riklam

زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەرێم لە روسیا دابیندەکرێت

کوردستان 07:41 PM - 2022-06-27

لەکۆبونەوەی قوباد تاڵەبانی و کونسوڵی روسیادا باس لە چۆنییەتی زیادکردنی زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد کرا لە زانکۆکانی روسیا.

 

ئەمڕۆ دووشەممە 27-6-2022 لە هەولێر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران لەگەڵ ئۆلیک لێڤنین کۆنسوڵی گشتی کۆماری روسیا لە هەرێم کۆبووەوە و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتوری و زانستییەکانی نێوان روسیا و کوردستانیان کرد.

 

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی سیاسی عیراق و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا و جێگری سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەوەی پێویستە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکدەنگی بەشداری لە دانووستانەکاندا بکەن. داواشیکرد لایەنە عیراقییەکان لەپێناو پاراستنی سەقامگیری عێراقدا ئاستی داواکارییە حیزبییەکانی خۆیان کەم بکەنەوە و لە جیاتی ئەوە گفتوگۆ بکەن لەسەر چارەسەری بنەڕەتی کێشەکانی حکومڕانی و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.

لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە کلتوری و زانستییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی روسیا کرا. باس لە پێویستی پێکهێنانی دامەزراوەیەکی تایبەت کرا بۆ دروستکردنی پەیوەندیی زانستی لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و زانکۆکانی روسیا و بۆ ئەمەش خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی روسیا ئەندام بن لەو دامەزراوەیەدا تا رۆڵی زیاتر ببینین لە بەهێزکردنی پەیوەندی کلتوری و رۆشنبیری و زانستی لەنێوان دوو وڵاتدا.

 

هەر لەم چوارچێوەیەدا باس لە چۆنییەتی زیادکردنی زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی کورد کرا لە زانکۆکانی روسیا و کۆنسوڵی روسیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ دابینکردنی ژمارەیەکی زیاتری زەمالەی خوێندن بۆ خوێندکارانی هەرێم.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان مۆزەخانەکانی کوردستان و روسیا. کۆنسوڵی روسیا ئاماژەی بەوەدا پلانیان هەیە بەم نزیکانە سەردانی سلێمانی و مۆزەخانەی سلێمانی بکات بۆ دروستکردنی پەیوەندیی و هاوکاری لەنێوان مۆزەخانەی سلێمانی و چەند مۆزەخانەیەکی روسیا.

 

PUKmedia 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket