش كرایە سەر حەرەمی زانكۆ و لە ئەنجامدا د. كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسای زانكۆی سەڵاحەدین و د. ئیدریس حەمەخان مامۆستای كۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین كوژران و یەكێك لە كارمەندەكانیش بریندار كرا، بۆیە لەپێناو سەروەری یاساو پاراستنی حەرەمی زانكۆكان هەموو رێكارێكی یاسایی دەگرینە بەر، هیواشمان وایە هەموو مامۆستایان و خوێندكاران و كۆمیونیتی ئەكادیمی زانكۆكان پێكەوە هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی نەهێڵین ئەم دیارەدە دزێوانە بپەڕنەوە ناو حەرەمی زانكۆكان و پەرەبسێنێت.

گیانی مامۆستایانی زانكۆی سەلاحەدین پارێزراوە؟
دوای رووداوەكەش ئەنجوومەنی زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: رووداوەكە لە ئەنجامی پێشینەی مامەڵەی نەقلكردنی خوێندكارێك بووە بەر لە دوو ساڵ، ئەمڕۆ هەمان خوێندكار هەڵیكوتایە سەر ‌ ئۆفیسی پڕۆفیسۆر د.كاوان ئیسماعیل راگری كۆلێژی یاسا و ماڵی پ.ی.د. ئیدریس حەمە خان مامۆستا لە كۆلێژی ئەندازیاری، لە ئەنجامدا هەردووكیان گیانیانلەدەستدا و  كارمەندێكی كۆلێژی یاسا بریندار بوو، وێڕای سەرەخۆشی لە خانەوادەی مامۆستایانی شەهید، هیوای چاكبوونەوە بۆ بریندارەكەش دەخوازین و  دڵنیاتان دەكەینەوە، پڕۆسەی خوێندن بەردوام دەبێت و گیانی مامۆستایانمان پارێزراوە.

PUKmedia  ژینەر محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket