riklam

حەسەن زیرەكم چۆن ناسی ....

کوردستان 06:45 PM - 2022-06-26

حەسەن زیرەكم چۆن ناسی و چۆن بردم بۆ رادیۆی كوردی بەغدا؟

مام جەلال
بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی (۱۹۵۴-۱۹۵۳)، لەگەڵ هاوڕێی دێرینم كاك مستەفا قەرەداغی كە تازە لە ئەمریكا هاتبوەوە، پێكەوە لەژورێك دەژیاین، 
لە ئوتیل(شیمال الكبیر)ی خوالێخۆشبوو كاكە حەمە، لەو ئوتێلەشدا حەسەن زیرەك وەك كرێكار كاری دەكرد،
منیش ئەوسا وەك لاوێكی چەپی خۆ بە ماركسیست زان عەوداڵی هۆشیار كردنەوە و ڕێكخستنی ڕەنجدەران و كرێكاران بووم، بۆیە دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداكرد، كەزانیم كوردی كوردستانی ئێرانیشە ئیتر ترسم لێی ڕەویەوە كە سیخوڕی عێراق بێت، بۆیە زووتر لە گەڵیا چومە ناو باسەكەوە و لەڕێی كوردایەتیەوە ڕامكێشا بەلای خۆمدا،
تا وای لێ هات ئەو بڵاوكراوانەی نهێنی چی هی خۆمان و چی هی حیزبەكانی تر لای ئەوم دادەنا و ئەویش لە ژورەكەی سەرەوەی ئوتێلەكە بۆی دەشاردمەوە،
شەوانیش ناو بە ناو كە ئیشی كەم دەبوو دەهاتە لام لە ژوورەكەم تا ڕۆژێكیان بە سەری داچوم گۆرانی (كیژان دەچنە مێرگوڵان )ی
دەگوت منیش تاوێك هەستم لێ ڕاگرت و گوێم لێ گرت و زۆر بە لامەوە خۆش بوو،
ئیتر پیرۆزبایم لێ كرد و تەشویقم كرد،
شەویش كە دەهاتە ژورەكەمان داوام لێ كرد گۆرانیەكم بۆ بڵێتەوە بەڕاستی زۆرم بەلاوە خۆش بوو، ئەویش هەندێ گۆرانی تری فۆلكلۆری كوردی بۆ گوتین، كە لە ناویاندا (دەسماڵ حەریری سوورە)شم زۆر بە لاوەخۆش بوو ئیتر لە گەڵ كاك حەسەن زیرەكی هەڤاڵ و دەنگ خۆش دا تا دەهات بەینمان خۆش تر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ كارەكانی لە سەر سوك دەبوون، دەهاتە لام لە ژورەكەمان و گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین، پاش ماوەیەك دیتم دەنگی خۆشەو بە تایبەتی شارەزایەكی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلكلۆری كوردیدا، بۆیە كەڵ كەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەیم بە ڕادیۆ كەوتە سەر، بۆیە هەڵسام چوومە لای كاك عارف تاڵەبانی خزممان كە ئەوسا مفتش ئیداری بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و زۆر دۆستی مدیری ئیزاعەی كووردی بەغداد بوو، لە لای كاك عارف باسی حەسەن زیرەك و گۆرانیەكانیم بۆ كرد، ئەویش بەلایەوە باش بوو كە بیبەینە ئیزاعەی كوردی بەغدا ، هەر بۆیەش لە بەر چاوی خۆم قسەی لەگەڵ مدیری ئیزاعەی كوردی كردو و ئەویش ڕازی بوو، داوای كرد من حەسەن زیرەك بەرمە لای و ئەوانیش تاقی بكەنەوە ئەوە بوو منیش چوم بۆ ئوتێل و موژدەكەم دا بە حەسەن زیرەك ئەویش لە خۆشیدا قاچی ئەرزی نەدەگرت، بۆ ڕۆژی دوەم كە بردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعەی كوردی زۆر لە سەر خۆ لەتاقی كردنەوەكاندا بەشداری كرد و سەركەوتوو بوو، لەو ڕۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانی بێژ بەو شەرتەی هەفتەی جارێك بچێت گۆرانی بڵێت و هەر جارەی ۳ یان ۴ دیناری بدرێتێ ئەوەش ئەوی ڕۆژی زۆر زۆر بوو، چونكە ئەو لە ئوتێلەكە جگە لە خواردن و نوستن تەنها ۳دیناری وەر دەگرت، بەم جۆرە حەسەن زیرەك بو بە گۆرانی بێژ لە ڕادیۆی كوردی بەغداد، وەزعی مالیشی باش بوو هەر لە سایەیی خەبات گێڕیشدا بە كاك حەسەنە سورم ناساند كەئەویش كرێكار بوو لای كاك ئیبراهیمی مسەوەر، هەر دووكیانم لە شانەیەكدا كۆ كردەوە، هەر دوكیانیش بون بە هەڤاڵ، پاشان حەسەن زیرەك خوشكی حەسەنە سوریشی هێنا،
هەر چەند ئەم ڕاستیانەی سەرەوە وا بۆ یەكەمین جارە بڵاو دەكرێتەوە بەڵام خانمی حسن زیرەك لێی ئاگادارە،
خوالێخۆشبوو خۆشی جارێكیان باسی كردوە، بەڵام چونكە لە زەمانی شادا نەی دەوێرا ناوی من بهێنێت دەڵێ یەكێك ئەوی بردوەتە ڕادیۆ كە پێیان دەگوت مام.

PUKmedia سەرچاوە.. گۆڤاری خاك ژمارە 50 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket